لابردنی سفری دینار و كاریگەرییەكانی

گوڵاڵە سدیق


2 کاتژمێر پێش ئێستا

راچڵەکین-

لابردنی سێ سفر لەسەر دراوی عێراقی گۆڕانكارییەكی تەكنیكی و بەڕێوەبەرییە كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشتركردنی ژێرخانی نەختینەیی دەبێت، بەبێ ئەوەی بەهای ڕاستەقینەی سەرمایەی هاوڵاتیان یان هێزی كڕین بگۆڕێت. ئەم پرۆسەیە كاریگەری لە چەند ڕویەكەوە دروست دەكات:

١. كاریگەرییە تەكنیكی و كارگێڕییەكان لەسەر دارایی

ــ لابردنی سێ سفر دەبێتە هۆی ئاسانكاری لە ژمێریاری و سیستەمی بانكی، چونكە ژمارە ملیار و تریلیۆنییەكان پەستانێكی زۆر دەخەنە سەر سیستەمە ژمێریارییەكان، بەرنامەكانی بانك، و بودجەی گشتی. وە بە لابردنی سفرەكان خەرجییەكانی بەڕێوەبردنی ژمێریاری و ئەگەری هەڵەی مرۆیی لە ژمارە گەورەكاندا كەم دەكاتەوە.
ــ كەمكردنەوەی خەرجیی چاپ و گواستنەوەی پارە و قەبارە و بڕی ئەو دراوەی لە بازاڕدا دەگەڕێت زۆر كەم دەبێتەوە؛ ئەمەش خەرجییەكانی چاپی دراو، گواستنەوە، هەڵگرتن لە گەنجینەكان، و ڕێكخستنی نەختینە بۆ بانكەكان بەڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێنێت.
ــ ئاسانكردنی مامەڵەی ڕۆژانەی هاوڵاتیان چونكە مامەڵە دراوییەكانی ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان سادەتر دەبنەوە و پێویستی بە هەڵگرتنی بڕێكی زۆر لە كاغەزی دراو نامێنێت.

٢. كاریگەری لەسەر هێزی كڕین و هەڵئاوسان

ــ هێزی كڕین: لابردنی سفرەكان بەهای ڕاستەقینەی دراوەكە بەرز ناكاتەوە و هێزی كڕین ناگۆڕێت.
بۆ نموونە: ئەگەر كیلۆیەك گۆشت بە ۲٥,٠٠٠ دینار بێت و مووچەی كەسێك ۱,٠٠٠,٠٠٠ دینار بێت، دوای لابردنی سفرەكان نرخی گۆشتەكە دەبێتە ۲٥ دینار و مووچەكەش دەبێتە ۱,٠٠٠ دینار (توانای كڕین هەمان شت دەمێنێتەوە).
ــ كاریگەری لەسەر هەڵئاوسان: ئەم هەنگاوە بەتەنیا كێشەی هەڵئاوسانی ئابوری چارەسەر ناكات، چونكە هەڵئاوسان پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، هەناردەكردن، و سیستەمی وەبەرهێنانەوە هەیە نەك لابردنی سفر.

٣. كاریگەری لەسەر پارە كاشەكانی دەرەوەی بانك

لە كاتی ئاڵوگۆڕ كردنی دراو كۆنەكە بە نوێیەكە، بەشێك لە نەختینە شاردراوەكان ناچار دەبن بە كەناڵە بانكییەكاندا تێپەڕن بۆ گۆڕینەوەیان بە چاپی نوێ، بەمەش حكومەت دەتوانێت هەموو ئەو نەختینانەی لەدەرەوەی خەزنەی بانكەكان و لەلایەن بەرپرسان دەستی بەسەردا گیراوە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، واتە حكومەتی فیدراڵ لەڕوی كۆكردنەوەی نەختینەوە ئامانجی ڕاستەخۆ دەپێكێت.

گۆڕینی جۆری دراو كارێكی ئاساییە، زۆرینەی وڵاتان چەند ساڵ جارێك جۆری دراوەكانیان دەگۆڕن بە ئامانجی كۆكردنەوەی ئەو كاشانەی لە دەرەوەی سستمی بانكین، وە دەوڵەتی عێراقیش بە هەنگاونانی بۆ كارێكی وا لەم دۆخەدا كە لە كۆی زیاتر لە ١٠٠ تریلیۆن دینار تەنها نزیكەی ٣٠ تریلیونێك لەبەردەست حكومەتە بۆ موچە و پڕۆژەكان، وە بەهۆی بوونی ئەو ٧٠ تریلیۆنە لەدەرەوەی سستمی بانكی بووە بەهۆی یاریكردن بە بازاڕی دراو لە عێراقدا، كەواتە باشترین كارێك كە عەلی زەیدی لە ئێستادا دەستی بۆ ببات هاوتەریب بە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت لابردنی سفری دینارە بۆ كۆكردنەوەی نەختینەی ژێر زەمین و بیر و تەنور و باخ و مەلەوانگەكان لەدەستی دەوڵەت