سەردار عەزیز
1 کاتژمێر پێش ئێستا
راچڵەكین-
ئەمەی دەینوسم تەنها ڕاڤەیە، نەك زانیاریی.
بە دیدی من ئێران دەیەوێت تەسلیم بێت، بەڵام كۆمەڵێك ڕێگر لە بەردەمیدا هەیە. یەكەم، بۆ ئێران وەرچەرخانێكی وەها ئاسان نییە. بیهێنە بەرچاوی خۆت، هێشتا خامنەیی نەنێژراوە، ئەوان ئامادەبوون لە گەڵ بكوژەكەیدا دابنیشن، بەبێ ئەوەی تەنانەت ئاماژەشی پێبدەن.
دیارە یان ناتوانن بینێژن یان ناوێرن بینێژن، یان ناوێرن گردببنەوە یان نایانەوێت نمایشی بكەن كە كێ ماوە و كێ كوژراوە.
ئەوەی ئێران دەیەوێت ئەوەیە كە پێش ئەوەی ئەتۆمە پیتێنراوەكەی تەسلیم بكات دڵنیاییەك وەربگرێت. بەڵام هەرچەندە تەماشای مێژوو دەكات هیج دڵنیاییەك بونی نییە. ڕۆژئاواییەكان پەیمانیان بە قەزافی دا ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تەسلیم بكات ئەوا ڕێگەی لێدەكەنەوە هەتا بێتەوە ناو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی. بەڵام پێچەوانەكەی ڕاست بوو. ئەزمونی ئۆكرانیاش كە پەیمانیان پێدا گەر دەستبەرداری ئەتۆمی بێت دەیپارێزن، وەها دەرنەچوو. ئێران نمونەیەكی نییە كە وڵاتێك دەستبەرداری ئەتۆمی بوبێت و باش مامەڵە كرابێت. بۆیە داوای دڵنیایی دەكات لە لایەك كە هیچ متمانەیەكی پێی نییە.
نەبوونی توانا، نەبوونی متمانە، لە هەمان كاتدا ناچاربوون بە تەسلیم ئەو دۆخەیە كە ئێران تیایدا دەژی. ئێران ئێستا لە بیری ئەوەدایە كە چۆن ڕژێمێك بمێنێتەوە، كە لە ناوەوە و دەرەوە نەخوازراوە. ئەمە كارێكی ئاسان نییە. ئێستا ئەمریكا چاوەڕێی وەڵامە. وەڵامیش ئاسان نییە. چونكە بژاردەی شەڕ و ئاشتی وەك یەكە.
دەیڤد ئیگناتسیو لە واشنتۆن پۆست دەڵێت سوپا لە هەوڵی كردنەوەی كەناڵی تایبەتی خۆیەتی لە گەڵ ئەمریكادا.