ئایا ئەمەریكا دەمێنێتەوە یان دەكشێتەوە؟

كــارۆخ خــۆشناو


7 رۆژ پێش ئێستا


دوای كشانەوەی بەشی زۆری هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، كە چاوەڕوان دەكرێت لە (11س ئەیلوول/ سێپتەمبەری 2021) پڕۆسەكە تەواو بێت، چەندین پرسیار گەڵاڵە بوون، بۆ نمونە:

ئایا كاری لە پێشینەی ئیداری بایدن گرنگیدانە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

ئایا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان پێگەی جارانی ماوە لای ئەمەریكا؟

 ئایا چارەنووسی عێراق هاوشێوەی ئەفغانستان دەبێت؟

ئەگەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكشێنەوە، ئایا لە هەرێمی كوردستانیش دەكشێنەوە؟

ئایا هەرێمی كوردستان خۆی ئامادەكردووە بۆ سیناریۆ و ئەگەرەكان؟

ئایا چارەنووسمان چی دەبێت لە كاتی كشانەوە یان مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا؟

ئەمانە و چەندین پرسیاری دیكە پێویستە لە خۆمان بكەین تاكو خۆمان بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆكان ئامادە بكەین.

لەم هەلومەرجەدا گرنگە هەرێمی كوردستان خۆی بۆ 3 سیناریۆ ئامادە بكات:

1- سیناریۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق (هاوشێوەی ئەفغانستان).

 2- سیناریۆی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

3- سیناریۆی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و كشانەوەیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

لێرە دەبێت ئەو راستییە بزانین كەوا پێگەی جیۆپولەتیكی عێراق و ئەفغانستان جیاوازن، بۆیە سیناریۆی یەكەم جێبەجێ ناكرێت، بەڵام سەركردایەتی كوردستان پێویستە بۆ سیناریۆی دووەم و سێهەم خۆیان ئامادە بكەن و گرەنتی پاراستنی خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكییەكان وەربگرن (بەشێوەیەكی نووسراوی دیكیۆمێنتكراو).

لەم چوارچێوەیەدا بڕیارە (مستەفا كازمی) سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات و لە رێكەوتی (26ی ئەم مانگە) لە كۆشكی سپی لەگەڵ (جۆ بایدن) كۆ ببێتەوە و گەرێكی دیكەی دانووستان و گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان (ئەمەریكا و عێراق) بەڕێوەبچێت.

ئەم گەڕەی دانووستان لە كاتێكدایە، كەوا بڕیارە دوای دوو مانگ ونیوی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، (ئەگەر دوانەخرێت) ئەمەریكا بڕیاری داوە بڕی (10) ملیۆن دۆلار هاوكاری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكات بۆئەوەی بە شێوەیەكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

لەم گەڕەی دانووستاندا (حكومەتی كازمی) لە بەردەم دوو داواكاری سەخت و دژوارە لەلایەن (ئەمەریكا و ئێران)، بە جۆرێك ئەمەریكا داوای چارەسەركردنی كێشەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە كازمی دەكات، بە تایبەت ئەو ملیشیایانەی كە بە "وەلائی" ناسراون، چونكە بەهۆی هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانیانەوە بەردەوام هەڕەشەی جددی دەكەنە سەر بەرژەوەندییە دیپلۆماتی و سەربازییەكانی ئەمەریكا، لەبەرامبەردا میلیشیاكانی سەر بە ئێران داوا لە كازمی دەكەن بڕیاری رۆژی (2020/1/5)ی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بكات، كە تایبەتە بە وەدەرنانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان، مەبەستیان ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراقە كە شیعەكان دوای دوو رۆژ لە كوژرانی (قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندس) لە ژێر فشاری شەقامی شیعەی "وەلائی" عێراق و ئێران، (بێ بەشداریكردنی كورد و سووننە) دەریانكرد.

بە واتایەكی دیكە حكومەتی كازمی كەوتووەتە نێوان بەرداشی ئەمەریكا و ئێران، چونكە لەلایەك ئەمەریكا داوای لێ دەكات چارەسەری كێشەی میلیشیا چەكدارەكان بكات و بیانخاتە ژێر چەتری سوپای عێراق، لەلایەكی دیكە میلیشیاكان داوا لە كازمی دەكەن بڕیاری پەرلەمان جێەجێ بكات و هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەربكات، حكومەتی كازمیش ناتوانێت هیچ یەكێك لەم دوو داواكارییە جێبەجێ بكات، چونكە نە دەتوانێت رووبەڕووی میلیشاكان بێتەوە، كە "بەردەوام هەڕەشەی گوێ بڕینی لێدەكەن" نە دەشتوانێت دەستبەرداری ئەمەریكا بێت، چونكە عێراق خاوەنی ژێرخانێكی تۆكمە نییە لە بوارەكانی (سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی) تاكو بتوانێت دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا خۆی لەبەردەم هەڕەشەكانی داعش و گرووپەكانی حەشدی شەعبی رابگرێت، بەڵام ئاماژەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كەوا ئیدارەی (بایدن) زیاتر لە حكومەتی ئێران موڕاعاتی حكومەتی كازمی دەكات، بەڵگەش بۆ ئەمە دوای هێرشی درۆن و مووشەكی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر، ئەمەریكا وەڵامی میلیشاكانی سەر بە ئێرانی دایەوە لەناو خاكی سووریا و سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، بەمەبەستی دوورخستنەوەی گۆڕەپانی عێراق لە ململانێی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران، ئەمەش وەك رەچاوكردن و رێزگرتن لە سەروەری عێراق و دوورخستنەوەی كێشە و ئاڵۆزی لە گۆڕەپانی عێراق لەقەڵەم درا.

لەبەرامبەردا لەوە ناچێت ئێران وەك پێویست موڕاعاتی حكومەتی كازمی بكات، چونكە هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێك لەگەڵ ئیدارەی (نوێی بایدن) رووینەداوە لە بارەی رێككەوتنی ئەتۆمی و سووكردنی سزاكانی سەر ئێران، ئەمەش وا لە ئێران دەكات، لە رێگای میلشیاكانەوە فشار بكاتە سەر ئەمەریكا بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكان و گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی (5+1)، بەم جۆرە دەتوانین بڵێن كەوا پرسی ئەتۆمی ئێران كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیری عێراق هەیە.

لە كۆتاییدا پێموایە لەم گەڕەی دانووستانی (ئەمەریكا و عێراق) خشتەیەكی درێژخایەن دادەنرێت بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بە سێ قۆناغ، ئەم قۆناغبەندیەش چەند ساڵێك دەخایەنێت، كە تا كۆتایی ئیدارەی بایدن ئەمەریكا لە عێراق دەمێنێتەوە، ئەویش بەمەبەستی ریشەكێشكردنی مەترسی داعش و رێگریكردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، چونكە بایدن نایەوێت هەمان هەڵەی ئۆمابا دووبارە بكاتەوە، (كاتێك كە هەموو هێزەكانی ئەمەریكای كشاندەوە لە ساڵی 2011 ئەمەش بووە هۆی زەمینە خۆشكردن بۆ قاعیدە و داعش و رووداوی كارەساتبار بۆ عێراق و سووریا و ناوچەكە).

 
٭ كــارۆخ خــۆشناو
(سەرۆكی ئیستیتۆی تۆێژینەوەی ئەمەركی-كوردی)