با بۆ جارێك لە گەڵ خۆمان پیاو چاك بین

نەزهەت حالی


1 کاتژمێر پێش ئێستا

زانا و بیرمەندی كورد مەسعود محەمەد،  زۆر بە جوانی وەسفی دۆخی گەلی كورد دەكات و دەڵێت كورد بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لە دەرەوەی مێژوو ژیاوە ، هەروەها دەڵێت گەرچی غەدر لە كورد كراوە بەڵام  بە خۆیشی لە گەڵ خۆی پیاو چاك نەبووە.

گەر ئاوڕێكی خێرا لە ڕابردووی نزیكمان بدەینەوە ئەو وتەیەی خوالێخۆشبوو مەسعود محەمەد بە ڕوونی سەلمێندراوە.

لە دوای سەرهەڵدان تاكو ئێستا گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان پاڵپشتییەكی بێ وێنەی دۆستانی دەرەكی بە تایبەت ئەمریكا و ئەوڕوپای هەبووە لە دابین كردنی:

ناوچەی ئارام و دژە فڕین لە ساڵی ١٩٩١، ڕوخاندنی دیكتاتۆر لە عێڕاق و داننانی دەستوری بە هەرێمی فیدڕالی كوردستان لە چوارچێوەی عێڕاق ، كردنەوەی كۆنسولخانەكان و هاتنی شاندی بەرز بۆ هەرێم و بانگهێشتی فەرمی سەركردەكانی كورد بۆ وڵاتان ، بە هاناوە هاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعش، هاوكاری هێزی پێشمەرگە و ڕاهێنانیان.

دۆستانی بیانی هەمیشە ئامۆژگاری بەرپرسانی كوردیان كردووە بۆ بونیادنانی هێزی سەربازی و ئەمنی پڕۆفێشنال و حكومەتێكی نیشتمانی و دامەزراوەیی. بەڵام بەداخەوە ئەوەی پێویست بوو لەم بوارەدا نەكراوە، هەر بۆیە هەڕەشە و مەترسیەكانی سەر هەرێم لە زیادبووندان. 

بەداخەوە لە ئێستاشدا سەرەڕای ئەو دەرفەتەی كە بۆ كورد هاتبووە پێش و سەرەڕای هەڕەشە و هێڕشەكانیش، هێشتا كورد لە گەڵ خۆی پیاو چاك نیە.

پیاوچاكی كورد لەگەڵ خۆی لەم سەردەمەدا بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەركردەكانی ئێستا، لە تەبایی و پێكەوە كاركردنیان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان و پاراستنی بەرژەوەندی و دامەزراوە نیشتمانییەكانی هەرێمی كوردستان.

بەشێك لە بەرپرسیارێتی گرنگ لەم بارەیەوە دەكەوێتە سەرشانی نوخبەی ڕۆشەنبیر و ئاكادیمی گەلەكەمان، ڕەنگە هێشتا ئەوان لەبەر پەرتەوازەی و نەبوونی گوتارێكی یەكگرتووی نیشتمانیان هێشتا بە دروستی دركیان بە ڕۆل و توانای خۆیان نەكردبێت، ئەوان دەتوانن باشترین هێز و بزوێنەری ریفۆرمی ڕاستەقینە بن بۆ حوكمڕانی باش و تەبایی.