هەولێر، لە چاوی یارو نەیاردا!


18/02/2021


بەهۆی پێشكەوتنەوە، هەولێر بۆتە ئامانج، ئەوە بۆ وڵاتە پێشكەوتوەكان یەقینەو راستییەكی بێ تەم و مژە.

گەورەبونی هەولێر، دڵی دژو دژمنانی تەنگ كردوە. بۆیە بە ئاشكرا تەنگەتاوی كردون و رقی رەشییان بەسەر عەقڵیاندا زاڵ بووە، دەیانەوێ بەپەلاماردان رێگە لەو گەشەكردن و فراوان بونە بگرن كە هەم لە رویی شارو جوانییەوە هەم لە رویی دیبلۆماتی و ئابوری و پەیوەندییەوە رێبڕی خێراو سەردەمیانەی هەیە، بەڵام نەك ناتوانن رێگرو بەربەست بن، بگرە هەولێر گەورەو گەورەتر دەبێت.

پەلاماردانی ئەو گەورە شارە، فۆكەسی زیاتری جیهانی دەخاتەسەرو بایەخی زیاتری بۆ هەموو لایەك دەركەوتوە. ئەوەتا وڵاتە زلهێزەكان نیگەرانی و هاوسۆزییان دەربڕیوە، هەرئەوەش نییە، بەڵكو زەبر لەو هێزەش دەدەن كە ئەو كردەوەیەی ئەنجامداوە، وا هەنوكە بۆ ئەو باسە هەماهەنگی هەرێمن و لە لێكۆڵینەوەدان؛ لەوانە ئەمریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساو هتد....

لە چەند ساڵی رابردو هەتا ئێستا، ئەم شارە (هەولێر) تاكە شاری عێراقە بەرەو پێش رۆیشتوەو دەڕوات. هەولێر لە فەرهەنگی سیاسیەتدا پێناسەیەكی گرنگی وەرگرتوە، كە یەكێكە لەو شارانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جموجۆڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی تێدایەو جێی كۆبونەوەو سەردانی زۆرێك لەسەرۆك و گەورە كەسایەتیەكانی جیهان و وەزیرانی وڵاتە گرنگ و گەورەكانە، هەروا زۆربەی وڵاتانی دنیا كونسوڵییان لەو شارەدا كردۆتەوە.

لە روی گەشتیاری و ئابوریشەوە هەولێر دیسان لە عێراقدا پێشڕەوە. گەشەی بینا سازی و رێگەوبان و بازرگانیش هەر یەكەمە.

لە زۆربەی دیوەكاندا هەولێر بێ ركابەرە، ئەمە پیاهەڵدان نییە بۆ پایتەختمان، بەڵكو ئامارو داتاكان ئەو قسانەمان پێ دەڵێت. 

هەموو ئەمانە وایكردوە هەولێر سەرباس و بەرچاوبێت، هەم بۆ دۆست و هەم بۆ نەیار. تەنانەت دژو دژمنیش ئەوە دەزانن، بۆیە خەویان زڕاوە. 

پەلاماردانەكان ناتوانن لە شكۆو بەرەوپێشچونی هەولێر بدەن، بەڵكو باڵای بەرزدەكەن و پشتیوانی جیهانی بۆ دەستەبەر دەكەن.

ئەگەر بە مێژوشدا بچینەوە هەولێر واتە نەبەزین، واتە سەركەوتن. خەڵكی مەردی ئەو شارە، هەرگیز ملیان بە هیچ دژمنێك نەداوە، ئەدی ئێستاكانێ كو حساب لۆ شەمشەمەكوێران دەكەن.

سەردەشت حەمەساڵح