ھەلێكی نوێ بۆ كورد ھاتووەتە پێشەوە

سالار مەحمود


12/06/2022

سەدر دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی پێشكەش بە پەرلەمان كرد، قبوڵكردن و نەكردنی لە رێگەی دانیشتنی پەرلەمانەوە دەبێت و بەدەنگدان دەبێ، نەك سەرۆكی پەرلەمان.. تەنیا ئەركی سەرۆكی پەرلەمان ئەوەیە ئیستقالەكان وەرگرێ و ئاراستەی بكات بۆ دانیشتنی داھاتووی پەرلەمان. 

سەدر بۆ لە حكومەت ئیستقالە ناكات؟ سیناریۆكانی زوو ھەرزان دەبن، ئەوەی حەلبوسیش كردی بۆ بێ بەھاكردن و نەھێشتنی نرخی دەستلەكاركێشانەوەكان بوو.

عیراق لەبەردەم چوار سیناریۆدایە:

یەكەم: دۆخەكە وەك ئێستا بمێنێتەوە ئەمری واقیع بەردەوامی پێ بدرێت. كە ئەمە خواستی ئێرانیشە.
دووەم: ململانێكان ببرێتە شەقام و بەئاراستەی بەریەككەوتن بڕوات، ئینجا لایەكی شیعە بەسەر لایەكدا تەسلیم بوون رابگەیەنێ.
سێیەم: حكومەتی لەناكاو گۆڕاو رابگەیەنرێت بەھەندێ گۆڕانكاری وەزارەتەوە. چونكە پەرلەمان یارمەتی حكومەتیش نادات لەپەسەندكردنی بودجەشدا بۆی.
چوارەم: ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان لەلایەن خۆیەوە.
ئەم سیناریۆیانە لەبەردەم پرۆسەی سیاسین لە عیراق. وڵاتەكە لە ئایندەدا تووشی قەیرانی قوڵتر ئەبێتەوە.

كوردیش جگە لەوەی دابەشبووە بەسەر ئەم جەمسەرانەدا وەك تەماشاكەر سەیری رووداوە قوڵەكانی ھەناوی پێكھاتەكانی عەرەبی عیراق و ململانێی ھێزەكانی دەكات. بۆیە ھیج سودێك لە دۆخەكە نابینێ و لەھەر بەریەك كەوتنێكی بەغدادا كوردستان تێوە دەگلێنن.

ھەڵێك بۆ كورد ھاتۆتە پێشەوە سود لەم كێشانە ببینێ و پێگەی لاوازی خۆی بەھێز بكاتەوە بە پرۆژەو یەكگرتوویی لەسەر بنەمای دان و وەرگرتن. پشتیوانی راستكردنەوەی ھەر بارێكی گلاوی بەغدا بكات.

عێراق لە رووی ئابوریەوە بەھێزەو ھەستاوەتەوە، لە رووی سیاسیەوە تەپیوە. قەرزی كۆیتی دایەوە. نرخی نەوت بەرزەو پارەی ھەیە. لەسەر بنەمای زیندوكردنەوەی كورد لەسەر پشكی ١٧٪‏ لە بودجەو موچەی فەرمانبەرانی كوردستان و خاكی ناوچەدابڕاوەكان گفتوگۆ بكات ئەبێتە ستراتیژێك، خەڵكی ھەرێم پشتیوانی ئەو ستراتیژە ئەكات نەك پلەو پۆست.