عیراقچێتی (عەلائەدین سەجادی) لە وتارێكی سەیردا !

مەریوان مەسعود


04/12/2021

كە دەڵێین عەلائەدین سەجادی، بێ‌ سێ و دوو رشتەی مرواریی و گۆڤاری گەلاوێژمان بیر دێتەوە، ئەوەی زیاتریش بیناسێت دەزانێت چ زمانزان و ئەدیبناسێكی مەزن بووە ئەمە جگە لە مەلایەتیی و شارەزاییە زۆرەكەی لە ئایین، بەڵام دڵنیام رێژەیەكی كەممان زانیومانە كە مامۆستا سەجادی دەمی لە سیاسەتیش داوە، بەتایبەت كاتێك دێت و بە زمانی عەرەبی وتارێك لە چەند رۆژنامەیەكی عیراق بڵاودەكاتەوە كە نامەیەكی كراوەیە بۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عیراق (ساڵی 1948)، تێیدا باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) دەكات، لە حكومەتەكانی پێشوو چۆن دەستوەردان هەبووەو ئازادی نەبووە، بۆیە راشكاوانە داوا لە سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عیراق كە بە مێژووی نووسینەكە بێت (سەید محەمەد ئەلسەدر) بووە، وتارەكەی بە ناوی (رجع الصدی لخطاب فخامة رئیس الوزارء) بووەو سەجادی بە زمانێكی زۆر بە رێزەوە لە ئاست سەرۆك وەزیران دەنووسێت و بۆ من جێگای سەرنجە!، واتە زۆر موعجیبی سەرۆك وەزیرانەو سەرەتا دەنووسێت:
« خاوەن رێز فەخامەتی سەرۆك وەزیران رۆژی سێشەممە رێكەوتی 9ی نیسانی 1948 لە (دار الاذاعة اللاسلكیة) وتارێكی گرنگی پێشكەش كردو تێیدا داوای لە هاووڵاتیان كرد كە گوێی بۆ رادێرن. ئەمەش دووەم وتاری فەخامەتیان بوو دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆك وەزیران، لە وتارەكەیدا باسی لە رەوشی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێشوو كرد كە بۆچی هەڵیوەشاندۆتەوەو لەگەڵ ئەو رەوشە ئابوورییە خراپەی لە عیراق دروستبووە لەسەر دەستی حكومەتی پێشوو، هەروەك باسی لەو هەنگاوانە كرد كە حكومەتی ئێستا ناویەتی بۆ چاككردنی ئەم رەوشە ئەویش بە هەڵگرتنی بەربەستەكانی بەردەم هاوردەكردنی گەنم و هەروەها نەهێشتنی گەندەڵیی لەو بارەیەوە.»
لە بڕگەی دووەمی وتارەكەیدا مامۆستا عەلائەدین سەجادی دێتە سەر ئەسڵی مەسەلەكە، كە هەڵبژاردنە و دەنووسێت:
((بەشێكی تری وتارەكەی فەخامەتی سەرۆك وەزیران تەرخانكرابوو بۆ باسكردن لە هەڵبژاردن، بەتایبەت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تا بە ئازادی و ئاشتی بەڕێوەبچێت، هەرچەندە خەڵك ناهەقی نییە كە هیچ وەزنێك و قورساییەك بۆ وتارە رەسمییەكان دانەنێت، چونكە لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشوو بەرپرسەكان هەر وتاریان دەداو پێچەوانەكەیان جێبەجێدەكرد، ئەمەش وایكرد متمانە لەنێوان خەڵك و حكومەت نەمێنێت. بۆ نموونە خەڵك هێشتا سەردەمی نوری سەعیدی بیرنەچووە، كە هەموو هەفتەیەك كۆنگرەی رۆژنامەوانی دەبەست و باسی لەوە دەكرد هەڵبژاردنەكان ئازادن، كەچی كە دەهاتە سەر كردار، یەكسەر لیستێكی بەو ناوانە پێشكەشدەكرد كە خۆی مەبەستی بوو دەرچن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران)).
عەلائەدین سەجادی، دەیەوێت بەم وتارە بەرگرییەكی سەرسەختانە لە (سەید محەمەد ئەلسەدر)ی سەرۆك وەزیرانی ئەو كات بكات و ئەگەر خوێنەوارانی كورد لێم توڕە نەبن، وەكو (عیراقییەكی عەیار 24) دەنووسێت:
((لەبارەی وتارەكەی سەرۆك وەزیران، یەكەمجارە خەڵك وتاری لەم شێوەیەی گوێبیست بێت، چونكە كەسایەتی (سەرۆك) زۆر جیاوازەو لە دڵی عیراقییەكان دایە لە باكوورەوە بۆ باشوور، ئەوەش پەیوەندی بەم پێگە بەرزەو موحتەرەم و راقییەوە هەیە كە سەرۆك هەیەتی، بۆیە دڵنیام ناوەڕۆكی وتارەكەی وەكو خۆی جێبەجێدەكات)).
لە هەمان كات سەجادی، سەرۆك وەزیران وشیار دەكاتەوە لەو دەسەڵات و هەیمەنەیەی یەكە ئیدارییەكان و موتەسەریفەكان (پارێزگا)یەكان هەیانە بەتایبەت باقی شارەكانی تر جگە لە بەغدا كە خەڵك تێیدا سادەو ساكارەو وا دەزانێت ئیدارەی شارەكە هەموو شتێكەو ئەمەش بواری دەستوەردانی كاربەدەستانی ئیدارە ناوخۆییەكانی زیاتر كردووەو بۆ ئەمەش سەجادی بۆ سەرۆك وەزیران دەنووسێت:
((داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین گشتاندنێك دەربكات بۆ هەموو سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لە گەورەیان بۆ بچووكیان، كە تێیدا ئاگاداریان بكاتەوە نابێت دەست وەربدەنە كاروبارەكانی هەڵبژاردن و بۆ ئەمەش سەرنجیان بۆ ئەوە رابكێشێت كە هەر كەسێكیان سەرپێچی بكات رووبەڕووی یاسایان دەكاتەوەو وەزارەتی ناوخۆش وا نیشان بدات هەردەم لە كەمینە بۆیان و چاودێرییان دەكات بۆ ئەوەی بەرپرسەكان بێ‌ لایەن بن و لایەنداری بۆ كەس نەكەن)).
ئەوەی جێگای سەرنجی منەو دڵنیام ئێوەش هەر وان، مامۆستا عەلائەدین سەجادی مێزەر سپییەكی كوردو سوننە بووە، سەرۆك وەزیران مێزەر رەشێكی بەناوبانگی شیعە بووە، كەچی ئەوەندە سەرسامە پێی و بۆ نەگبەتی مامۆستا سەجادیش، ئەم سەرۆك وەزیرانە، كەمتر لە شەش مانگ لەسەر حوكم بووە، هەر دوو رۆژ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبەر ئەوەی ئەنجامەكەی بەدڵ نەبووەو دەستوەردان هەبووە دەست لە پۆستەكەی دەكێشێتەوەو ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم لەم وتارەیدا كە بە عەرەبییەكی پاراو نووسراوە، عەلائەدین سەجادی بە یەك وشەش باسی كوردو حزبە كوردییەكانی نەكردووە ! ئەمە لە كاتێكدا لەو سەردەمەدا شەخصی دووەم بووە لە گۆڤاری (گەلاوێژ)ی كوردیی و حزبێكی گەورەی وەكو (پارتی)یش تەنیا دوو ساڵە دامەزراوە!.