گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کار

رۆزا دڵشاد مەریوانی


30/10/2021

گێچەڵی سێکسی یەکێکە لەو کێشانەی لە کۆنەوە لە نێو کۆمەڵگەکاندا هەبووە بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئایین، بێگومان لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە لە رووی رێژەو ژمارەوە دەگۆڕێت، رەنگە وابزانرێت لەگەڵ پێشکەوتنی دونیادا ئەو دیاردەیە کەم دەبێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەکاندا ئەو دیاردەیە دەچێتە ئاستێکی مەترسیدارتر و بەشێوەیەکی بەربڵاوتر دەردەکەوێت، بەتایبەتی دوای زیادبوونی ئەو ژن و کچانەی لەدەرەوەی ماڵ ئیش دەکەن دەبینین لە شوێنی کار دووچاری گێچەڵی سێکسی دەبن، ئەوەتا لە بارەی گێچەڵی سێکسییەوە لە شوێنی کاردا لە راپرسییەکی نوێدا کە رێکخراوی کۆمریس لەبەریتانیا کردووێتی و زیاتر لە هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون، دەریخستووە نیوەی ژنان و کچانی ئەوێ لەگەڵ پێنج یەکی پیاوان دووچاری گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کار بوونەتەوە، بەڵام کێشەکە لەوێدایە نزیکەی63 % ئەو ژنانە کاتێک دووچاری ئەو کێشەیە بوون بە هیچ کەسێکیان نەوتووە و شاردوویانەتەوە، هەروەها 79 % پیاوانیش پێیان باشتر بووە باسی ئەوە نەکەن کە بەسەریاندا هاتووە.

پەیوەندی بە ئاستی زانستییەوە نییە

ئەم راپرسییە دوای ئەوە کرا کاتێک هارڤی واینستین پرۆدیوسەری سینەمایی چەندین داوای لەسەر تۆمارکرا کە گێچەڵی سێکسی بەرامبەر چەندین ژن کردووە لە نێویاندا هەندێ ئەستێرەی سینەمایی تێدابوون وەکو ئەنجلینا جوولی و گوینیس بالترۆ و رۆز ماکگوان، کەواتە ئەوە دەریدەخات گێچەڵی سێکسی نە پەیوەندی بە ئاستی زانستی و رۆشنبیرییەوە هەیە نە پەیوەندی بەو ژینگە و شوێنەوە هەیە کە تێیدا ئەو تاوانە دەکرێت، بەڵکو وەکو نەخۆشییەکە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە بەبێ جیاوازیی و ئەوەشی وادەکات ئەو دیاردەیە لە زیادبووندا بێت ئەوەیە زۆربەی کات قوربانییان و خێزانەکانیان بێدەنگیی لێدەکەن بە لەبەرچاوگرتنی هەندێ هۆکار گرنگترینیان ئابروو چوون و شێوانی شیرازەی خێزانەکانە، جگە لەوەی زۆرجار رۆشنبیری تەواو نییە لەبارەی ئەو یاسا و رێسایانەی تاک دەتوانێ بیگرێتە بەر لە کاتێکدا رووبەڕووی کێشەیەکی لەو جۆرە دەبێتەوە بەتایبەتی لە وڵاتانی وەکو وڵاتی ئێمەدا کە تا ئێستا رۆشنبیری لەبارەی یاسا و مافەکانەوە کەمە و هەم قوربانیی و هەم تاوانبار نازانن باجی ئەو تاوانە چییە، هەروەها لەگەڵ ئاڵۆزبوونی ژیان و زیادبوونی ئەو تاوانە هێشتا یاساکان لە بەرامبەر ئەو تاوانانە لاوازن یان زۆرجار بە رێکەوتنی نێوان دوو خێزان کێشەکە کۆتایی دێت و تاوانبار دەربازی دەبێت، ئەوەش وادەکات ترسێکی ئەوتۆ نەبێت لە بارەی کردنی ئەو تاوانانەوە جگەلەوەی ئەو تاوانبارەی رزگاری دەبێت، بێگومان دووبارە و چەندبارەی دەکاتەوە.

لە ئاستێکی بەرزدایە

کاتێک وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو بەریتانیا دەبینین رێژەی گێچەڵی سێکسی تێیدا لە شوێنی کار بەو رادەیە بەرزە، دەبێت بپرسین ئاخۆ لە وڵاتی ئێمە رێژەکەی چەند بێت؟ ئایا بۆتە دیاردەیەکی ترسناکی وەکو ئەو وڵاتانە یان بەرەو ئەوە دەچین؟ ئایا تا ئێستا راپرسییەکی گەورەی لەو جۆرە کراوە بۆ زانینی رێژەی ئەو تاوانە لە کۆمەڵگەدا بە گشتی و لە شوێنی کار بە تایبەتی؟ ئەمانە و چەندان پرسیاری دیکە، بێگومان ناتوانین نکوڵی لە بوونی ئەو تاوانە بکەین و رەنگە هەر یەکێک لە ئێمە خۆمان یان کەسێک بناسین دووچاری ئەو جۆرە رووداوانە بووبێت و لەبەر چەندین هۆکار هەرگیز نەیدرکاندبێت، هەروەها لەگەڵ کرانەوەی کۆمەڵگە و زۆربوونی کارکردنی کچان و ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا بەشێوەیەکی زانستی هیچ بەدواداچوون یان راپرسییەک کراوە بزانرێت تا چەند لە شوێنی کار بێزار دەکرێن و رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە و یاسای کار توانیوێتی پارێزگارییان لێبکات؟!

دەنگیان بیستراو بێت
دوای رووداوەکانی ئەو پرۆدیوسەرە زۆرێک لە ناوە دیارەکان هەڵمەتێکیان دژی ئەو دیاردەیە و کێشەی گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی لە سۆشیال میدیا بەرپا کرد و تەنانەت هەندێکیان چیرۆکی خۆیان لەو بارەیەوە گێڕایەوە، هەروەها پێش 10 ساڵ چالاکوان تارانا بورک لە وڵاتە یەکگرتووەکان هەڵمەتێکی بەرپاکرد و ناوی لێنا «Me Too منیش» بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی لە کۆمەڵگە هەژارەکاندا لەو جۆرە تاوانانە رزگاریان بووە و ئەو هەڵمەتە تائێستا بەردەوامە، چونکە وەکو ئەو چالاکوانە دەڵێت: ئەو تاوانە تەنیا ساتێک نییە، بەڵکو تاوانێکە بەردەوامە و دەبێت بەردەوام بن لە گێڕانەوەی چیرۆکەکان تاوەکو گۆڕانکارییەک دروست بکەن بۆئەوەی دەنگی قوربانیان بیستراو بێت، کەواتە وەکو ئەو هەڵمەتەی بەریتانیا یان ئەو چالاکوانە لە وڵاتی ئێمەش دەکرێت کاری لەو جۆرە بکرێت بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە ئەوەندەی دیکە تەشەنە نەکات و هەروەها تاکەکانی کۆمەڵگە و قوربانیان بە ماف و یاساکانی بۆ ئەو تاوانانە دانراون هۆشیار بکرێنەوە و هانیان بدەن چیتر بێدەنگ نەبن.