وەفدی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ شیعەو سوننە لە كۆبوونەوەدان

عێراق

18/02/2020     ژمارەی بینراو 208

راچڵەكین

وەفدی هاوبەشی لایەنە كوردستانییەكان، لە بەغدا لەگەڵ شیعەو سوننە لە كۆبوونەوەدان بۆ گفتوگۆكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

وەفدە هاوبەشەكەی كورد، كە لەنوێنەرانی یەكێتی، پارتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی پێكهاتوون، ئێوارەی ئەمڕۆ 18-2-2020، سەردانی ماڵی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان لەبەغدا كردو لەگەڵ هەردوولایەنی شیعەو سوننە كۆبوونەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كە بڕیارە بەسەرۆكایەتی محەمەد عەللاوی پێكبهێنرێت.

لەوبارەیەوە، محەمەد كەربولی ئەندامی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان، لە تویتێكدا ئاشكرایكردووە، كۆبوونەوەكە لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان و هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەكان (سوننە) و هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە)  بەڕێوەدەچێت بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی هاوبەش و دیاریكراو بەرامبەر كابینەی نوێی حكومەت بەسەرۆكایەتی محەمەد عەللاوی.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بڕیارە سبەینێ وەفدە هاوبەشەكەی لایەنە كوردستانییەكان، چەند كۆبوونەوەیەكی دیكە لە بەغدا ئەنجام بدەن بۆ مسۆگەركردنی پشكی كورد لە حكومەتی نوێی عێراق.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن