دانوستانی ئەمجارە.. لە چ دۆخێكدا دەكرێ؟

مەلا بەختیار


23/12/2020

دانوستان.. ئەركێكی چارەنوسسازی هێزە سیاسیەكان و دەوڵەتەكانە.
دانوستان.. بە پێی دۆخی سیاسی و سەنگی هێزەكان، بەرنامەكەی دیاری دەكرێ و ئاكامەكەی دەردەكەوێ هێزی بەهێزی دەوڵەتان و لایەنە سیاسییەكان، مەرجەكانی هێزی لاوازتر لە خۆیان لە دانوستاندا، قبوڵ ناكەن. ئەمە سەرەتای تێگەیشتنە لە بنەماكانی دانوستان.

دەوڵەتی عێراق لە دامەزراندنییەوە (١٩٢١) وەكو دەوڵەتێكی باڵادەستی ئابوری، سیاسی، عەسكەری و دیبلۆماسی، دانوستانی لەگەڵ ڕاپەڕینە چەكدارەكانی بەرزانیەكان، شێخ مەحمود، شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێدا كردووە. بۆیە هیچیان سەرینەگرتوە.

لە ساڵی (١٩٢١-١٩٩١) حەفتا ساڵ، هەرگیز دەوڵەتی عێراق، بە ئەندازەی تێكشكاندنی لە شەڕی كوێتدا، لاواز نەبوو. لە كوردستاندا ڕاپەڕین هەبوو. عێراق لە جەنگی هاوپەیمانان بەزی. هەلێكی باش بوو، كورد بتوانێ مەرجەكانی لەو دۆخەدا بسەپێنێ. بەڵام لەبەر چوار هۆ، بەرەی كوردستانی دانوستانێكی سەركەوتوی نەكرد.
یەكەم: لە جەنگەكەدا، هاوپەیمانان ئاگربەستیان قبوڵ كردو لە دانوستانی چادری سەفواندا، ئەمریكا ڕێگەیدا، سوپای عێراق هێرش بكات و كۆپتەریش بەكار بهێنێ.
دوەم: شیعەكان هەڵەیەكی گەورەیان كرد، پێش ئەوەی هاوپەیمانان سەدام بڕوخێنن، شیعەگەریان سەپاندە سەر راپەڕینی ناوەڕاست و خواروی عێراق.
سێیەم: ستراتیژێكی سیاسی-عەسكەری- ئیداری تۆكمە لە نێوان هێزەكانی بەرەی كوردستانی دا نەبوو. بۆیە لە یەكەم هێرشی سوپای عێراقدا، هێزی پێشمەرگە لە كەركوك و هەولێر و سلێمانی و دهۆك تێك شكان. تەنها لە شەڕی كۆڕێ و ئەزمەڕ، بەرەنگاریان كرد، سەركەوتن. 

چوارەم: هێزەكان و زۆربەی بەرپرسەكانی بەرەی كوردستانی، تاڵانێكی بێڕادەیان كرد. هەر هێزێكیش تاڵانی بكات، گیانی قوربانیدانی لاواز دەبێت.
لەو دوخەدا، كە وەفدی بەرەی كوردستانی سەردانی بەغدادیان كرد. سەدام لەوپەڕی لاوازیدا، كەچی ئامادە نەبوو لە دانوستاندا، ڕێكەوتنێكی باشتر لە ١١/ی ئازاریش بكات.
لە دوای ئەو دۆخەوە، تەنها لە دوای روخاندنی سەدام، دەروازەیەكی بێوێنە بۆ دانوستان و دابین كردنی مافی كورد، كرایەوە. لەم دۆخەشدا (٢٠٠٣) ئەمریكا و بەریتانیا، پشت ئەستور بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقیان سەپاند. رێگەیان نەدا، دانوستانەكانی كورد جگە لە چارەسەری ناوخۆیی عێراق، چارەسەری دیكە باس بكرێ. تەنانەت دژی ئەوەش بوون، كە كەركوك و خانەقین و ناوچە كێشە لە سەرەكان بخرێنەوە سەر هەرێم. مام جەلال و مەسعود بەرزانیش، ناچار بوون بچنە بەغداد و لە چوارچێوەی عێراقدا دانوستان بكەن.

سەیرە.. عێراق سوپای نەبوو، دەزگا ئەمنییەكانی نەمابوو، ئەمریكا وەكو ئینتیداب بەڕێوەی دەبرد. كەچی شیعەكان كە دۆستی كوردیش بوون، لە دانوستان و نوسینی دەستوردا، گیر بوون، بە هەزار حاڵ رازی بوون، بە زمانی كوردی لەسەر پاسپۆرتی عێراق و تابلۆكانی پەرلەماندا.. بنوسرێ. هەڵبەتە چەسپاندنی فیدڕاڵ لە دەستوردا.. هاوكات مادەی 140 لە دانوستاندا، سەركەوتنی گەورەتر لە بەیاننامەی ١١/ی ئازار بەدی هات.

لە دوای نوسینی دەستور، ئێستا (١٥) ساڵ تێ پەڕیوە. جارێكی تر كورد و بەغداد لە دانوستانێكی گەلێ هەستیاردان. هەستیار، نەك لە بارەی سیاسی و یاساییەوە، بەڵكو سەبارەت بە بودجەو موچەوە، بۆ؟ چونكە سیاسەتی ئابوری هەرێمی كوردستان، شكستی خواردووە. راستە شكستەكە، هاوكاتی قەیرانی ئابوری و داشكاندنی نرخی نەوتە، بەڵام ئەم راستییە، هەرگیز ئەو راستیەمان بیر ناباتەوە، كە لە دوای راپەڕینەوە (١٩٩١) هەر لە تاڵانییەكەی بەرەی كوردستانییەوە، تاڵانی داهات و ئامیری كوردستان، هەتا تاڵانی نەوت و سنورەكانی گومرگەكانی ئێستا، بەردەوامە.

كوردستان (٢٩) ساڵ تاڵانی بكرێ، تائێستا (٢٩) كەس، كە دەكاتە ساڵی یەك تاڵانكەر، نەدرابێتە دادگا، وڵاتی وا، چۆن دەتوانێ ژێرخانی ئابوری بەهێزی هەبێ. كە بەرگەی قەیران ، هیچ نەبێ بۆ موچەخۆران بگرێ !
وەفدی دانوستانی ئێستا، لەبەر چەندین هۆكار لە دۆخێكی نەشیاوی كوردستانی و عێراقدا، سێ هەفتەیە لە بەغداد، سەرقاڵی دانوستانە:
-عێراق، باری ئابوری داڕزاوە و دۆخی سیاسیشی داتەپیوە و حوكمرانیشی.. وەكو یەمەنە!
- كوردستان، باری ئابوری خراپترە لە عێراق، نارەزایی خەڵكەكەی لەوپەڕیدایە، حكومەتی هەرێمیش قەیرانە ئابوریەكەی پێ چارەسەر ناكرێ.
- زەمینەی متمانەی رێكەوتنێكی نوێی نێوان بەغداد و هەرێم، لاواز بووە.
 جگە لە هەرێم، لە بەغداد (١٥) پەرلەمانتاری كورد، پێچەوانەی سیاسەتی 
هەرێم هەڵوێستیان وەرگرتووە، كورتیەكەی: حكومەتی عێراق، ئەوەی لە كوردستاندا، گوزەراوە و دەگوزەرێ، ئاگادارە.

لە دۆخێكی ئاوای هەرێمدا، كە ئابورییەكەی نابوتە، پەیوەندی لایەنە سیاسیەكانی لەبنبەستە، دەوڵەتانی ئیقلیمی لەگەڵ عێراقن، زلهێزەكان، لە دوا ئاكامدا، عێراق هەڵدەبژێرن (ریفراندۆم بەڵگەیە !) .. خەڵكەكەی پڕن لە ناڕەزایی.. وەفدی حكومەتی هەرێم سێ هەفتەیە، لە دانوستانێكی پشوو درێژدایە.

سەرەنجامی هەوڵەكان، لەسەر بودجە (٦٧.١٢ %) پشكی هەرێم رێكەوتون. دیارە ئەم وەفدەش نەبوایە، ئەم رێژە پشكە هەر دابین دەكرا. چونكە یاساییە و دەستورییە.
سەرەڕای هەموو ئەو بۆچونانە، پێم وایە، وەفدی دانوستانكار، لە خراپترین دۆخدا، پشووی دانوستانیان درێژ بوو. ئەتەكیەتی گفتوگۆیان شیاو بوو. پەرۆشیان مایەی رێزە.. بەڵام، سەرخستنی دانوستان، هاوسەنگی هێز و سەركەوتنی حكومڕانی و شەفافیەتی دارایی، دەستەبەری دەكات. كە بەداخەوە، كوردستان، لەبەر نەبونی ئەو بنەمایانەی دانوستان، لەوپەڕی لاوازی عێراقدا، بەلاوازی دانوستانی ئەمجارەی كرد. خەتاكەشی ناخەمە سەر ئەم وەفدی دانوستانە. بەڵكو ئۆباڵەكەی لەسەر كۆی حكومەتەكانی كوردستانە.. لەدوای راپەڕینەوە، كە نەیانتوانی ژێرخانێكی ئابوری تۆكمە بونیات بنێت. بۆیە، حكومەتی بەغدادیش... لەمە لاوازتر نابێ، كەچی بەرامبەر وەفدی كوردستان، لەژێر فشاری ئەقڵیەتی تایفەگەری زۆرینەی پەرلەماندا، خۆی نێر پیشان دەدات!!