خراپ بەکارهێنانی دین لە کوردەواریدا

حەسەن یاسین


24/12/2021

پێش ئەوەی بێمە سەر باسەکە، با باسی هەردوو زاراوەی دین و کوردەواری بکەم.

دینم وەک وشە و زاراوە لە (ئایین) پێپەسەندترە. هەندێک لەبەر هەستیاریی خۆیان بەرانبەر بەوەی کە عەرەبیش وشەی دین بەکاردێنن خۆیان، لە نووسینی کوردیدا، لەبەکارهێنانی دەبوێرن، لەکاتێکدا وشەکە لەنێو کورد و لە زمانی کوردیدا، رەگێکی کۆنی هەیە و راستە ئەوانیش بەکاریدەهێنن، بەڵام عەرەبی نییە. هەروەها کوردەواری وشەیەکی لێکدراوە و واتای کۆمەڵی کوردی نیشتەجێی سەر وار واتا خاکی کورد. بۆیە پێویستە لەجیاتی کۆمەڵی کورد بنووسین کوردەواری.

دین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و پێوەندیی بە پەرستن (عیبادەت)ەوە هەیە و پتر لایەنی رۆحی دەگرێتەوە. مرۆڤ، وەک تاک لە نێو کۆمەڵدا، کە بڕوای بە دینێکی دیاریکراو هەبوو، کەواتا بەپێی باوەڕی ئەو دینە، پەرستراوێک، جا خودا، بت، کەسێک لە وێنەی خودابێت، یان شتێکی مادی بێت... هتد، دەپەرستێت. ئەمە دیاردەیەکی مرۆڤایەتیی مێژوویی دێرینە و هیچ پێوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە. بەداخەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئێمەش بەشێکین لێی، دین بەسیاسیکراوە و ئەمەش وایلێهاتووە لەململانێی سیاسیدا و لەپێناوی ئامانجێکی سیاسیدا، بۆ شکاندنی لایەنی بەرانبەر، بەکاربهێندرێ!

لەمێژووی نزیکی نێو مەیدانی سیاسیی کوردیدا، پتر لەنیو سەدەیەک لەمەوبەر، هەر پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی عیراق هەبوون، دوو حزبی سەرەکیی مەیدانەکەبوون و لەململانێیەکی گەرمی سیاسیدابوون، لەپێناوی ئەوەی هەر لایەکیان، زۆرترین خەڵکی کورد بەلای خۆیاندا رابکێشن. ئەم ململانێ سیاسییە گەرمەش، لەنێو کوردەوارییەکی، لەلایەن داگیرکەرانەوە، بەمەبەست دواخراو (نەک دواکەوتوو) تێکەڵ بە دین دەکرا. یان راستتر دەبێ بڵیین، دین بەمەبەست دەخرایە نێو ئەو ململانێیەوە و ختوکەی هەستی دینیی خەڵک دەدرا و کۆمۆنیستەکان، وەک کافر و بێدین(ملحد) بە خەڵک دەناسێندران. هەر ئەمەش بوو وای لە کادیرانی پێشەنگی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد،  لەسەرەتای شۆڕشی نوێ، پەنا ببەنە بەر لکاندنی پێشگری (مەلا و حاجی و ...هتد) بەناوەکانی خۆیانەوە. شەهید ئارام (شاسوار جەلال) یەکێک لە ناوەکانی هەڵسوڕانی سیاسیی، لەسەرەتای پێشمەرگایەتیدا، مەلا بەکربوو!

گوتنەوەی رستە بەناوبانگەکەی کارڵ مارکس (دین ئەفیونی گەلانە) بەمەبەستی شکاندنی چەپەکان بووە و ئامانجەکە خزمەتکردنی دین نەبووە، بەڵکو لە روانگەی بەرتەسکیی دیدی هەڵگرانی بیری نەتەوەییەوە بووە، لەکاتێکدا نە نەتەوەییەکان و نە کۆمۆنیستەکانیش، زۆرینەیان، ئاگایان لەوە نەبووە داخۆ ئەو رستەیەی مارکس، لە چێوەی چ مەبەست و پەرگرافێکدا هاتووە.

مارکس لە کتێبی (پێشەکییەک بۆ رەخنەگرتن لە فەلسەفەی ماف یان قانون لای هیگڵ) دەڵی:  بەشێکی کوێرەوەیی دینی، گوزارشتکردنە لە کوێرەوەیی واقیعی، کە لەلایەکیترەوە ناڕەزایەتییە بەرانبەر بە کوێرەوەریی واقیعی. دین پەناگەی مرۆڤی ژێرپێخراوە، رۆحی جیهانێکی بێدڵە، هەروەها رۆحی هەلومەرجی کۆمەڵایەتییە کە رۆحی تێدا دەرکراوە. ئەفیونی گەلانە). ئا لەو چێوەیەدا مارکس، دژی خراپ بەکارهێنانی دین لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵ دەوەستێتەوە و  جەخت لەوە دەکاتەوە کە دین فریادڕەسیان نییە و ناتوانێ لەو واقیعە خراپە پڕ چەوسانەوەیەی سەرمایەداران بۆیان دروستکردوون، دەریانبهێنێت.

 بۆیە دەڵی دین وەک ئەفیونێک تاکەکانی گەلان مەست دەکا و دووریان دەخاتەوە لەوەی هەستی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە چەوسێنەران پەرەپێبدەن و بیگەیەننە ئاستی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دژ بە واقیعی خراپ و پڕ لە چەوساندنەوەی خۆیان!