لەكەلار هاووڵاتییان سندوقی هاوكاری بۆ كارمەندانی تەندروستیی دادەنێن

ڕاپۆرت

01/07/2020     ژمارەی بینراو 582

راچڵەكین-

لە شاری كەلار بەمەبەستی هاوكاریكردنی كارمەندانی تەندروستیی و پزیشكان كە لەڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادان و لەسەرەتای ئەمساڵەوە تەنها سێ مووچەیان وەرگرتووە، بەمەبەستی هاوكاریكردنیان و پێدانی مووچەكانیان، سندوقێكی هاوكاری دادەنرێت.

ناوچەی گەرمیان یەكێكە لەو ناوچانەی كە دانیشتوانەكەی لەدوای ٣١ی ئایارەوە رووبەرووی هەڵكشانی دووەمی پەتای كۆرۆنا بوونەوە و ئەمەیش زۆربەی فەرمانگە فەرمیەكانی ناوچەكەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەر لەسەرەتای پەیدابوونی نەخۆشیەكە لە مانگەكانی شوبات و ئازاردا لە شاری كەلار و لەسەر دەستی خێرخوازان بنكەیەكی تەندروستیی تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەكان تایبەت بە كۆرۆنا دروست كراو، ئەمەش وەك یەكەم حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەدا، هاووڵاتییانی گەرمیان و كەلار دووربوون لە ڤایرۆسەكە، خەڵكی هۆكاری ئەمەشی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە كە ناوچە پلەكانی گەرمای تیادا بەرزە و ڤایرۆسەكە توانای گەشەكردنی نییە تیایدا، بەڵام پێچەوانەی هەموو ئەم بۆچوونانە، لەگەڵ هەڵكشانی دووەمی ڤایرۆسەكە و تووشبووان بە كۆرۆنای نوێ، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی كەلار و ناوچەكانی تری گەرمیان تووشی پەتا جیهانیەكە بوون. 


سیروان محەمەد

 

وەك سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان، ئاماژەی پێ دەكات، هۆكاری سەرەكی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تێكەڵبوونی خەڵكی ناوچەكەبوو لە مانگی ئایاردا لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ خەڵكی پارێزگای دیالە و تێكەڵبوونی بازرگانیی لەگەڵ دانیشتوانی پارێزگای كرماشانی ئێران بەهۆی دەروازەی سنووریی پەروێزخان-ەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكەدا بۆ جاری دووەم لە سەرەتای مانگی ئایاردا، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەجۆرێك لە جۆرەكان خۆی ئامادەكردبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی، بۆیە تا ئێستا هیچ كێشەیەكی بەرچاو لە ناوچەكەدا لەڕووی تەندروستییەوە رووی نەداوە.

سیروان محەمەد، دەڵێت، "ئیدارەی گەرمیان لەسەرەتاوە توانای وەرگرتنی ٥٠ نەخۆشی هەبووە كە ئەمەیش ژمارەیەكی كەم بوو بۆ ناوچەی گەرمیان، هاوكات نەخۆشخانەیەكی زۆر كۆنە و سیستەمی ناوەندیی ئۆكسجینی تیادا نییە، گونجا و نەبوو بۆ چاودێریكردنی توشبووانی كۆرۆنا، بۆیە بیر كرایەوە لە دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی نوێ بە سیستەمێكی تەواو جیاواز و نوێوە كە لەسەر ئەركی خێرخوازان دروست كرا".

دوای ئەوەی نەخۆشخانەكە تەواو دەبێت، وەك بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان ئاماژەی پێ دەكات، بەهۆی نەبوونی كارمەندی تەندروستییەوە كە بەشێك لە كارمەندان و پزیشكان لە مانگرتندابوون، كەمی توانای نەخۆشخانەی كەلار بۆ بەرەنگاریی ڤایرۆسەكە و چارەسەرییەكان، وای كرد كە گەرمیان رووبەڕووی كێشەی گەورەی تەندروستیی ببێتەوە و ئەمەیش ناڕەزایەتی خەڵكی ناوچەكەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بینای تازەی نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا لە كەلار تەواو دەبێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی كارمەندەوە ناكەوێتە كار و لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی كۆرۆنا لە گەرمیان، تا دەهات نەخۆشخانە ٥٠ قەرەوێڵەییەكە توانای بەرەنگاری نەبوو، ئەمەیش هاووڵاتییانی ناوچەكەی توڕە كرد و لە هەندێك شوێن هێرشیان كرد سەر نەخۆشخانەكان بەبیانووی كەمی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە.

سیروان محەمەد ئاماژە بەوە دەكات،بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشك و كارمەندەوە لەلایەن وەزارەتەوە، نەتوانراوە نەخۆشخانە تازەكەی تایبەت بە كۆرۆنا لە كەلار بكەوێتە كار و دەڵێت "بەهۆی بایكۆت و پێنەدانی مووچەوە، نەتوانرا نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا لە كەلار بخرێتە كار، بەهۆی ئەوەی دامەزراندن و گرێبەست لە سەرجەم فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمدا وەستاوە، نەتوانرا فەرمانبەر بۆ نەخۆشخانەكە دابنێین، ئەوەبوو نەخۆشخانەكە خەریبوو بەبێ سوود بمێنێتەوە بێ ئەوەی هیچ كەڵكی لێوەبگیرێت، هاوكات ئەمە نزیك بوو لەوەی پشێوی لە شاری كەلاردا دروست بكات، چونكە نەخۆشخانەكەی پێشووتر توانای دابینكردنی تەواوی خزمەتە تەندروستییەكانی نەخۆشخانی كۆرۆنای نەبوو".

زۆری ژمارەی تووشبووان لە گەرمیان سیستەمی تەندروستیی لە ناوچەكەدا تەنگەتاو دەكات و تا دەهات ناڕەزایەتی هاووڵاتییانیی لێدەكەوتەوە، هەر بۆیە پزیشكێك بەناوی سەركەوت كاكەیی پرۆژەیەك پێشكەش بە ئیدارەی گەرمیان دەكات بۆ جێگیركردنی كارمەندی كەرتی تایبەتی تەندروستیی لەو نەخۆشخانەیەی كە تازە دروست كراوە بۆ تووشبووانی كۆرۆناو زیاتر لە ٧٠ بێدی نەخۆشی تیادایە كە ١١یان تایبەتن بە ئۆكسجینی دەستكرد.

سیروان محەمەد، ئاماژە بەوە دەكات كە پرۆژەكە بریتی بوو لەوەی چەند كارمەندێكی خۆبەخش بهێنرێنە نەخۆشخانەكە، دوای ئەوەی كە مووچەیان وەرنەگرتبوو لە حكوومەت لە نەخۆشخانەكە جێگیر بكرێن و لەڕێی سەرمایەداران و خێرخوازانەوە مووچەكانیان بۆ دابین بكرێت، تاكو چیتر پرۆسەی چارەسەریی لە گەرمیان دوانەكەوێت.

دوای ئەوەی پرۆژەكە دەبرێتە ئیدارەی گەرمیان لە پاش كۆبوونەوەی ئیدارەكە لەگەڵ سەرمایەداران و خێرخوازانی ناوچەكە، بە دوو سولفە بڕیار دەدرێت مووچەی دوومانگی كارمەندەكانی ئەو نەخۆشخانەیە دابین بكرێت و نەخۆشخانەكە بخرێتە كار.

 بەڕێوەبەری كاروباری مرۆیی ئیدارەی گەرمیان، بێستوون ژاڵەیی ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی پرۆژەی ئەو دكتۆرە دەهێندرێتە ئیدارەكە، كۆبوونەوەی لەسەر كراوە و دواتر بڕیار دراوە كە ئیدارەی گەرمیان وەك مانگی یەكەم مووچەی كارمەندەكان دابین بكات و بۆ مانگی دووەمیش لەگەڵ چەند سەرمایەدار و خێرخوازێك قسە بكەن تاكو بتوانن گەرمیان لەو دۆخە ناهەموارە رزگار بكەن.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان ئاماژە بەوە دەكات، دوای ئەوەی پرۆژەكە لەلایەن ئەو دكتۆرەوە پێشكەش كراوە، بەمەبەستی دابینكردنی كارمەند و پزیشك لەلایەن كەرتی تایبەتەوە و دابینكردنی مووچەكانیان لەسەر ئەركی چەند خێرخوازێك و دەڵێت "لە پرۆژەكەدا بیر لەوە كرایەوە كە كارمەندانی دانەمەزراو و گرێبەستەكانی تری نەخۆشخانەكان بنێرینە ئەو نەخۆشخانەیەی تایبەت بە كۆرۆنا، دواتر مووچەكانیان لەڕێگەیەكی تایبەتەوە دابین بكرێت، بەڵام راستەوخۆ لەژێر چاودێری خۆماندا وەك تەندروستیی كارەكانی رادەپەڕێنین".

دوای ئەوەی كە خێرخوازان و سەرمایەدارانی ناوچەكە بەتەنگ داواكەوە دەچن، بڕی ٣٠ ملیۆن دینار دابین دەكرێت بۆ كارمەندان و پزیشكانی نەخۆشخانەكە، بۆ مانگی دووەمی كاركردنیان.

بێستون ژاڵەیی ئاماژە بەوە دەكات كە بری ٦٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەكە كۆكراوەتەوە بە دوو سولفە، ئەوانیش ٣٠ ملیۆن دینار بۆ مانگی یەكەم، بۆ مانگی دووەم ٣٠ ملیۆن دیناری تر كە لەلایەن خێرخوازان و سەرمایەدارانەوە دابین كردووە.

بێستون ژاڵەیی نەیشاردەوە كە ئێستا رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت هەڵساون بە دابینكردنی كەلوپەلی و پێداویستی، پاككردنەوە و دابینكردنی خواردەمەنی بۆ نەخۆش و كارمەندانی پزیشكیی لە نەخۆشخانەكە تاكو بەرەنگاریی ئەو قەیران ببنەوە كە ئیدارەكەیانی تێكەوتووە لەڕووی دارایی و تەندروستییەوە بەهۆی هەڵكشانی تووشبووانی كۆرۆناوە لە گەرمیان.

هەروەها سیروان محەمەد ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا نەخۆشخانەی  قەڵا تایبەت بە نەخۆشیە گوازراوەكان بەهەردوو بەشی چاودێری ورد و چاودێری گشتییەوە لەلایەن خێرخوازانی ئیدارەی گەرمیان-ەوە دروست كراوە و خراوەتە كار و سندوقی هاوكاری بۆ دابین كراوە.

 ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە سەرجەم بیناو كەلوپەلەكانی ناوی لەلایەن خێرخوازانەوە دابین كراوە كە سەرجەمی یەك ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار تێچوونەكەی بووە، لەوە تەنها ١٠٠ هەزار دۆلاری لەلایەن تەندروستیی گەرمیان-ەوە دابین كراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان گازەندەی ئەوە دەكات كە  دوو هەزار كارمەند و پزیشكی لە كەرتی تەندروستییدا كە لە ٢٠١٤ەوە خانەنشین كراون تا ئێستا هیچ پزیشك و كارمەندێكی  تەندروستیی لە بریان دانەنراوە كە ئەمەیش كێشەی كەمی پزیشكی پسپۆڕیی بۆ دروست كردوون و دەڵێت "داوا دەكەین ئەگەر بە گرێبەستیش بێت ژمارەیەك كارمەند و پزیشك و فەرمانبەری كارگێڕی بۆ ئەو شوێنە دابمەزرێنرێت، چونكە ئێستا چاودێری تووشبووانی كۆرنای نوێ دەكەن، تەنانەت ئەگەر یەك كارمەند لە نزیك ئامێری هەناسەدانی دەستكردەكە دووربخەیتەوە ئەگەر هەیە نەخۆشەكە گیانی لەدەست بدات. لەوێوە هەوڵ دەدەین، هیوامان هەیە بەڵام زۆر بەهێز نییە".


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن