گۆڕانكارییەكان بەڕێوەن

نەزهەت ‌حالی


14/09/2020

جیهانی سیاسەت لە گۆڕان دایە و گۆڕانكاری زۆر بەڕێوەن، زۆر شت كە لە بیر و خەیالی زۆر كەس جێگای نابێتەوە ڕوو دەدرێن،مرۆڤ لە ڕووی زانست و تەكنەلۆژیاوە هەر پێش دەكەوێت و زانست و تەكنەلۆژیای نوێ ژیانی مرۆڤ ئاسانتر و خۆشتر دەكەن، بەڵام چەكی نوێ و بكوژتر و خێراتریش بەرهەم دەهێندرێن، زل هێزەكان و هێزە اقلیمییەكان وەكو هەمیشە لە كێبڕكێ دان و بە دوای  بەدەست هێنانی سەرچاوەی سروشتی(مادەی خاو) و بازاڕی فراوانتر بۆ فرۆشتنی كالاكانیان و هەژموونی زیاتر دەگەڕێن.

هەرچەندە پەتای كۆڕۆنا كاریگەری هەبووە لە سەر سیاسەت و ئابووری جیهان بەڵام ئەو پەتایەش كۆتایی دێت، گۆڕانكارییەكان خێراتر دەبن و گوشارە دەرەكی و ناوخۆییەكان بۆ سەر وڵاتە دواكەوتووەكان زیاتر دەبن.

 لە ئێستادا لە بەر تەكنەلۆژیای زانیاری و سۆشیال میدیا خەڵك زۆر لە ڕابردوو ،وریاتر و هوشیارتر و هەستیارترە داوای ماف و بەشداری زیاتری سیاسی دەكەن، نەوەی ئەو سەردەمە وەكو نەوەكانی ڕابردوو نیە و زیاتر ئاشنایە بە جۆر و شیوازی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی وڵاتەپێشكەوتووەكان و خۆی و ژیانی لەگەڵ ئەوان بەراورد دەكات، ئەو نەوەیە حەز بە هەبوونی دەرفەتی گونجاو دەكات بۆ سەلماندنی خۆی و دەرخستنی تواناكانی بۆ بەرەو پێش بردنی خۆی و وڵاتەكەی.

 حەز و پێداویستییەكانی مرۆڤ بە پێی وتەی زانایان تەنیا لە شتە مادییەكان سنوردار نابێت بەڵكو هەر كەسێك دەیەوێت ڕێز و تەقدیر و پێگەی بە پێی شیان و شیاوی لە نێو كۆمەڵگادا هەبێت، هەربۆیە گوشاری گەنجەكان بۆ سەر دەوڵەت و حوكمەتەكان بۆ بەدەست هێنانی دەرفەتی زیاتر و بە دەست هێنانی پێداویستیە مادی و نامادییەكان ڕوو لە زیاد بوون دەبێت، ئەو دەوڵەتانەی كە دامەزراوەكانیان بەهێزن و بە توانان و تەنیا بۆ خزمەتی كەس و گڕوپێك نین و دامەزراوەی ڕاستەقینەی نیشتیمانین و بۆ خزمەتی گشتین، هەروەها مرۆڤ بە گرنگترین ومەزنترین سەرمایەی وڵات دادەنێن كە بە سەرمایەی مرۆیی ناودەبرێت و  پێوەرەكەی ئاستی خوێندەواری و توانای كاری و تەكنیكی هاووڵاتیانە، زۆر باشتر دەتوانن خۆیان بۆ داواكاری گەنجەكان ئامادە بكەن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن، ئەو جۆرە دەوڵەتانە لەبەر ئەوەی خاوەنی دیدگایەكی سیاسی ڕونن و باشتر لە سیاسەتی نێو دەوڵەتی تێدەگەن،دەتوانن ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانیان لەو جیهانەی كە بە خێرا لە گۆڕان دایە بپارێزن و سود لە دەرفەتەكان وەربگرن.