چوار ساڵی دیکە كێشه‌ی كورد له عێراق پێ ده‌نێته ناو سه‌ت ساڵه‌وه. به‌درێژایی ئه‌و ماوه دوور و درێژه كه كێشه له‌نێوان كورد له لایه‌ك و ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق له لا‌یه‌كی دیکەوە به‌رده‌وام بووه، هیچ كات ئه‌م كێشه‌یه وێنایه‌كی مه‌زهه‌بی یان نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت ئایدۆلۆجیشی وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵكو كێشه‌كه تایبەتمەندییەکی نه‌گۆڕی هه‌بووه كه كێشه‌ی كورده له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ك ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات.
هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی كوردیش له عێراق زۆر روون بوون و په‌یوه‌ست بوون به بناخه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌ك وڵاتێكی عه‌ره‌بی و به زۆر لكاندنی باشووری كوردستان پێوه‌ی، بەبێ له‌به‌رچاوگرتنی ماف و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گه‌ل و خاكی كوردستان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا حكومه‌ته‌كانی عێراق له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی پێكهێنراون و هه‌ڵگری ئه‌و تایبەتمەندییە خێڵه‌كییه‌ی عه‌ره‌ب بوون كه توانای قبووڵكردنی جیاوازییان نییه، له ده‌ستپێكی به زۆر به‌عێراقیكردنی كورده‌وه وه‌ك ستراتیجێك هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی كوردیان داوه و ویستوویانه سیمای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانه‌كه‌یشی بگۆڕن بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمانی عه‌ره‌ب. ئه‌مه تا ئاستێكی زۆر ترسناك گه‌شه‌ی كردووه كه له سه‌رده‌می به‌عسدا هه‌موو دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌كان خراونه‌ته خزمه‌تی به‌دیهێنانیه‌وه.
وه‌ك په‌رچه‌كردار و به‌رگریله‌خۆكردن له پێناوی مانه‌وه‌دا كوردیش رێگه‌ی جۆراوجۆری گرتووەته‌به‌ر، سه‌رئه‌نجام كورد به قوربانیدان و باجێكی زۆره‌وه پارێزگاری له ناسنامه‌كه‌ی كردووه و ماوه‌ته‌وه. ئه‌و رووداوانهی‌شی له‌و نێوه‌نده‌دا روویانداوه كێشه‌كه‌یان ئاڵۆزتر كردووه و لێكه‌وته‌كانی بۆ داهاتوویه‌كی دوورتریش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن.
له‌دوای رووخانی سه‌دام و دیزاینكردنه‌وه‌ی عێراق به به‌شداریی پێكهاته‌كانی وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا كۆتایی به ریشه‌ی كێشه‌ی كورد بهێنرێت. له ده‌ستووری كاتی و هه‌میشه‌یی عێراقدا كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ و رێكاری ده‌ستوری دیاریكران تا یارمه‌تیده‌ربن بۆ ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجێك كه متمانه بۆ كورد بگه‌ڕێته‌وه و ترسی له داهاتوو نه‌مێنێت. ئه‌وهی‌شی په‌یوه‌ندیی به لێكه‌وته و شوێنەوارەکانی پێشووی كێشه‌كه‌وه هه‌بوو، كورد و عه‌ره‌ب وارێككه‌وتن به مادده‌یه‌كی ده‌ستووری كه مادده‌ی 140 بوو، هاوكێشه‌كان بۆ دۆخێكی ئاسایی بگێڕنه‌وه كه ماف بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانی و ئه‌و ناكۆكییانهی‌ش كه له‌سه‌ر سنوور و ئیداره‌دانی ئه‌و جوگرافیایانه‌ی به‌ر پاكتاوی رەجەڵەکی كه‌وتبوون، پاش ئاساییكردنه‌وه‌یان و هه‌ڵگرتنی سیمای بەعەرەبکردن و داگیركاری له‌سه‌ریان، ئه‌و كات دانیشتووانه‌كه‌یان له هه‌ڵبژاردنی چۆنیەتیی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كانیان سه‌رپشك بكرێن كه له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانە‌وه ئیداره بدرێن یان ناوه‌ند. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند به‌غدا له هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتن و پرانسیپ و رێگه ده‌ستوورییانه پاشه‌كشه‌ی كرد كه وه‌ك جۆرێك له دڵنیایی بۆ داهاتووی عێراق و پێكه‌وه‌یی پێكهاته‌كانی له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون. ئه‌مه‌یش بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی نه‌ك كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌بوون بگره كێشه‌گه‌لی تریش له نێوان كورد و به‌غدا دروستبوون و جه‌وهه‌رو ئه‌سڵی كێشه‌كه‌شیان ئاڵۆزتر كرد.
به‌ڵام هه‌ر ئه‌مه مه‌ترسییه‌كه نییه، چونكه ئه‌گه‌ر كێشه‌كه هه‌ر ئه‌وه بووایا ره‌نگه له هه‌لومه‌رجێكی دیکە و له رێگه‌ی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات یا به رێككه‌وتنی سیاسی یاخود به دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌كی دیکە بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه، بتوانرایا بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی پێشتر هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندبوونیان بۆ ده‌ربڕی بوو و له‌وێوه ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بدۆزرایه‌ته‌وه. به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه لێ‌ره‌دایه كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نزیك به 100 ساڵه‌ی رابردوو خه‌ریكه تایبەتمەندێتیی كێشه‌كه ده‌گۆڕێت. پێشتر ئه‌گه‌ر كێشه‌كه لەنێوان كورد و به‌غدا بوو، وه‌ك ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، ئیتر ده‌سه‌ڵات هه‌ر حیزب و هه‌ڵگری هه‌ر ئایدیا و مه‌زهه‌بێك بووبێت، به‌ڵام ئێستا كێشه‌كه وا بۆ كێشه‌ی نێوان كورد و شیعه سه‌رده‌كێشێت.
هێشتا ئه‌م تێگه‌یشتنه له‌نێو ماڵی كورددا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه تا وه‌ك دوژمن له شیعه بڕوانرێت، به‌ڵكو كێشه‌كه هه‌ر له‌نێوان كورد و به‌غدا ده‌بینرێت. به‌ڵام له‌نێو ماڵی شیعه‌وه به‌و جۆره له كێشه‌ی كورد ناڕوانن و ئه‌وان ئێستا كورد وه‌ك دوژمن ده‌بینن؛ ئه‌مه مه‌ترسییه راسته‌قینه‌كه‌یه.
له ناوه‌نده ئاینییه‌كانی شیعە و له‌نێو شه‌قام و له ناوه‌نده سیاسییه‌كانیاندا له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر سێ لایه‌ندا كورد وه‌ك دوژمنی شیعه ده‌بینن. له كاتێكدا پێشتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لا هاوقوربانی بووین، ئه‌م تێگه‌یشتنه‌یان نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه له‌گه‌ڵ كورد هاوسۆز بوون و پاڵپشتی كێشه‌كه‌ی بوون. به‌ڵام ئه‌و كات شیعه له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بوون و وه‌ك كورد ده‌چه‌وسێنرانه‌وه. له‌و كاته‌وه‌ی گه‌یشتوونەتە ده‌سه‌ڵات، قۆناخ به قۆناخ جۆری مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ كورددا گۆڕاوه تا گه‌یشتووه به‌م ئاسته مه‌ترسیداره. کەچی هێشتا لایه‌نی كوردی هه‌ر وه‌ك سه‌رده‌می هاوقوربانیبوون له شیعه ده‌ڕوانێت و چاوه‌ڕوانییه‌كانی له شیعه له‌و تێڕوانینه‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه، چونكه ئێستا شیعه نه‌ك وه‌ك كورد چه‌وساوه نین، بگره خۆیان سه‌رچاوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی كوردن.
ده‌بێت كورد پێناسه‌یه‌كی دیکە بۆ ناسینه‌وه‌ی شیعه بكات، چونكه ئێستا ئه‌وان وه‌ك ده‌سه‌ڵات له عێراق كه میراتی كێشه‌ی كوردیان بۆ ماوه‌ته‌وه، له‌و تێڕوانینه‌وه ناڕواننه كێشه‌كه كه كورد قوربانیی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته سته‌مكاره‌كانی رابردوون، به‌ڵكو كورد وه‌ك مه‌زهه‌ب و وه‌ك نه‌ته‌وه به كۆسپ و گرفت له به‌رده‌م پرۆسه‌ی بەشیعەکردن و بەعەرەبکردندا ده‌بیننه‌وه. بۆیه له‌و ستراتیجه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورددا ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر كورد خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردتر بۆ دۆخی ئێستای خۆی له عێراق نه‌كات، ئه‌وله‌ویاته‌كانی نه‌خش نه‌كاته‌وه و چارەسەرێک نەدۆزێتەوە، به دڵنیاییه‌وه له داهاتوودا ده‌بێته پاروویه‌كی ئاسانتر و له رووی زه‌مه‌نیشه‌وه به‌شی ئه‌وه توانای به‌رگریكردنی نامێنێت چاوه‌ڕێی زه‌مه‌ن بكات رووداوێكی هاوشێوه‌ی رووخانی سه‌دام هه‌ڵیبستێنێته‌وه.