قۆناغێكی تری جەنگی جیهانیی سێیەم؛ تەواو بوو

هەڤاڵ ئەبوبەكر


24 کاتژمێر پێش ئێستا

راچڵەكین-


قۆناغێكی تری جەنگی جیهانیی سێیەم؛ تەواو بوو، بەتەواوبوونی ئەو سنورانەی لە پەیماننامەی لۆزانی 1923دا؛ دیاركراون، وەك خۆیان دەمێننەوە، دەبێت هەموو دەوڵەتانی ناوچەكە بچنەوە ئەو سنورانەی خۆیان، خواستی ئیمپراتۆرییەتگەریی و پاوانخوازیی ناوچەیی؛ تەواوبوو.


 هاوكێشەی هێز گۆڕا، نەخشەی دارایی و ئابوریی ناوچەكە دەگۆڕێت، پارەو زێڕوزیوو گەوهەرو وەبەرهێنانە زەبەلاحەكان، كە لەدوای 11ی سێبتێمبەری 2001ەوە، هاتنە كەنداو، دەچنەوە بۆ ئەمریكا، ئەمریكا هێزو تەكنۆلۆژیای سەربازیی خۆی؛ وەك جەنگی جیهانیی دووەم؛ پیشانی دنیا دایەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەوایەتیی دۆلارو نرخی دراوو كاغەزی یەكەمی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان؛ دیاریبكاتەوە، سەنتەرگیریی هەژمون و بڕیاری نێودەوڵەتیی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ناتۆو یەكێتیی ئەوروپایش سەندەوە.

 ئیتر ئیسرائیلیش بەبێ ئەمریكا بڕیار نادات، ڕێڕەوو هێڵێكی نوێی بازرگانیی و گواستنەوەی وزە لە كەنداوەوە ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل دەكرێتەوە، پێداویستیی و غازو سوتەمەنییەكانی تری پێدا دەگەیەنرێتە جیهان و بە تایبەتیی ئەوروپا، ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەكە بەفەرمیی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەستپێدەكات.

 ڕێڕەوی گەشتیوانیی نێودەوڵەتیی ئاسمانیی و دەریایی و وشكانیی دەگۆڕێت، بەكورتیی دوای ئەم جەنگە؛ نەخشەی دارایی و ئابوریی و بازرگانیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.