شەڕی پەكەكە و پێشمەرگە روودەدات؟

هێڤیدار ئەحمەد


09/06/2021



كاتێ دەڵێن كوردستان، واتە پارتی و كاتێ دەڵێن پارتی واتە كوردستان. ئەمە رستەیەكە لەنێو پارتییەكاندا بەردەوام دەگوترێتەوە، كە هەر كەسێ بۆ كوردستان كاربكات، ئێمە بە پارتی هەژماری دەكەین، با ئەو كەسە پارتیش نەبێ. ئەمە نیشانەی باوەڕی بەهێزی سەركردایەتیی پارتی و پارتییەكانە، بەوەی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە.
 
پێشتر و ئێستاش، هەندێ هێزی ناوخۆیی و دەرەكی، كە خۆیان قودرەتی هێزی پارتییان نییە، هانی هێزێكی وەكو پەكەكە دەدەن پارتی رابكێشێت بۆ شەڕێك، كە تێیدا خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت. پارتی باش دەزانێت، هیچ جارێك هێندەی ئێستا پەكەكە لاواز نەبووە، ئەنجامی شەڕەكان ئەوە دەسەلمێنێ.
 
سەركردەكی باڵا بە منی گوت "ئێستا 95٪ی چالاكیی پەكەكە لە باكووری كوردستان نەماوە" لە باشووری كوردستانیش نەك بنكە بە بنكە بۆ سوپای توركیا بەجێدەهێڵن، بەڵكو چیا بە چیا چۆڵ دەكەن، ئەم چۆڵكردنە گومانێكی زۆری لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان دروستكردووە، دەپرسن بۆ هێزێكی وەك پەكەكە ئەو ناوچانە بەئاسانی رادەستی سوپای توركیا دەكات؟
 
سوپای توركیا ئێستا شەڕی (تەقلیدی) لەگەڵ پەكەكە ناكات، هەمووی بە رێگەی چەكی پێشكەوتوو، فرۆكەی درۆن و تەكنەلۆژیای سەربازی دەكات. لە 5/6/2021 كاتێ پێنج لە پێشمەرگەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست شەڕكەرەكانی پەكەكە لە چیای مەتین شەهید كران و ئەو چەكەی پێشمەرگەكانی پێ شەهید كراون جۆری (كۆڕنێت)ی دژەتانك بووە و پاشماوەی چەكەكە بەجێماوە و لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دێكۆمێنتكراوە.
 
پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە، كە ئەم چەكە لەدەست پەكەكەدا هەیە، بۆ بەرامبەر هاتنی سوپای توركیا بەكارنەهاتووە، كەچی بەرامبەر هێزی پێشمەرگە بەكاریدەهێنن؟ پێش ئەوەی هێزی پێشمەرگە پێشڕەوی بكات بۆ چیای مەتین، لەرێگەی كەناڵی تایبەتەوە بە پەكەكە گوتراوە، هێزی پێشمەرگە دێت بۆ مەتین تاوەكو بەبیانووی پەكەكە سوپای توركیا ئەو چیایە ستراتیژییە وەك ناوچەكانی دیكە داگیرنەكات. وەڵامی پەكەكە ئەوەبووە، قبووڵی ناكەین و پێشمەرگە بێت لێیدەدەین!
 
لە دانیشتنێكدا لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئێمەی گوت "زۆر هەوڵمدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رازی بكەم، تاوەكو پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەست پێبكرێتەوە، لە كۆتاییدا ئەردۆغان گوتی بەو مەرجە رازی دەبم، ئێوەش [سەرۆكی هەرێمی كوردستان] لەنێو پرۆسەكەدا بن. رازی بووم، گەڕامەوە هەرێمی كوردستان، یەكسەر نامەم نارد بۆ قەندیل خۆیان ئامادە بكەن بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و بێدەنگكردنی تفەنگەكان. بەڵام هەفتەیەكی نەخایاند، لە شاری هەولێر دیپلۆماتكارێكی كۆنسوڵخانەی توركیایان كوشت و ئێستاش پێشمەرگە شەهید دەكات. ئەمە وەڵامی پەكەكە بوو بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان!
 
لە ماوەی سێ رۆژدا شەش پێشمەرگە لەسەر دەستی پەكەكە شەهید بوون، دوایین پێشمەرگە رەزوان سندی بووە، كە سێ منداڵی لەلایەن پەكەكەوە بێباوك كران. خەڵك زۆر پرسیار دەكات بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەم دەستدرێژییانەی پەكەكە ناداتەوە؟ هەندێك دەڵێن بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمان بە هێزی پێشمەرگە نادات، پەكەكە لەنێو خاكی باشووری كوردستان دەربكەن؟
 
ئەوەی راستی بێت، پارتی باش دەزانێت لە كوێوە هانی پەكەكە دەدرێت بۆ ئەوەی ئەم شەڕە رووبدات، پەكەكە وەك كارتێك بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی دواتر بڵێن، پارتی شەڕی براكوژی دەكات و پارتی داردەستی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتانەیە؟ بەڵام وەكو دەڵێن (پارتی لەو سەرەوە هاتووەتەوە). عەقیدەی پارتی ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە تەنیا بۆ پاراستنی كوردستان و سەرخستنی كورد لە هەر كوێیەك بێ دروست بووە، نەك بۆ شەڕی (براكوژی). كە ئەم شەڕە (براكوژی)یە دەمێكە لەلایەن سەرۆك بازرانییەوە (حەرام) كراوە، بەڵام مانای ئەوەش نییە، كە پەكەكە و هێزەكانی دیكە ئەم عەقیدەی سەرۆك بارزانی بە خراپ بەكاربهێنن.
 
وەك گوێمان لێدەبێت، دەڵێن پارتی و هێزەكەی ئەگەر بكەوێتە ئەو شەڕە لەگەڵ پەكەكە، نازانم چی و چی بەسەر دێت؟ پارتی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 2017 بە تەنیا مایەوە، بەڵام لە هەردوو داستانی (پردێ و سحێلا) بەرامبەر هێز و چەكی چەند دەوڵەتێك وەستایەوە و تێكیشكاندن. بەرامبەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هاوكاریی دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە و نێودەوڵەتی و چەكی ئەمریكی، نەیانتوانی هێزی كوردستان و پارتی ببەزێنن. پارتی ئیستاش گەورە بیردەكاتەوە، چاوی لەوەیە كورد لە باكوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا خۆش بژین، لەجیاتی تفەنگ، با دیالۆگ و ئاشتی زمانی خەباتیان بێت، هەر ئەمەش خاڵی سەركەوتن دەبێت.