نەبەز گۆران
2 رۆژ پێش ئێستا
ئەو تێگەیشتنەی لەسەر بنەمای ئایین خوێندنەوە بۆ ئەم شەڕەی _ئیسڕائیل ئێران_ دەكات، تێگەشتنێكی دروست نییە، تێگەیشتنێكە لە هزرێكی سوننە مەزهەبەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ پەیوەندی بە مێژووی نێوان_فارس و یەهود، شیعە و یەهودەوە نییە. ئەوەی لە ڕووی ئایینیەوە دژی یەهودە، سوننە مەزهەبە، ئەوەی ناكۆكیەكی قوڵی لەگەڵ گەلی یەهود هەیە بە شێوە گشتییەكەی، نە فارسە، نەشیعەیە، بەڵكو عەرەب و مەزهەبی سوننەیە. هەر هەڵسەنگاندێكی ئایینی بۆ ئەم شەڕە بكرێت، جۆرێك نائاگاییە لە مێژووی ئەو دوو گەلە_فارس و یەهود_.
بۆئەوەی لە ڕووە مێژووییەكەوە لەو پەیوەندییە قوڵەی نێوان یەهود و فارس تێبگەین. دەچینەوە ناو قوڵایی مێژووی ئەو دوو گەلەو لەوێوە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دەوڵەت نەتەوە، تاكو لە شەڕەكەی ئێستا تێبگەین. یەكەم چیرۆكی پەیوەندی ئەو دوو گەلە دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایینی، هێرۆدۆتی مێژوونووسی یۆنان، لە كتێبە چەند بەرگییەكەی خۆیدا، چیرۆكێكمان بۆ باسدەكات، چیرۆكەكە بەمجۆرەیە: "كاتێك پاشا _ئاستیاگ_ی ماد. بڕیاری كوشتنی كوڕەكە دەدات، هارپارك كوڕەكە ناكوژێت، دەیباتە لای شوانێك دایدەنێت. ژنی شوانەكە شیری نەبووە، ناچار لەشیری دەڵەسەگە تازە ترەكاوەكەی شیر بە منداڵەكە دەدات و بەو شیری سەگە لە مردن ڕزگاری دەكات.”
ئەمە بەشی یەكەمی چیرۆكەكەیە. بەشی دووهەمی چیرۆكەكە ئەوەیە: "منداڵەكە گەورە دەبێت، لەگەڵ خانەدانەكان و هارپاركی سەرلەشكردا یەك دەگرن، پاشا ئاستیاگی ماد لەسەر تەختی پاشایەتی لادەبەن و، خولی هاخامەنشی دەست پێدەكات."
منداڵەكە كێیە؟ كورشە، باوكی فارسەكان. ئەو پاشایەی لەڕێی نۆكەرەكانی ناو سوپا و خانەدانەكانەوە مادەكانیان ڕووخاند و كۆتاییان بە دەسەڵاتی باوباپیرانی كورد هێنا و سیستەمێكی نوێیان دامەزراند، كە سیستەمەكە فارسەكان بوون بە خاوەنی و خاوەن ماڵەكە بوو بە ژێردەستە. ئەی شوانەكە كێیە؟ ئەو هەژارە یەهودییەیە لە سنووری ئەگباتانی پایتەختی مادەكان كاریكردووە. منداڵەكەی ڕزگاركردووە و نەیهێشتوە بمرێت و دواتر منداڵەكە دەبێت بە گەورەترین پاشای مەملەكەتەكە.
چیرۆكە مێژووییەكە بەمە كۆتایی نایەت، كاتێك كورش بابل داگیردەكات، هەموو ئەو یەهودیانەی بەدیلگیراون و لەوێ كاری زۆرەملێیان پێكراوە ڕزگار دەكات. حەقی شوانە یەهودیەكە دەداتەوە و گەلەكەی لە ژێردەستی ڕزگار دەكات. پاشان ئەوانەی لە بابل دەگەڕێنەوە ئۆرشەلیم، ئەوانەن تەورات دەنووسنەوە. پێش ئەوان كتێبێك نەبووە ناوی تەورات بێت، هەرئەوەیە وایكردووە زۆرێك لە چیرۆكە تەوراتییەكان، لەژێر كاریگەری چیرۆكەكان و میتۆلۆژیای میزۆپۆتامیادابن، چونكە نووسەرەكانی لێڕەوە ڕۆیشتوون. لەو تەوراتەی دەینووسنەوە، فارسەكان ستایش دەكەن. واتە: لە كتێبی پیرۆزی یەهودیەكاندا فارسەكان گەلێكی مەزن و بەشكۆن. كورشی پاشایان هێندە شكۆمەندانە باس دەكەن، دەیگەیەنە ئاستی پەیامبەری. ئەم چیرۆكە بۆ دوو گەلەكە، دەبێت بە میتۆلۆژیایەك پێكەوە دەیانبەستێتەوە دژی مادەكان و دژی نەوەی مادەكان كە كوردە.
بزانین دیدگای یەهودییەكان، یان باشتر بڵێین، نەوەی ئیسڕائیل چییە بۆ فارس؟ پێش وەڵامی پرسیارەكە، دەپرسین: بۆ پێیان دەوترێت نەوەی ئیسڕائیل؟ وەڵامەكەی لە تەوراتی كتێبی پیرۆزی خۆیاندایە. یەعقوب، كە بە بنچینەی ئیسڕائیلییەكان دادەنرێت و خۆیان بە نەوەی ئەو دەزانن، مانای ناوە عیبرییەكەی ئەمەیە: قۆڵبڕ. یان تەڵەكەباز. هەربۆیەش ئەو ناوەی لێنراوە، بە پێی تەوراتی كتێبی پیرۆزیان، دووجار تەڵەكەبازی كردووە. جاری یەكەم، كاتی لە دایكبوونی لەگەڵ عیسۆی برای دووانە بوون، عیسۆ ویستوویەتی لە دایكبێت، یەعقوب قاچی گرتوە و نەیهێشتووە و خۆی پێشكەوتووە. جاری دووهەم: لەناو ئایینی یەهودیدا و لە تەوراتدا، نەبی و ڕەسوڵ جیاوازن. ڕەسوڵ پەیامبەرێكە خاوەن كتێب بێت و لە ئاسمانەوە پەیامی بۆ هاتبێت و گەلی یەهودی ڕزگاركردبێت، بەڵام نەبی ویراسییە، بە وەسیەت وەك سیستەمی پاشایەتی و خێڵەكی دەگوزارێتەوە، لە تەوراتدا یەعقوب نەبییە، ڕەسوڵ نییە. ئەوكاتەی باوكی ویستویەتی وەسیەت بكات بۆ عیسۆ شوێنی بگرێتەوە، یەعقوب فێڵی كردووە و وەسیەتەكە بۆ ئەو بووە و نەبی بوونی لە براكەی بردووە.
ئەمانە هەمووی لە تەوراتدا باسكراون كە كتێبی پیرۆزی یەهودییەكان خۆیانە. هەر لەبەر ئەمە خۆیان بە نەوەی یەعقوب دەزانن، چونكە هونەری گۆڕین، فێڵكردن، تەڵەكەبازی لە بنچینەیانەوە وەردەگرن. زۆرجار وەك كۆمیدیاییەك بەخۆیان دەڵێن: نەوەی تەڵەكە بازەكە. بەڵام ئەوان پەندێكی تریان هەیە بۆ ئەم تاكنیكە، كە بەمجۆرەیە: "پاژنە گر" واتە ئەو كەسەی ئاگات لەخۆت نییە لە دواوە پاژنەت دەگرێت و دەتخات.
پەیوەندی نەوەی ئیسرائیل، لەگەڵ فارسەكان، لە چیرۆكی منداڵەكەوە دەستپێدەكات. لە سەردەمی ئایینە سامییەكانی تردا، ئەم پەیوەندە درزی تێناكەوێت، لەسەردەمی میرنشینەكان و ئیمپڕاتۆڕیەتەكاندا هیچ ناكۆكییەكی قوڵ لە نێوانیاندا ڕوونادات، ئەو قۆناغەش مەزهەبی شیعە پەیدادەبێت. یەهودییەكان بەشێكن لە كۆمەڵگەی فارسی. لە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەدا. كاتێك سیستەمی پاشایەتی ئێران دەڕوخێت و سیستەمی ئاخوندی شوێنی دەگرێتەوە، هیچ یەهودیەك نە دەركراوە، نە وەك ئایینی جیاواز مامەڵەیەكی نادروستی لەگەڵ كراوە، ئێستاشی لەگەڵ بێت كە شەڕی _ئیسڕائیل و ئێران_ە زۆرێك لە یەهودییەكانی ناو شارە گەورەكانی ئێڕان ناڕەزایەتیان دەربڕی و دژی ئیسڕائیل بوون، لە هیچ قۆناغێكی سەردەمی حوكومڕانی فارسدا، كێشەی ئایینی و شوناسی جیاواز لەگەڵ یەهودییەكاندا سەری هەڵنەداوە و، هەردوو گەل بەردەوام بەهۆی چیرۆكە كۆنەكەوە، پەیوەندییەكی پتەویان هەبووە.
ئەو شەڕەی ئێستا، شەڕی خاوەنداریەتییە، شەڕی ئایینی نییە، چونكە نە فارس، نە مەزهەبی شیعە، لە هیچ قۆناغێكی مێژوویدا شەڕی ئایینی یەهودی نەكردووە. كاتێك سیستەمی ئاخوندی هات، گوتاری (مەرگ بۆ ئیسڕائیل و ئەمریكا)ی بەرزركردەوە. گوتارەكە لە زمانی سیستەمێكی نوێدا دەهاتە دەرەوە، بەڵام بە دیوی گەلدا، هەردوو گەلی یەهود و فارس، پەیوەندییەكی مێژیینەی قوڵیان هەیە. ئەو گوتارە نەیتوانیوە شەڕی دوو دەسەڵاتەكە بكات بە شەڕی ئایین و شەڕی دوو گەل. ئیسرائیل و ئێران شەڕی خاوەندارییەتی ڕۆژهەڵات دەكەن، ئیسڕائیلییەكان لە كتێبە پیرۆزەكەیاندا تەورات، بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە هەڵدەسنەوە و ڕۆژهەڵات و سەرزەمین دەخەنە ژێر دەستی خۆیان. سیستەمی ئاخوندیش، لەبەرگێكی تردا، كاری بۆ گەڕانەوەی هەیمەنەكەی كورش دەكرد، تاكو ڕۆژهەڵات بخاتەوە ژێر دەستی خۆیی و شەڕی شارستانییەتی خۆرئاوا بكات، وەك سەردەمی كورش.
بۆ كورد لە ڕووە مێژوییەكەیەوە، فارس و یەهود، پێش عەرەب و تورك، دوو گەل بوون، گەورەترین گورزیان لە كوردداوە. یەكیان كە یەهودە، لە ڕێگەی میتۆلۆژیای ئایینیەوە لە تەوراتدا لە كوردی داوە و بەچیرۆكی پەیامبەرێك ئەم گەلە بەشكۆیەی كردووە بە نەوەی جنەكان. ئەویتریان كە فارسە: لە كەتوار و لە میتۆلۆژیادا، بە جۆرێك لە كوردی داوە، كردوویەتی بە كەسایەتییەكی ژێردەستەی لاواز، تەنها ڕۆحی نۆكەر دەتوانێت دڵخۆشبێت بە سەركەوتنی. بۆ ئێمەی كورد لە جێبەندە مێژووییەكەدا، عەرەب و تورك دوو دوژمنی تازەن، دوژمنە مێژووییەكانی كورد، فارس و یەهودن. دوو دوژمنی ترسناكن، چونكە هەردووكیان عاقڵن، ڕیشەی مێژووییان هەیە، میتۆلۆژیایان هەیە، ئەدەبیان هەیە، بەو هەموو كەرەستانە لە كوردیان داوە و پەراوێزیان خستووە، هەتا ئەوكاتەی دوو دوژمنە بێمێشكەكە دێن_عەرەب و تورك_ ئەو دوو دوژمنە بێمێشكە بەس كوشتن و سڕینەوەیان زانییوە، هیچ كەرەستەیەكی تریان نەبووە شەڕی كوردی پێبكەن، هەر نەیانزانیوە كولتوور چییە تا شەڕی بكەن. بەڵام فارس و یەهود، چونكە دوو گەلن كولتووریان هەیە، لەو دووهەزار و پێنج سەد ساڵەدا هەموو ڕێگەیەكیان گرتە بەر بۆ كۆتایی هێنا بە چیرۆكی كورد و كولتوورەكەی، ئەمما پێیان نەكرا، ئێستا دوو دوژمنە مێژوویەكەی كورد، دوو ژیرەكەی ڕۆژهەڵات، شەڕیانە. تۆی كورد ئەگەر یەك كەم هوشیاریت لەسەر كوردبوون و كولتوورت هەبێت، بەشێك نیت لەو چیرۆكی شەڕە، چونكە هەركامێكیان ببێتە خاوەنی ڕۆژهەڵات، لەبەر تۆ دەستكاری میتۆلۆژیای خۆی ناكات. گەر پێشتوایە شەڕی _وەكالەتی سوننە دەكەیت_ چیرۆكی مێژوویی خۆت و سوننە بخوێنەوە بزانە لە مێژوودا سوننە چی لە گەلەكەت و باوباپیرانت كردووە. گەر ئەمانە هەمووی كارت تێناكات و ئارەزووتە ڕۆحە نۆكەرەكەت یەكلایی بكەیتەوە بۆ یەكێك لەو ئاغایانە، بۆخۆت هەر شیوەن بكە، ئاغا شیوەنی نۆكەر نابینێت. (بۆئەوەی باشترە ئازارت پێبگات، دەبێت بزانیت: دوژمنەكانی باوباپیرانت هزرەی ئاغایان هەیە بۆخۆیان و تۆ بە نۆكەر دەبینن.)