ئەمریكا و قەتەر دۆخی نوێ

سەردار عەزیز


2 کاتژمێر پێش ئێستا

زەلمای خەلیلزاد دەگێڕێتەوە، جارێك لە دەوحە لە هەمان ئوتێلدا بوون لە گەڵ عبدالسلامی نوێنەری تالیبان، لە میانەی دانوستانی ئەمریكا و تالیباندا. ڕۆژێك زەلمای دەبینێت كە عبدالسلام وەستاوە و تەماشای حەوزی مەلەی ئوتێلەكە دەكات كە ئافرەتی تیادا بەجلی مەلەی ڕۆژئاوایی یان بكینی مەلە دەكەن.

زەلمای بە عبدلسلام دەڵێت برادەر لە بەهەشت دەچێت. عبدالسلام پێی دڕدۆنگ دەبێت.

ئەم سەربوردەیە دەرخەری پێگەی قەتەرە لە ناوچەكە، كە تیایدا ئافرەتی نیمچە ڕووت، نوێنەری تالیبان، لەگەڵ نوێنەری ئەمریكا و زۆری تر لە هەمان شوێندا كۆ دەكاتەوە. جێگایەكی وەها دەگمەنە. بەڵام وەها دیارە بەرەو كۆتایی دەچێت.

ئەو جێگایەی كە ئیسرائیلییەكان هێرشیان كردە سەری لە دەوحە، تەنها ١٣ كیلۆمەتر لە باڵوێزخانەی ئەمریكاوە دوور بوو، هەروەها تەنها ٤٤ كیلۆمەتر لە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمریكییەوە دوور بوو. لە هەمانكاتدا وەك لە مانگی ئایاردا بینیمان قەتەرییەكان خۆیان وەها دەبینی كە نزیكترین كەسن لە دۆناڵد ترامپەوە، فڕۆكەی تایبەتیان پێ بەخشی و بە تریلیون دۆلار وەبەرهێنان و چەككڕینان بە ئەمریكا بەخشی. بەڵام هیچی نەبوە ڕێگریی لەوەی قەتەر هێرشی بكرێتە سەر.

یەكێك لە خوێندنەوەكان بۆ هێرشەكە ئەوەیە كە ئامانجی هێرشەكە گەرچی ڕاستەوخۆ سەركردەكانی حەماس بوو، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ ئامانج قەتەر بوو. 

لە ئەنجامی ئەمەدا قەتەر هەست دەكات نە دەتوانێت بڕوا بە ئەمریكا بكات، نە ئیسرائیل، بەڵام لە هەمانكاتدا بنكەی سوپای توركی لە قەتەر بوونی هەیە، بەڵام هیچ سودێكی نەبوو. قەتەرییەكان هەر ئەوە نییە نیگەران و پەشۆكاون، بەڵكو زۆربەی سیستەمەكانی داتا كۆكردنەوە و سیخوڕییان لەلایەن كۆمپانیا ئیسرائیلیەكانەوە بەڕێوە دەبرێت.

مشتومڕی ئەوەی ئەمریكا ئاگاداربوو یان نا، جۆرێك لە ساویلكەیی بوو. ڕەنگە هۆكاری خۆ بە دوورگرتنی ترەمپ ئەوەبێت كە پرۆسەكە سەركەوتوو نەبوو. بەڵام گومانم هەیە لەم دیدە. ئەمریكا یان لایەكی تر هەواڵی هێرشەكەی بە شاندەكەی حەماس داوە، كەمێك پێش هێرشەكە. دەنگۆی ئەوەی كە شاندەكە مۆبایلەكانیان لەوێ جێهێشتوە، وەك نوكتە دەچێ. چونكە ئەگەر شاندەكە بزانن مۆبایلەكانیان لە لایەن ئیسرائیلەوە چاودێری دەكرێت ئیتر چۆن هەڵیدەگرن.

دەنگۆی ئەوەی كە ئەمریكا درنەگ زانیویەتی دیسانەوە مایەی پێكەنینیە. بەڵام ئەمریكا نەیزانیبێت، یان درەنگ زانیبێتی یان هەر كە سەرەتاوە ئاگادار بوبێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت كە قەتەر و هەموو كەنداو و ناوچەكە، ڕوبەڕوی دۆخێكی نوێ دەبنەوە.

ئەم دۆخەش خۆی لەوە دەبینێتەوە كە ناتوانن پشپ لە ئەمریكا بكەن، بەڵام هەتا بێت زیاتر و زیاتر هەست بە نادڵنیایی دەكەن. 

لە ڕاستیدا قەتەرییەكان و كەنداوییەكان لە غرورێكی باڵادا دەژیان كە هێزی ئیقلیمین و دۆستی ئیسرائیلن و ئەمریكایان لە ڕێگای پارەكانیانەوە كڕیوە. هەموو ئەم پرۆسەیە تڕ كەڵەكە دەرچوو.

سەرەتای ئەم مانگە ئیسرائیل مانگێكی دەستكردنی تایبەت بە سیخوڕی هەڵدایە ئاسمان. سەتەلایتەكە ناوی ئوفوق ١٩یە. ئوفوق لە زمانی عیبریدا وەك عەرەبی بە مانای ئاسۆ دێت. 

ئەم سەتەلایتە سیخوڕی بەسەر وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیلەوە دەكات، ئەوەی مایەی سەرنجە لە وڵاتە سیخوڕیی لەسەركراوەكان عێراقی تیادا نییە.

كەنداوییەكان هەڵەی گەورەیان كرد كە ترەمپیان پێباش بوو. چونكە ترەمپ چەندێك لە كەنداوییەكانەوە نزیك بێت، مانای ئەوە نییە، كە دۆستیانە. 

سیستەمی لیبرالی جاران كەنداوی دەپاراست هەتا ئاستێك. بەڵام ئەوە چیدی لە ئارادانییە. لە ڕاستیدا ترەمپ نەك وەك هەڕەشە بەڵكو وەك دەرفەتی بینی.

باڵایی تەكنەلۆجی، نەمانی بەها و یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی، وڵاتانی بچوك ناپارازێت، چونكە زۆر بە سادەیی كارتیان نییە. یان هێزیان نییە. 

مانگی یانزە محمد بن سەلمان سەفەر دەكات بۆ واشنتۆن. بڕیار وەهایە چەند تریلونێكی تر سەرف بكات. بەڵام بێگومان لە دۆخێكی نادڵنیایی زیاتردا.

سەردەمی داهاتوو سەردەمی ناسەقامگیریی و بێبەهایی و ململانێی زۆر دەبێت كە هێزە تەقلیدییەكان تیایدا ڕۆڵیان لاواز دەبێت. تەكنەلۆجیای باڵا، ژیریی دەستكرد، ڕۆڵی گەورە تیادا دەبێت. بە گشتی ئێمە بەرەو دۆخێك دەڕۆن ئەگەر خاوەن سەرچاوەی زانستی پێشەنگ نەبێت، دەبێت بەلای كەمەوە ژمارەی دانیشتوانت لە ٢٠٠ ملیون كەمتر نەبێت هەتا لە دونیادا پێگەت هەبێت. دونیا دەبێتەوە جەنگەڵ. بەڕێوەبردنی دونیا وەك شوانیی پشیلە دەبێت. پشیلەش شوانیی ناكرێت.