جەمال ئارێز
2 کاتژمێر پێش ئێستا
راچڵەكین-
یەكێتی خاوەنی زۆرترین سەركردە و فەرماندە و پێشمەرگەی شەهیدە، ئەگەرچی هەندێك لەوانە لە مەیدانی داستان و نەبەردییەكاندا یاخود لە زیندانەكان و بەردەم پەتی سێدارەدا شەهید نەبوون و بە مەرگی ئاسایی ماڵئاواییان كردووە، بەڵام تۆماری ساڵانی خەبات و تێكۆشانیان هێندەی كەمتر نییە لە خەبات و تێكۆشان و گیانبەخشینی شەهیدەكانی هاوڕێ و هاوسەنگەریان.
سەركردە و فەرماندە جەبار فەرمان كە مامی گەورە نازناوی فیلەتەنەكەی یەكێتی پێ بەخشیبوو، یەكێك بوو لەو سەركردانەی كە هەموو خەسڵەتەكانی تێدا كۆببووەوە، لە بەرامبەر خەبات و گیانبازییەكەی.
جەبار فەرمان جگە لەوەی لە یەكەم دەستەی كادرانی كۆمەڵە بوو كە لەگەڵ شەهیدانی سەركردە خاڵە شیهاب و جەعفەر و ئەنوەردا دەستگیركرا و بەرگەی هەموو ئازار و ئەشكەنجە جۆراوجۆرەكانی ناو زیندانەكانی بەعسی گرت و كۆڵیان پێنەدا، بۆیە لەدوای ئەوە بەرەو شاخ هەڵزنا و وەك كادری سیاسی درێژەی بە خەباتدا و لەو ماوەیەدا گوڕوتینی گەورەی دا بە كاری رێكخراوەیی و بووە لێپرسراوی رێكخراو، كاتێكیش خەباتی سیاسی و مەیدانیی پێشمەرگەیی پێكەوە گرێدا، بووە یەكێك لەو فەرماندە مەیدانییانەی هەر داستان و نەبەردییەك ئەو نەخشەكێش و سەركردایەتی كردبێت نەك هەر سەركەوتوو دەبوو تێیدا، بەڵكو چووەتە دەفتەری سەروەریی داستان و نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەوە.
كۆسرەت ڕەسول عەلی و جەبار فەرمان
ئەگەر شانازیی نەخشە و پلانی سەرەكی سەرخستنی راپەڕینی ئازاری 1991 بە پلەی یەكەم بە یەكێتی و نەوشیروان مستەفا و دواتر بە سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی ببڕێت، ئەوا شانازیی پاراستنی ئامانج و دەستكەوتەكانی راپەڕین بە سەركردایەتیكردنی راپەڕینی سێیەم لە تشرینی یەكەمی 1991دا بە فیلەتەنەكەی یەكێتی دەبڕێت، چونكە بەو داستانە بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان و تۆڕباینەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای لە دەستی رژێم پاراست، رژێمی ناچاركرد ئەوەی بە هێرشەكانی دوای راپەڕین بۆ سەر كوردستان داگیری كردبووەوە، پاش سەركردایەتیكردنی داستانێكی كەم وێنە لە گەرمیان، بۆ هەتا هەتایە كوردستان بەجێ بهێڵێت و ئیدارات بكشێنێتەوە، لەسەر ئاستی ئیدارییش، بیرۆكەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دروستبوونی حكومەتی هەرێم بووە ئەمری واقیع.
جەبار فەرمانی نەمر جگە لە ئەركە سیاسییەكەی وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە كابینەی یەكەمی هەمواركراوی هەرێمیشدا پۆستی وەزیری پێشمەرگەی وەرگرت كە ئەو قۆناغە بە گرنگترین قۆناغەكانی داڕشتنی دیسپلینی سەربازیی هێزی پێشمەرگە هەژمار دەكرێت.
جەباری سەركردە و فەرماندە بەهۆی دۆخی نائارامی كوردستانەوە، لە دوای راپەڕینیش نەحەسایەوە و لەبەر پێگە سەربازییەكەی هەمیشە لەو مەیدانانەدا دەتبینی كە پارێزگاریی لە یەكێتی و قەوارەی هەرێم پێویستی پێی بوو، بۆیە دواجار ماندوێتی مەیدانە جیاجیاكانی خەبات بووە مایەی دووچاربوونی بە نەخۆشییەكی درێژخایەن تا لە ئێوارەی 9/8/2007 دا گیانی پاكی گەیشتە كاروانی نەمران.