كۆسرەت رەسول عەلی
2 کاتژمێر پێش ئێستا
راچڵەكین-
برام عەبدولرەزاق:
لە ساڵڕۆژی شەهیدكردنتدا نازانم چۆن وەسفی هەیبەت و شكۆمەندیت بكەم، دانیشتووم و بیر لە هەڵوێستەكانت و ئەو ساتانە دەكەمەوە كە زۆر خێرا رۆیشتن و بوونە یادگاری، بیر لەو چركەساتانەی مناڵیمان دەكەمەوە، كە تۆی بە تەمەن لە ئێمە گەورەتر هەمیشە وەك مامۆستاو رێنیشاندەر پەروەردەت دەكرین بە بیری كوردایەتی، لەدوای نسكۆش من و شەهیدان (ئاراس، محەمەد زەنگەنە، جەمیل رەنجبەر، حەمید كەریم شانە، شەهید فوئاد ئەبوبەكر" ئەبوبەكر مەلا محەمەد"، بەهرۆز قەشقە، شاخەوان، رێباز، محەمەد جەمیل) لە ماڵی ئێوە لە هەولێر دانیشتین و تۆ بووی داوات لێكردین بێینە ریزی كۆمەڵەو دەست بكەینەوە بە شۆڕش.
ئەرێ هاوڕێ بیرت ماوە، لەناو كۆمەڵەدا ئەوكاتانەی ململانێ هەبوو لەنێوان میانڕەوە واقیع بینەكان و توندەڕەوەكاندا، تۆ هەمیشە سەرمەشقی میانڕەوان بوویت و تێڕوانینی واقیعیت هەبوو بۆ ئایندەو بە ئومێدەوە هەموومانت جۆش دەدا دەست بكەینەوە بە شۆڕش و دەگەین بە ئاواتەكانمان.
باش دەزانم تۆ و كەركووك دوانەیەكی لەیەك دانەبڕاو بوون، هەر بۆیەش نەوەستایت و لە داستانی رزگاركردنی كەركووكدا خوێنی خۆت تێكەڵی گڕی باباگوڕگوڕ كردو بە هەموومانت گوت شەهیدبوون لەپێناو كەركووك ئەوپەڕی سەربەرزی و شانازییەو دەبێ مرۆڤ بۆی تێبكۆشێ.
باش لەبیرمە ئەوێ رۆژێ لە كات و ساتی رزگاركردنی كەركووكدا، لەوكاتەی سەرپەرشتی كردنی هەولێرمان بەتۆ سپاردبوو، هاتیتە كەركووك و ئەوكاتەی هەواڵی شەهیدبوونی براكەت بیست و داوام لێكردیت بڕۆیتەوەو لە پرسەكەیدا بەشداربیت، بەپەلە تەنها یەك رۆژ چوویت و ئۆقرەت نەگرت و گەڕایتەوە كەركووك، تا دواجار لە گوندی باجوان لە پاڵ گڕی باباگوڕگوڕ خوێنی خۆت كردە قوربانی و گیانی خۆت پێشكەشی كەركووك كرد.
هاوڕێم عەبدولڕەزاق:
ئەوێ رۆژێ لەپێناو پاراستنی كەركووك و رزگاركردنیدا خوێنی خۆت كردە قوربانی و ئێمەت جێهێشت، دەمەوێ پێت بڵێم ئەمڕۆش دوژمنانمان چاویان لە كەركووكەو دەیانەوێ داگیری بكەنەوە، هەر دوێنێ بوو شەمشەمەكوێرەكان هێرشیان كردو ویستیان خەونی گڵاویان بێننە دی و كەركووك داگیر بكەن، بەڵام ئێمە بۆ ئاسوودەكردنی ویژدانی خۆمان و شادكردنی رۆحی تۆ و شەهیدان، لەوێ بووین و بە خوێنی چەندان قارەمانی وەك تۆ توانیمان ئەو خەونەی دوژمنان لە گۆڕ بنێین و كەركووك و كەركووكییەكان بە ئارامی لەژێر سێبەری ئاڵای كوردستان ژیان بەسەربەرن و ئێوەش لە گۆڕدا ئارام بن و ویژدانتان ئاسوودە بێ و دڵنیابن ئا ئێمە مابین بە خوێن بەرگری لە كەركووك و بست بە بستی خاكی پرۆزی كوردستان دەكەین.
فستق فرۆشی هاوخەباتم:
بەناوە نهێنییەكەتەوە پێت دەڵێم وەك چۆن بەرنامەت دانابوو، رێك ئاوا و زیاتریش دڵنیابە كە ئالان و تۆڵەو هەڵمەت و تارا بە باشی لەژێر پەروەردەی دایكی دڵسۆز و تێكۆشەریان گەورە بوونەو ئێمەش وەكو مامێكی بە وەفا هەمیشە لە خزمەتیان وەستاوین و ئامادەین بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری سەرجەم شەهیدان.
٢٨/٣/٢٠١٥