سزای میزكردن و پیسایی و فڕێدانی خۆڵ و خاشاك لەسەر شەقامەكان

مافپەروەر /كامۆ خدر


24/06/2021

سزای میزكردن و پیسایی و فڕێدانی خۆڵ و خاشاك لەسەر شەقامەكان، دروست بوونی دوكەڵ هیوادارم لەبەر سزاش نەبێ خۆ بەدوور بگرن لەم دیاردانە

وەك لای هەمومان ئاشكرایە بەهۆی ناهۆشیاری ڕۆشنبیری، دیاردەی میزكردن و پیسایی وەك دیاردەیەكی ئاسایی لێهاتووە لە عیراق و هەرێمی كوردستان، هەرچەندە لە یاسای سزادانی عیراقی سزای بۆ ئەم دیاردەیە داناوە، بەڵام بەهۆی بەربڵاوی دیاردەكە كەمترین كەس لەسەر ئەم دیاردەیە سزا دەدرێت.

لە یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ یاسای سزادانی عیراق لە ماددەی ٤٩٧ سزای میزكردن و پیسایی و خۆڵ و خاشاكی دیاری كردووە بەم جۆرەی خوارەوە:

هەركەسێ ئەم چوار كردارەی خوارەوە ئەنجام بدات سزا دەدرێت بەبەندكردن  بۆ ماوەیەك لە ١٥ ڕۆژ زیاتر نەبێ  یان پێ بژاردن بە بڕێك لە ٤٥ هەزار دینار زیاتر نەبێ.

یەكەم/هەر كەسێك هەستابێ بە میزكردن یان پیسایی كردن لەسەر جادە یان شەقام یان ریگە یان گۆڕەپان یان سەیرانگای گشتی لەناو شار یان گوند یان شارۆچكەكان جگە لەشوێنی تەرخانكراو بۆ ئەو مەبەستە.

دووەم/هەر كەسێك شتە بۆگەنیو یان خۆڵ و خاشاك یان پاشماوە یان ئاوی پیسبوو یان هەرشتێكی زیان بەخش بەتەندروستی هەڵبدات یان داینابێ لەسەر جادە یان گۆڕەپان یان جادە.

سێیەم/هەر كەسێك بە ئەنقەست یان كەمتەرخەمی بووبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گاز، دووكەڵ ، هەڵمەكان، ئاوە پیسبووەكان، یان هەر ماددەیەكی تر لەتوانایدا بێت ئازار بەخەڵك بگەیەنێت و بێزاریان بكات و پیسیان بكات.

چوارەم/هەر كەسێك كەمتەرخەمی كردبێت لە پاكردنەوە یان چاككردنەوەی دوكەڵكێش یان نانەواخانە یان ئەو كارگانەی ئاگریان تێدا بەكاردێت.

سزای هەر چوار خاڵەكە وەك لە پێشەكییەكە باسم كردوون بریتین بە سزادانیان  بە بەندكردن  بۆ ماوەیەك لە ١٥ ڕۆژ زیاتر نەبێ  یان پێ بژاردن بە بڕێك لە ٤٥ هەزار دینار زیاتر نەبێ.