كڕینی كارەبا لە توركیا زۆر مەترسیدارە!

كاروان گەزنەیی


01/01/2021

وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بڕی (٢٠٠) مێگاوات كارەبا لە توركیا دەكڕن، لە كاتێكدا ئەم بڕیارە مەترسیدارە و دەبێت بوەستێندرێت. 

حكومەتی هەرێم، بۆ هەر كیلۆواتێك (٧) سەنتی لەسەر دەكەوێت، و هەر مێگاواتێكیش (١٠٠٠) كیلۆواتە، واتا حكومەتی هەرێم نزیكەی (٢٠٠،٠٠٠) دووسەد هەزار كیلۆوات دەكڕێت لە بەرامبەر (١٤،٠٠٠) چواردە هەزار دۆلار بۆ هەر كاتژمێرێك؛ ئەم بڕە دەكاتە (٣٣٦،٠٠٠) هەزار دۆلار لە ڕۆژێكدا و نزیكەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و بیست ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا. بۆ سێ ساڵ ئەم پارەیە دەكاتە نزیكەی (٣٦٥) ملیۆن دۆلار.

كەواتە، حكومەتی هەرێم بۆ كڕینی كارەبا نزیكەی (٣٦٠) ملیۆن دۆلاری پێویستە، لە كاتێكدا دەتوانێت بەو بڕە پارەیە سێ هەنگاوی خۆماڵی بنێت و بەشێكی كێشەی كارەباشی پێ چارەسەر بكات.

یەكەم: كڕینی كارەبا لە ڕێگەی وزە نوێبووەكان وەكو (تاقەی شەمسی) وزەی خۆر، هەمان بڕی كارەبا بۆ ماوەی (٣٠) ساڵ بكڕێت. 

دووەم: دەتوانێت پاوەرپلانتێكی نوێ دروستبكات و لە ماوەی ٣-٤ ساڵ بڕی ٤٠٠-٥٠٠ مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت.

سێیەم: یانیش دەتوانێت بە هەمان بڕ لە ڕێگەی گازی سروشتی هەمان بڕ و بگرە زیاتریش بەرهەم بهێنێت! كەواتە، هۆكاری كڕینی كارەبا لە توركیا چییە!

لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی وێستگە كارەباییەكانی نزیك بووەتەوە لە (٧٠٠٠) مێگاوات، و بە كۆی گشتی نزیكەی (٣٥٠٠-٣٨٠٠) مێگاوات بەرهەمدەهێنێت بە گوێرەی كات. لە هەمان كاتدا، كێشەی كارەبا بەردەوامە و دەكرێت بۆ كۆتایهێنان بەم كێشەیە سود لە وزە نوێبووەوەكان وەربگیرێت، بەڵام لە هەموو بارێك دەبێت كڕینی كارەبا لە توركیا ڕەتبكرێتەوە و ڕابگیرێت. 

ئەمە هەنگاوێكی مەترسیدارە و زیانێكی گەورە بە حكومەتی هەرێم و هاووڵاتییان دەگەیێنێت و كێشەی كارەباش وەكو خۆی بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە؛ ئەم هەنگاوە مەترسیدارە و پێویستە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕابگیرێت. 

ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان