لە دوای وەنەوشه... فایزەریش بۆتە رەمزی گەندەڵی!

سەرتیپ وەیسی


17/04/2021


پڕۆسەی پێدانی پێكوتە ( فاكسین) لە وڵاتە پێشكەوتووەكان، لە قۆناغی یەكەمدا بۆ دوو ئامانج بوو:  ئامانجی یەكەم؛ كەمكردنەوەی رێژەی مردن بوو (  بە تایبەت لە نێو نەخۆش و بە ساڵاچووان )، ئامانجی دووەمیش؛ رانەوەستانی ژیان بوو. 

لەسەر ئەو دوو بنەمایە، وڵاتان خشتەی دابەشكردن و پێدانی فاكسینیان  به ‌بێ لەبەر‌ چاوگرتنی جۆری فاكسینەكە و كاریگەرییە لاوەكییەكان داڕشت. كەواتە ئەولەویەتی یەكەم بۆ پێدانی پێكوته لە ئێستادا‌ بۆ رانەگرتنی ژیانە لە سێكتەری تەندروستی و پەروەردە و پۆلیس ..هتد. ئەولەیەتی دووەمیش بۆ رێگریكردنە لە مردنی خەڵكی نەخۆش و بە ساڵاچوو.

لە هیچ شوێنێكی جیهان هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، بێ سەروبەری لە دابەشكردنی فاكسیندا نییە، چونكە پڕۆسەی پێدانی فاكسین جگە لەوەی  لەرووی دابەشكردنەوەی كێشەی هەیە، لە هەمانكاتیشدا خواست لەسەر جۆری فاكسین و كۆمپانیای بەرهەمهێنانی فاكسینەكە هەیە و هاووڵاتیان بە دوای جۆری جیاوازی فاكسینەوەن.

لە هەرێمی كوردستان، بەر لەوەی دەست بكرێت بە پڕۆسەكە هیچ هەڵمەتێكی هۆشیاری  نیشتمانی بۆ هاندانی هاووڵاتییان و كارمەندان بۆ وەرگرتنی فاكشین ئە‌نجام نەدراو، به ‌پێچەوانەی ئەوەی لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا میدیا و حكومەت رۆڵی خراپیان گێرا لە دروستكردنی دڵەڕاوكێ و ترساندنی خەڵك بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

جگە لەوەی هێشتا لە نێو خەڵكدا،  لەسەر وەرگتنی فاكسینی كۆڕۆنا متمانه ‌و هۆشیاری نییە، لە هەمانكاتیشدا حكومەت و وەزارەتی تەندروستی نەیانتوانیوە بە خشتەیەكی دیاریكراو و  به  بە پێی تەمەن و نەخۆشی و پێویسی ژیان پڕۆسەكە دەست پێبكەن. 

هەر لە سەرەتاوە ‌ پڕۆسەی‌ پێدانی فاكسین بە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و توێژەكانی دیكە، به ‌پێی ئەولەویەت نەڕۆی، بەڵكو راستەوخۆ بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هاتە سەر هەموو جۆرە خەڵكێك، بەمەش جۆرێك لە قەرەباڵەغی و بێ سەروبەری دروستكرد‌، ئەمەش وادەكات پڕۆسەی پێدانی فاكسین نەتوانێت  ئامانجە سەرەكییەكەی  خۆی بپێكێ.

وەزارەتی تەندروستی، نەیتوانیوە لەرووی زانستی و پزیشكیەوە رەچاوی ماوەی مانەوەی فاكسینەكان لە سەنتەرەكان و خشتەی پێدانی فاكسینی هاووڵاتیان بكات ، ئەمەش وایكردوە دوای نزیكبوونەوە‌ ماوەی بەسەرچوونی فاكسینەكە، بانگەوازی هاتنی خەڵك بكرێت بەبێ بوونی وەرگرتنی نۆرەی وەرگرتنی پێشوەختە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ دروستبوونی قەرەباڵەغی و واستەكردن.

ئەو جیاوازییەی لە وەرگرتنی فاكسینی فایزەر لەگەڵ جۆرەكانی دیكە بەشێكی حكومەت دروستیكردوه، چونكە ئەولەویەت‌ دراوە بە كەسانی بەرپرس و دەست رۆیشتووە، بەشێكی كەمی‌  بۆ  كارمەندان و خەڵكی ئاساییە‌.

لێرە خەڵك وجودی خۆی لە ئۆتۆمبێل و خانووی باش و گران بەها دەبینێتەوە، ئێستاش وجودی خۆیان لە وەرگرتنی فاكسینی فایزەر دەبیننەوە‌، بەبێ ئەوەی بزانن ئێستا هیچ گرینگ نییە چ جۆرە فاكسینێك وەردەگری،  بەڵكو ئەوە گرینگه هەموومان‌ فاكسین وەرگرین.
هەروەك چۆن ئۆتۆمبێلی " وەنەوشه" ‌و "لێگزز" و جۆرە گران بەهاكان بۆتە رەمزی گەندەڵی، لە ئێستاش فاكسینی كۆمپانیای فایزەریش لە بری مژدەیەك بۆ رزگاركردنی مرۆڤایەتی، بۆتە رەمزی گەندەڵی، چونكە دواجار بەرپرس و كەسانی دەست رۆیشتوو بەر لە خەڵكی ئاسایی دەستیان بەو جۆرە فاكسینە گەیشت.

بەشی زۆری ئەو نا عەدالەتی و جیاوازیەی دروست بووە لە پێدانی  فاكسین پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە هەیە، چونكه ئەوان‌ لە رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردووەوە، لیستی ناوی ماڵ و منداڵەكانیان بۆ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ناردوە، به ‌مەبەستی وەرگرتنی فاكسینی جۆری فایزەر، تەنانەت بێ چاوەڕووی ئەو  بەرپرسانە گەیشتە ئەوەی لە رۆژی چوارشەممە رابردوو كە پشووی فەرمی بوو،  لە ترسی مردن و تێر نەخواردنیان  خۆیان بگەیەنن بە‌ پێكوتەی فایزەر.

جیا لە بەرپرسان، بەشێكی زۆری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بە تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەتاوەكو جۆرەكانی دیكە فاكسین لە بەردەستدابوون ئامادە نەبوون، ئەو پێكوتانە وەر‌گرن، بەڵام لەگەڵ هاتنی فاكسینی فایزەر لە كۆتایی هەفتەی رابردوو روویان لە وەرگرتنی ئەو جۆرە فاكسینە كرد، لەكاتێكدا پێویست بوو ئەوان بەر لە خەڵكی دیكە درك بەوه ‌بكەن ئەو فاكسینانەی دیكەی بەردەستن، بە تایبەت "ئەسترازێنیكا" لە لایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەلامەتییەكەی پشتڕاستكراوەتەوە و لە 89 وڵاتی جیهان بەكاردەهێنرێت.

ئەو بێ متمانەیی و جیاوازیەی لە ئێستادا دروستبوو لەسەر جۆری فاكسینەكان، بەشێكی پەیوەندی بە بەرژە‌وەندی و كێبڕكێی وڵاتان و كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی فاكسینەوە هەیە، نەك باشی و خراپی و كاریگەری  فاكسینەكە. مادام هەرێمی كوردستان لە هیچ شوێنێكی ئەو ململانییەدا نییە و بە "خێرە خێر" لە رێگەی بەغداوە ئەو بڕە فاكسینەی پێ دەگات، لە شوێنی ئەوەی بە پێی خشته ‌و ئەولەویەت دابەشبكرێت، پاشانیش مەمنون بین بەوەی، وەكو وڵاتانی ئەفریقی رووبەرووی نا عەدالەتییەكی گەورە لە دابەشكردنی فاكسیندا نەبووینەتەوە، كه  كەچی  جیاوازی لە جۆری وەرگرتنی فاكسینەكە دروست دەكەین؟!