ترەمپ و دۆسیەی ئێران

لوقمان حەوێز


2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێرانیەكان تا ئێستا بەباشی لە كەسایەتی دۆناڵد ترەمپ تێنەگەیشتوون، ئەوان وەكو هەر سەرۆكێكی پێشووتری ئەمەریكا سەیری دەكەن و مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، بەڵام ترەمپ سەرۆكێكی تەواو جیاوازە و لە بنەڕەتدا ئەو سیاسەتمەدار نەبووە و ئێستاش كەسێكی سیاسی نیە، ئەو لە هەموو ژیانیدا بیزنسمان بووە، ئێستاش وەك گرێبەست یان پڕۆژەیەكی بزنس سیاسەت دەكات، لەلای ئەو دۆسیەی ئێران تەنیا ململانێیەكی سیاسی نییە، بەڵكو بۆ ئەو تاقیكردنەوەیەكە بۆ تواناكانی ئەو لە سەپاندنی ئیرادەی خۆی و ئەنجامدانی گرێبەستێكی سەركەوتوو.

پرەنسێپی بردنەوە لەلای ترەمپ مێژوویەكی دورودرێژی هەیە بۆیە لەكاتی دۆڕانیش هەرگیز دان بە شكستدا نانێت، لە ڕوانگەی ئەوەوە پاشەكشەكردنی ئێران یان گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نوێ سەركەوتنیكی گەورە دەبێت بۆی و دەبێتە بەشێك لە میراتی ئەو.

هێرشكردنیش یەكێك لە ستراتیژیەكانی دۆناڵد ترەمپ بووە لە ژیانیدا، ترەمپ پێی وایە لە هەموو مامەڵەیەكدا فشارە هەرە توندەكان دواجار لایەنی بەرامبەر ناچار دەكەن ملكەچ بكات، لەم دۆخە لەگەڵ ئێران پێی وایە بە ستراتیژیەتی هێرش و پاڵەپەستۆی دەروونی و عەمەلی دەیانهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئێرانییەكانیش زۆر هەڵەن ئەگەر تەنیا وەك سیاسەتمەدارێكی تەقلیدی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، چونكە ئەو ئامادەیە تا كۆتایی بڕوات بۆ ئەوەی پیشانی بدات كە ستراتیژییەتی "زۆرترین فشار" سەركەوتوو بووە، ئەمەش بەبێ هیچ تەنازولكردنێكی ئێران لە كۆتاییدا لەبەر ئەو هەموو هێز و توانایەی ئەمەریكا كە لەبەردەستی تڕەمپدایە لەوانەیە وێرانبوونی ئێرانی لێ بكەوێتەوە.

بە كورتی، بۆ ترەمپ مەلەفی ئێران تەنیا پاراستنی بەرژەوەندییەكان نییە، بەڵكو سەلماندنی ئەوەشە كە ئەو "گرێبەستكارێكی باشترە" و نەیارەكانی ناتوانن لێی ببەنەوە، بۆیە بەبێ سەركەوتنێكی دیار و ئاشكرا ترەمپ هەرگیز ناكشێتەوە لە دۆسیەی ئێران و وازیان لێناهێنێت و ململانێیەكە بەكراوەیی دەمێنێتەوە.