سوودەکانی کۆلێرا

ئاراس برادۆستی


20/06/2022


ئەم قسە رەق، وشک و ناخۆشانەم بگەیێننە هەمووان، ئەمانە راستین و لە دڵسۆزییەوە بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتەکەم دەیانڵێم!
 
دوێنێ لەگەڵ پرۆفیسۆرێک قسەمکرد کە خەڵکی سوێدە و یەکێک لەو کەسانەیە کە لە رێڕەوی زانستی ژیانمدا مامۆستا و پاڵپشتێکی گەورەم بووە، وەکو پزیشکێک، شەرمم کرد پێی بڵێم کە لە وڵاتەکەمدا کۆلێرا بڵاوبووەتەوە، خواخوام بوو باسی دۆخی تەندروستیی کوردستانم لێنەپرسێت، سوپاس بۆ خوا تەنیا باسی کۆرۆنای کرد!
 
کۆلێرا لە هەر شوێنێک بڵاوبووەوە، بزانە پێش تووشبوونی خەڵک بە سکچوون، سیستەمی حوکمڕانیی تەندروستی تووشی کۆلێرا بووە.
 
دەزانم ئێستا وا دەزانی مەبەستم وەزارەتی تەندروستییە، نا، سیستەمی حوکمڕانیی تەندروستی تەنیا وەزارەتی تەندروستی نییە، ئەم تێگەیشتنە تەنیا لە وڵاتە دواکەوتووەکان ماوە، لەو شوێنانە ماوە کە کاربەدەستە باڵاکانی وڵات تێگەیشتنێکی دروست، نوێ و فراوانیان بۆ کۆی چەمکی تەندروستی نییە و بەرپرسانی کەرتی تەندروستیش کەمدووترین کەسی دەوریانن و بۆیان راستناکەنەوە، بڤەیە!
 
لە هەر وڵاتێک کۆلێرا بڵاوبووەوە بزانە لای بەرپرسەکانی گرنگ پینە و پەڕۆ و گرێدانی ئەمڕۆ بە سبەیە، گرنگ ئەوەیە کەسی یەکەم لێیان رازی بێت.
 
ئەمە یەکەم سوودی کۆلێرایە کە نەخۆشییەکی ترسناکت بۆ دەستنیشاندەکات، سوودەکانی دیکەی زۆر و زەوەندن، گرنگترینی ئەوەیە کە تەندروستی فرەسێکتەرە، کە دەڵێین تەندروستی تەنیا باسی وەزارەتی تەندروستی نییە، باسی هەموو ئەو کەرتە خزمەتگوزارییانەیە کە پەیوەندییان بە تەندروستیی خەڵکەوە هەیە.
 
لە بابەتی کۆلێرادا وەزارەتەکانی شارەوانی، کشتوکاڵ، نێوخۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و دەستەی ژینگە رۆڵیان لە وەزارەتی تەندروستی گرنگترە. لە دنیای نوێدا زۆرینەی سێکتەرەکانی دیکە تێکهەڵکێش و تەواوکەری کەرتی تەندروستین، سەدەیەکە لە هەموو دنیا سەردەمی ئەوە بەسەرچووە تەندروستی کورتبکرێتەوە لە نەخۆشخانە، دەرمان و نەشتەرگەری.
 
کاتێک سەوزە بە پاشەڕۆی شار ئاوبدرێت، کە زەویی تەخت و چاڵ زبڵخانە بێت، کە زبڵ و ئاوی سەرزەوی تێکەڵاوی یەکدی ببن و دواییش دەستلەملان تێکەڵی ئاوی ژێرزەوی ببن، وەزارەتی تەندروستی چی بکات؟
 
لە هەر وڵاتێک دیدگەی باڵادەستان لە تەندروستیدا لە نەخۆشخانە کورتبووەوە، مایۆکڵینیک و کڵیڤڵاندیشت بۆ دروستبکەن، وڵاتەکە لەڕووی حوکمڕانیی تەندروستییەوە شکستخواردووە، ئەم بیرکردنەوەیە 100 ساڵە بەسەرچووە. 
 
لە هەر وڵاتێک ژمارەی زۆری سەردانکردنی نەخۆشخانە لە کۆنفرانس و بۆنەکان بە شانازییەوە باسکرا، بزانە بەرپرسانی ئاگایان لە ئاراستەی نوێی جیهانی نییە لە بواری تەندروستیدا، لەڕاستیدا چەندە خەڵک زیاتر سەردانی نەخۆشخانەکانت بکات بزانە هێندە سەرنەکەوتووبوویت لە رێگریکردن لە نەخۆشکەوتنی کەسێکی ساخ، دوای ئەوە کارۆلیسنکاشت بۆ دروستکردبێت و لەوێ چارەسەری بکەیت، هەر دۆڕاندووتە.
 
کاتێک پەتای کۆڤید-19 بە جیهاندا بڵاوبووەوە، بەداخەوە بووەهۆی نەخۆشخستن و کوشتنی ئەو هەموو خەڵکە، بەڵام پەیامی گرنگی هەبوو کە بۆ کەسانی شارەزا و وڵاتانی پێشکەوتوو روون بوون و سوودیشیان لێوەرگرتن، کۆرۆنا تەندروستیی تاک، چەمکی خۆپارێزی و سیستەم و ژێرخانی کەرتی تەندروستی بردە قۆناخێکی نوێ، ئایا لە کوردستانیش وابوو؟ سوودمان لێی وەرگرت؟
 
کۆلێراش کۆمەڵێک پەیامی هەیە و دەبێت سوودی لێوەربگیرێت، بەڵام ئایا وا دەبێت؟ بە ناردنی ژیناو (موغەزی) و پێداویستیی پزیشکی بۆ ئەو شار و شوێنانەی کە کۆلێرای تێدا بڵاوبووەتەوە خەڵکی سادە هەڵدەخەڵەتێت، بەڵام ئایا کێشە بنەڕەتییەکە چارەسەر دەکرێت؟ ئایا پلان و پڕۆژەی ستراتیژی دادەندرێت بۆ بنەبڕکردنی مەترسییەکە.
 
کۆلێراش تێدەپەڕێت و ئەویش لەبیردەکرێت، لە کوردستان تەندروستیی خەڵک و کەرتی تەندروستیش پێشینە نەبووە و نییە، ئەمە سیاسییەکانی وڵات لێی بەرپرسن نەک وەزارەتی تەندروستی، هۆشیاریی تەندروستی خەڵک لەلایەن حکومەتەوە بە پلان کاری لەسەر نەکراوە، پەروەردەی تەندروستی لە پرۆگرامی خوێندندا نییە، ئەمانە و چەندین دەردی دیکە چارەسەر نەکرێن، کۆرۆنا و کۆلێرا دەڕۆن و پەتای دیکە شوێنیان دەگرنەوە.
 
تا پەتای داهاتوو، خواتان لەگەڵ!