با بیر لە مرۆڤبونمان بکەینەوە

با بیر لە مرۆڤبونمان بکەینەوە


01/04/2021


ڕاچڵه‌كین-
زۆر لە مێژه کورد تەنها لە رێزمانەکەی یەکسانی داوە بە کچ و کوڕ لێکی جیا نەکردۆتەوە ، من نامەوێ بچمە ناو ململانێ سیاسی و کەسیەکان بەلام ئەو گەرم و گوریەی چەند رۆژە لەسەر ئەو بابەتەی نێر و مێ دوو خالی لە رووی پزیشکیەوە بەیاد هێنامەوە ویستم لە کورتە بابەتێکدا رونی بکەمەوە.

ئەزیزانی من بە داخەوە سەدان جارم بینیوە دایک یا باوک کە دەیەوێ بانگی کچەکەی بکا پێی دەلێ کوڕم ، زۆر جار کە گوێم لەو قسەیە دەبێ پێیان دەلێم بۆ وا دەلێن ، دەلێ وەلا بە قەدەر کورێک خۆشمان دەوێ 
بە داخەوە ئەوە بیرکردنەوە زالەکەیە ، وەک ئەوەی کچ کەمترخۆشەویست بێ ، بۆیە دەبێ کچان و دایکان ئەوە قبول نەکەن کچ پیرۆزی خۆی هەیە و کوریش هەمان شێوە ، مرۆفەکان بە هەلسوکەوت و گوفتار و بیرکردنەوەکانیان پیرۆز دەبن نەک بە بونیان بە کوڕ یا نێرینه .

لە لایەکی ترەوە ئەوەی ئەلفوبێی زانست بزانێ دەزانێ پیاو هەلگری دوو کرۆمۆسومی ئێکس و وایە x&y وە ئافرەت دوو ئێکسی هەیه ، بۆ ئەوەی منال کور ببێ کرومۆسومی باوک بریار دەدا ئێکس یا وای پیاوەکە لەگەل یەکێک لە ئێکسەکانی دایکەکە دەبێتەدوو ئێکس و دەبێ به کچ یا دەبێتە ئێکس و وای دەبێتە کوڕ .

چەند ئافرەت لەو کوردستانە ژنی دووەمی بەسەر هاتوە گوایە بەس کچی دەبێ ، چەند ئافرەت تەلاق دراوە یا تووشی کێشە بووە ، تەنها بە هۆی نەزانی و بەدوانەکەوتنی زانستی.

بۆیه ئەگەر بمانەوێ لە داهاتوو مێینە عەیبە نەبێ و نێرینە زالبوون دەبێ ، دەبێ هەموومان وەک مرۆڤ بژین نەک لە هەموو شتێک جیا بین.


دکتۆر دەوەن جمال حوێزی 
سەرۆکی سکولی پزیشکی زانکۆی کۆیە