ئێستا لە هەولێر كوردی خەریكە دەبێتە زمانی دووەم

ھاوكار یاسین


14/02/2021


ئەم دێڕە قسەیەی سەرەوە رەنگە بۆ هەندێكتان سەیربێت و بۆ هەندێكیشتان هەر قبوڵ كراو نەبێت و دوورنییە بە توندیش وەڵامم نەدەنەوە بەڵام راستییەكە و ئەگەر چارەسەر نەكرێت وشەی "خەریكە"ی پێوە نامێنێت و لە هەولێر كوردی دەبێتە زمانی دووەم!!
بۆ وا ئەڵێم؟!
بۆئەوەی راستی ئەم قسەیە بسەلمێت بۆت، پێویست ناكات توێژینەوە بكەیت و خۆت بە شتی گەورەوە سەرقاڵبكەیت، رۆژێك تەرخانبكە بۆ ئەوەی بە كردار بەرجەستەی ئەم راستییە بكەیت ئەوكات ئەشەمبیلام بۆ ئەكەیت.
چۆن؟
رۆژێك لە هەولێر كە بەیانی هەستایت لە خەو لە پرسگەی هۆتێلەكەوە دەستپێبكە دواتر بۆ چایخانەیەك و دواتر بۆ بازار، نیوەڕۆ لە چێشتخانەیەك و دوانیوەرۆ لە قاوەخانە و كافتریایەك و شەو لە ریستۆرانت و یانەیەك بگەڕێ لە هەموو ئەمانە بە كوردی قسە بكە لەگەڵ شاگرد و ئەو كەسانەی لەوێ كاردەكەن دەبینیت بەداخەوە لە بەشێكی زۆر لەو شوێنانەی كە چوویت بەتایبەت (شەوان) پێویستت بە وەرگێڕە و ئەو كەسەی هاتووە دەڵێت چی ئەخۆیت یەك وشە كوردی نازانێت.
هەمان خول بگەڕێ بەڵام بە عەرەبی قسەبكە، لەمسەر بۆ ئەوسەر یەك تۆز كێشەت بۆ دروست نابێت و بەدڵی خۆت قسە بكە و لەگەڵیشت پێدەكەنن(چونكە لێت تێدەگەن).
لە هەندێك شوێنیش بۆ ئەوەی شوێنەكەی "راقی"بێت ئەبێت ئینگلیزی بزانیت.
ئەمە دیاردەیەكە بەداخەوە زۆر بە روونی لەم شارە بەدیدەكرێت و كەسیش خەمی لێ ناخوات، بەڵێ دەزانم لە هەولێر خەڵكێكی زۆری بیانی لێیە و ئەو كەسانەی لەو چێشتخانە و كافتریایانە كاردەكەن بۆئەوەی بتوانن لەگەڵ میوانە بیانییەكان بدوێن زمانی عەرەبی و ئینگلیزی پێویستە بزانن بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كوردی پێویست نەبێت، دەبوو مەرجەكە بەوجۆرەبێت زمانی سەرەكی كوردی بێت و پاشان ئەو زمانانەی دیكە بزانن(وابزانم لە دنیاشدا هەر وایە).
من كرێچی عەرەبم لە هەولێر
ئەمەی لەسەرەوە باسمكرد بەشێكی پەیوەندی بەوە هەیە كە بیانییەكی زۆر لە هەولێرە و خاوەنی ئەو شوێنانە وایان كردووە كە شاگردەكانیان بە زمانی ئەوان قسە بكەن.
بەشە گەورەكە پەیوەندی بەو لێشاوی نیشتەجێبوونی عەرەبەوە هەیە لەم شارە كە ئەگەر لە سنورێكی دیاریكراودا رێكنەخرێت زۆرنابا ژمارەی عەرەب و كورد لە هەولێر جیاوازییەكی ئەوتۆیان نامێنێت، ئێستا لەم پرۆژەیەی منی تێدام ئەگەر سەرژمێرییەك بكرێت بێگومانم ئێمەی كوردزمان كەمینەین.
جاران بڕیارێك هەبوو كە عەرەبی شارەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان موڵكی لەسەر تاپۆ نەدەكرا، ئێستا لەم سەردەمی دروستكردنی شوقە و تاوەرانەدا پێدەچێت ئەو بڕیارە نەمابێت چونكە بەشی زۆری شوقەكانی هەولێر خاوەنەكەی برا عەرەبەكانمانن.
من خۆم كرێچی پیاوێكی عەرەبم و لەم پرۆژەیە پێنج شوقەی هەیە، لەم ماوەیەی رابردووش لە یەكێك لە كۆمپانیاكانی خانووبەرە لای دۆستێك بووم باسیكرد پیاوێكی عەرەب ۳٠ شوقەی هەیە و داویەتی بەكرێ و ئەو مانگانە كرێكەی بۆ وەردەگرێت.
بەقسەی ئەو كەسانەی لەبواری خانووبەرە كاردەكەن زیاتر لە نیوەی ئەو شوقانەی لە هەولێر دروستدەكرێت عەرەب دەیانكڕێت خۆ ئەگەر ئەوان نەبوونایە دەمێك بوو كۆمپانیاكان وازیان لە دروستكردنی شوقە و تاوەرە نیشتەجێبوونەكان هێنابوو.
ئەمە جگە لە كڕینی دەیان موڵكی دیكەی جۆراوجۆر و دەستگرتن بەسەر دەیان پرۆژەدا.
هەموو ئەو دیاردانەی باسمكرد ئەگەر لە چوارچێوەیەكی یاساییدا رێكنەخرێت و چارەنەكرێت، زۆرنابا نەك زمانی كوردی، كورد بۆخۆی لەهەولێر دەبێتە نەتەوەی دووەم!!!