راچڵەكین -
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەكۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیاری یەكخستنی ڕێكارەكانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ، پەسەند دەكات و وەزارەتەكانیش رادەسپێرێت بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوكردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆكوەزیران لە وتەیەكدا ئاماژەی بە چەند خاڵێك كرد وەك: بە گرێبەستكردنی وانەبێژان، سەرۆكوەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان كرد كە بڕیار درا لە سەر داهاتی ناوخۆ بكرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتكردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی حكوومەت هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەكانیان لە حكومەتی فیدراڵ كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەر درا و پەسەند كرا. لە سەر ئاستی حكوومەتی فیدراڵیش دواجار توانرا بگەینە ڕێككەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان بە هاوتاكراوی لەگەڵ خانەنشینانی حكومەتی فیدراڵ وەرگرت. گوتیشی خانەنشینان دڵنیا دەكەینەوە كە هەمیشە پاڵپشتی داوا و داخوازییە ڕەواكانیان دەبین و ئەم بەشە ماندووەی هەرێمی كوردستان كە بەشێكی زۆری ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گشتیی تەرخان كرد شایانی هەموو پشتیوانییەكن.
لە كۆتایی گوتەكەیدا، سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كرد كە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێبكات، لەم ڕووەوە سەرۆك وەزیران گوتی بێگومان لایەنە سیاسیەكان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو وڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان چۆن بانگەشە بكەن، بەڵام داوایان لێ دەكەم كە بە شێوەیەكی شارستانی و دوور لە سووكایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بكەن ، چونكە هەموومان كوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بكەین.
لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی كۆبوونەوەكە، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یەكخستنی ڕێكارەكانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە لایەن ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارەكەی وەك خۆی پەسەند كرد لە پێناو یەكخستنی ڕێكارەكانی تایبەت بە سیستمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم و دەسەڵاتەكانی كە لەناو دەستووری عێراق جێگیر كراون. وەك ئاشكراشە، لە دوای ساڵی 2014 ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، دابڕانێكی تەواو ڕوویدا لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كە بووە هۆی پەیڕەوكردنی دوو سیستمی دارایی و ژمێریاریی جیاواز لە لایەن وەزارەتی دارایی هەردوولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای پەیوەندیی هەردوو حكوومەت، ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێكخستنەوەی پەیوەندی دارایی و ژمێریاریی هەردوولا و چارەكردنی زۆربەی سەرنج و تێبینیەكانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاكی حكوومەتی هەرێم و یەكخستنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق كە ئەمەش لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە كە بە هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینی دەستی پێ كرد.
پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە كۆتایی حەفتەی ڕابوردوو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین كارەكانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو كە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەكنیكیەكان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم بوو كە لە ماوەی پێشوو ڕێكاری پێویستیان وەرگرتووە سەبارەت بە ڕاسپاردە و سەرنجەكانی وردبینی هاوبەش و پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی ومیلاك و لیستەكانی مووچە، بەجۆرێك بەهانە و بیانووی تەكنیكی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجكردنی مووچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانە ڕوو كەوەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەممووز و ئاب خەرجی كردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەكانی ڕاسپارد كە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوكردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران و پەلەكردن لە چالاككردنی بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستمی پێدانی مووچە. لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەواوكاریی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بكەن تاوەكوو حكومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیكترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق، كە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن.
لە كۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجوومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرد كە وا بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسێیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان وەزارەتەكانی هەردوولا ئەنجام بدرێت، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم كۆبوونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانكاتدا حكوومەتی هەرێم ئەم كۆبونەوەیە بە دەرفەتێكی پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیكەوە ڕووبەڕوو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردوو حكومەتی هەرێم وفیدراڵ گفتوگۆی جیدیی لەسەر دۆسێیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو لا بكرێت كە تائێستا چارە نەكراون لە گشت بوار و كەرتەكاندا.
ئەنجوومەنی وەزیران سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ ئامادەكاریی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و سكرتاریەتی ئەنجوومەنی فیدراڵیی ئابووری، هەروەها وەزیرە بەڕێزەكانیش ڕاسپێردران بە پێی تایبەتمەندییان، پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بكەن لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیار و ڕاسپاردەی هاوسەنگ و پێویست بە ڕەچاوكردنی دەسەڵاتە جێگیركراوەكانی هاتوو لە دەستووریی عێراق لە پێناوی چارەكردنی بنەڕەتی كێشەكان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ كاركردنی پێكەوەیی نێوان هەردوو حكوومەت لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و باشتركردنی بژێوی ژیانیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.