ئامانج لە هێرشكردنە سەر ئێران

عارف قوربانى


پێش 3 هەفتە


راچڵەكین-

لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییەوە، ئێران بە دروشمی 'مەرگ بەر ئیسرائیل' و بەڵێنی سڕینەوەی قەوارەی زایۆنی، خۆی وەك نەیار و دوژمن بە ئیسرائیل ناساندووە. لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل ئێرانی لە ریزبەندی دوژمنە یەكەمەكانی داناوە. هەردوولا یەكتریان بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر یەكتریی دەزانی، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە نەدەكرا رۆژێك بكەونە ناو جەنگێكی راستەوخۆ و رووبەڕوو.
 
ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی دەكرد رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بۆیە چاوەڕێ دەكرا رۆژێك ئیسرائیل بنكە و وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران بكاتە ئامانج، جا لە رێگەی هێرشی سایبەرییەوە بووایە، یاخود هێرشی راستەوخۆ. هەروەها بۆ ئێرانیش چاوەڕوانییەكان تاوەكو ئەو ئاستەبوون كە لە رێگەی گرووپە چەكدارییە نادەوڵەتییە وابەستەكانی خۆیەوە لە فەڵەستین و یەمەن و لوبنان و سووریا و عێراق، بەردەوامی بە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانی بدات دژ بە ئیسرائیل. 
 
بەڵام لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو زیانە گەورەیەی بە ئیسرائیلی گەیاند، دەرگای بۆ ئەوە كردەوە كە ئیسرائیل ستراتیجی خۆی بگۆڕێت، لە جۆری مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەكان، لە تۆڵەكردنەوە و تەمبێكردن و تەنانەت لەناوبردنی مەترسییەكانیش زیاتر بڕوات. پلانی ئەوەی خستەڕوو كە دەیەوێت نەخشە و هاوكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت. 

نەتەنیاهووی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل چەند جارێك لە كۆبونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و لە دیدار و لێدوانەكانی دواتریدا، بەڕوونی ئاماژەی بەوە دەكرد سەرلەنوێ نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەڕێژنەوە، بەڵام نە ئیدارەی ئەوكاتی ئەمریكا و نە دۆستە ئەورووپییەكانی پشتیوانییان بۆ پڕۆژەكەی دەرنەبڕی. تەنها لەو چوارچێوەیەدا رەوایەتییان بە كار و كردەوەكانی ئیسرائیل دەدا كە مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بكات. 
 
پێدەچوو ئیسرائیل چاوەڕوانی گەڕانەوەی ترەمپ بكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی، بۆیە لەلایەك وەك یاریكردن بە كات و لەلایەكی دیكەشەوە وەك زەمینەخۆشكردن بۆ پلانەكەی، ئەو شەش گرووپەی كە وەك هەڕەشە و مەترسی دیاریكردبوون، كردنی بە دوو بەش. سەرەتا مەترسیی حەماس و حیزبوڵڵا و سووریای نەهێشت، حووسییەكانی یەمەن و عێراق و ئێرانی هێشتەوە بۆ قۆناغی دوای گەڕانەوەی ترەمپ. 
 
لێرەدا ئەوەی جێی هەڵوەستەكردنە ئەوەیە كە هەموو چاوەڕوانییەكان بۆ ئەوە بوو ئیسرائیل دوای كۆتایی مەترسی حەماس و حیزبوڵڵا و گۆڕینی ئەسەد، پەلاماری حووسییەكان و حەشدی شەعبی بدات، نەك راستەوخۆ هێرش بكاتەسەر ئێران. بەتێگەیشتن لە گۆڕینی ئەم ریزبەندییە باشتر لە ئامانجی نەتەنیاهوو تێدەگەین لەم جەنگەی هەڵیگرساندووە. 
 
ئەگەر حووسییەكان و حەشدی شەعبی پێشبخستایا، ئێران لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە سازشی دەكرد و بە هەموو مەرجەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكا قایل دەبوو، چونكە كەسی بەدەستەوە نەدەما تاوەكو بەوەكالەت شەڕی بۆ بكەن و نەشیدەویست خۆی بچێتە هیچ شەڕێكەوە لەگەڵ ئیسرائیل. بەو جۆرە پاساو نەدەمایەوە بۆ ئیسرائیل دەست بە هێرشەكانی بكات بۆ سەر تاران. هەروەها ئەگەر حووسییەكان پێشبخرابان، ئەی كێ مووشەكی بگرتایەتە كەشتییەكان لە دەریای سوور، تا جیهان رەوایەتی بداتە ئیسرائیل بۆ درێژەدان بە جەنگەكەی. 
 
ئیسرائیل بە مەبەست شەڕی ئێرانی پێشخست، پێش ئەوەی ئێران سازشبكات و كارتی هێرش و پەلامارەكان لەدەستی ئیسرائیل دەربێنێت. چونكە ئیسرائیل ئێستا ئەوەی ناوێت كە ئێران وڵاتێكی نا ئەتۆمی بێت، چونكە دەزانێت لە هەر رۆژگارێكی دیكەدا بۆ ئێران هەلومەرج لەباربێت بە ئاسانی دەبێت بە خاوەن چەكی ئەتۆم. لەم رۆژانەی شەڕیشدا دەركەوت تواناكانی ئێران لەوە زیاترە كە لانی كەم رای گشتی دەیزانی. مەترسیی مووشەكە كیشوەربڕەكانی لە چەكی ئەتۆم كەمتر نین. هەروەها بوونی درۆنی پێشكەوتووی لەو جۆرەی كە توانای بڕینی 7 هەزار كیلۆمەتری هەیە، ئاماژەی بەخێرایی پەرەپێدانی توانایەكی لە چاوەڕوانی بەدەرە بۆ ئێران. بۆیە ئەگەر هەر وڵاتێك لەبەر لاوازی لە جەنگدا بڕووخێت، ئێران لەبەر مەترسیی بەهێزبوونی دەیڕوخێنن. 
 
ئەو مەترسییانەی سەركردە و سیاسییەكانی توركیاش بۆ هەژمونی ئیسرائیل و پلان و نەخشەكەی بۆ گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیخەنەڕوو، ئاماژەی ئەوەیە كە ئیسرائیل و ئەمریكا دەیانەوێ لە پڕۆژەی رۆژهەڵاتی نوێدا، دەوڵەتی بەهێز و گەورە نەمێنێت. 
 
دەركەوتەیەكی دیكەی ئەم شەڕەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، كە ئەوە دەسەلمێنێت پڕۆژەی گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كە لە بنەڕەتدا پڕۆژەی نەتەنیاهوویە و بە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ حوكم، ئەمریكاش بووەتە هاوبەشی، پڕۆژەیەكی جیدی بڕیارلێدراوە، هەڵوێستی بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپایە لە پشتیوانیی بێبەرانبەری ئیسرائیل و بێمنەتی و قبووڵنەكردنی پشتیوانییەكانیانە لەلایەن ئیسرائیلەوە. 
 
لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، كە هێشتا ئێران هیچ وەڵامێكی نەدابووەوە، هەریەك لە فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل دەربڕی كە ئامادەن هاوكاریی ئیسرائیل بكەن بۆ پاراستنی وڵاتەكەی، بەڵام دوای سێ رۆژ، ئیمانۆیل ماكرۆن وەك دەربڕینی گلەیی ئاماژەی بەوەكرد كە هیچ داوایەكمان لێناكرێت بۆ پشتیوانیی ئیسرائیل. ئەمە ئاماژەیەكی گرنگە بەوەی ئیسرائیل و ئەمریكا نایانەوێ دۆستە ئەورووپییەكانیان لەگەڵیاندا بەری سەركەوتنەكان بچننەوە. هەروەك بە دیوێكی دیكەشدا ئاماژەی ئەوەیە كە فەرەنسا و بەریتانیا وەك داڕێژەری نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی كۆن، لە پڕۆژەی سایكس پیكۆ، خۆیان بە خاوەن رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانن و دەیانەوێ لە دیزاینكردنەوەی ئەمجارەی ناوچەكەدا نەخرێنە پەراوێزەوە.  
 
هێشتا جەنگەكە لە هەفتەی یەكەمدایە، بەدیاریكراوی نازانرێت ئەمریكا كەی راستەوخۆ دێتە ناو جەنگەكەوە، بەڵام دێت. ئیسرائیل بەشێك لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێرانی كردووەتە ئامانج، بەڵام هەمووی نا. بەشی ئەوەی هێشتووەتەوە وەك بیانوو بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ. ئامانجی شەڕەكە روونە، نازاندرێت كەی و چۆن بەدی دێت، بەڵام بە یەقینەوە ئامانجی ئەمریكا و ئیسرائیل تەنها نەهێشتنی بنكە و وێستگە ئەتۆمییەكانی تاران نییە، هەروەك ئامانجیان تەنها لەنێوبردنی توانا مووشەكی و درۆنەكانی نین، بەڵكو دەیانەوێت بە بەردەوامیدان بە شەڕ، هەلومەرجی گۆڕینی دەسەڵات بڕەخسێنن، وەك ئەوەی لە سووریا كردیان. بە ئەگەری زۆرەوە ناهێڵن دوای ئەوەش دەوڵەتێكی گەورە لەسەر نەخشەی ئێران بونیاتبنرێتەوە.

ئەم وتارە لەماڵپەری رووداو وەرگیراوە