وڵاتێكی ئەوروپا هێز رەوانەی عێراق دەكات

عێراق

17/02/2020     ژمارەی بینراو 399

هێزەكانی دانیمارك دەگەڕێنەوە بۆ عێراق

راچڵەكین

حكومەتی دانیمارك لەچوارچێوەی هێزەكانی ناتۆ، بەشێك لە هێزەكانی رەوانەی عێراق دەكاتەوەو لە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لەپاڵ هێزەكانی ئەمریكا جێگیریان دەكات.

ترین برامسن وەزیری بەرگری دانیمارك، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ 17-2-2020 ئەنجامیدا، رایگەیاند، هێزانەكانمان بۆ عێراق دەگەڕێنینەوەو لەسەرەتای مانگی داهاتووش دەست بە ئەركەكانی سەرشانیان دەكەنەوە.

بە وتەی برامسن، ژمارەی هێزەكانیان 140 سەربازەو لەدوای هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆسەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، لەپێناو پاراستنی گیانیان گواسترانەوە بۆ كوێت.

دانیمارك كە لەسەرتای شەڕی دژ بە داعش، ژمارەیەك لە هێزەكانی لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش، رەوانەی عێراق كرد، ئەركەكانیان بریتی بوو لە مەشق و راهێنان بە هێزەكانی عێراق.

لەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریكاوە، هێزەكانی ئەو وڵاتە سەرجەم چالاكییەكانی لەعێراق راگرت و لەدوای هێرشە موشەكییەكەی ئێرانیش بۆسەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، سەرجەم سەربازەكانی بۆ وڵاتی كوێت گواستەوە.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن