ئەگەر لە (١٥) ڕۆژدا بەربژێری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دیاری نەكرا چی روو دەدات ؟

هاوڕێ تۆفیق


2 کاتژمێر پێش ئێستا

بە گوێرەی مادەی (٧٦) ی دەستور كە پێكهاتوە لە (٥) بڕگە، نەخشە رێگای دەستوری كێشاوە بۆ دروستكردنی كابینەی حكومەت و چارەسەركردنی ئەو بەربەستانەی كە رەنگە رووبەرووییان ببێتەوەو سیناریۆی جێگرەوەی بۆیان دیاریكردوە، برگەی یەكەمی مادەی (٧٦) ی دەستور دەڵێت (سەرۆك كۆمار پاڵێوراوی گەورەترین پێكهاتەی پەرلەمانی (فراكسیۆنی زۆرترین ژمارە) رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ماوەی ١٥ رۆژدا لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە).

بڕگەی دووەمی هەمان مادە، دەڵێت ( سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو، ناوی ئەندامانی كابینەی وەزیرانی دیاری دەكات، لە ماوەی ئەوپەڕی ٣٠ ڕۆژدا لە ڕۆژی ڕاسپاردنەوە) برگەی سێیەمی هەمان مادە دەڵێت ( سەرۆك كۆمار پاڵێوراوێكی نوێ رادەسپێرێت بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو سەركەوتوو نەبوو ، لە پێكهێنانی وەزارەتەكەی لە ماوەی دیاریكراوی بڕگەی «دووەم»ی ئەم ماددەیەدا). بەگوێرەی ئەم بڕگەیە لە كاتی شكستی بەربژێری راسپێردراودا ، دەسەڵاتی دەستوریی بەخشراوە بە سەرۆك كۆمار بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی تر ، لە برگەی چوارەمی هەمان مادە، دەڵێت( سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو، ناوی ئەندامانی وەزارەتەكەی و كارنامەی وەزاریی پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، وادادەنرێت كە متمانەی بەدەستهێناوە ،كاتێك كە هەریەكە لە وەزیرەكان دانە بەدانە و بەجیا ، كارنامەی حكومی، بە زۆرینەی ڕەها دەنگی پێدرا).

بڕگەی پێنچەمی مادەی (٧٦) دەڵێت ( سەرۆكی كۆمار راسپاردنی پاڵێوراوێكی تر دەگرێتە ئەستۆی خۆی، بۆ پێكهێنانی وەزارەت لە ماوەی ١٥ رۆژدا، كاتێك كە وەزارەتەكە متمانەی بەدەست نەهێنا) ئەم برگانەی سەرەوە، زۆر كێشەی پێشبینیكراوی چارەسەر كردوە، ئەوانیش دوو بارودۆخە، یەكەمیان ناولێنراوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت كە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا ناوی وەزیرەكانی حكومەتەكەی پێ دیاری نەكرا.

بۆ چارەسەری ئەم كێشەیەیان دەسەڵاتی دەستوریی دراوە بە سەرۆكی كۆمار هەتاوەكو كەسێكی تر كە لەبری ئەو راسپێرێ. بارودۆخی دووەم،سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی ٣٠ رۆژدا لەگەڵ ئەوەی ناوی وەزیرەكان و كارنامەی حكومەتەكەی بۆ پەرلەمان نارد، بەڵام دەنگی زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا. دووبارە دەسەڵاتی سەرۆكی كۆمارە، كەسێكی تر رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.

بەڵام لەم دوو حاڵەتەدا لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی دەستوریی بەسەرۆك كۆمار دراوە كە ناوێك دیاری بكات، بەڵام رێبازی دیاریكردنی ناوەكەی روون نەكراوەتەوە. بەڵام ئەو راستیەش روونە كە باسی گەورەترین كوتلەی نەكردوە وەكو لە برگەی یەكەمی مادەی ٧٦ كاتێك زۆر بە روونی باسیكردوە ، ئەمەش مانای وایە سەرۆك كۆمار خۆی ئازاد و سەرپشكە ،هەتاوەكو دڵخوازی خۆی دیاری بكات ! دووبارە كێشەی لێكدانەوەو راڤەكردنی ئەم برگەیەمان بۆ دروست ئەبێت. ئایا سەرۆك كۆمار لەدەرەوەی پەرلەمان ناوێك دیاری بكات ؟ یان ئەبێ هەر لەرێگای كوتلەی ناو پەرلەمانەوە بێت؟هەتاوەكو ئێرە هەندێك كێشەی دەستوری ، جۆرێك لە چارەسەری جێگرەوەی دەستوریی بۆ دیاریكردوە. بەڵام ئەو برگەیەی كە كێشەی سەرەكیەو ناونیشانی ئەم باسەیە، ئەگەر لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە كوتلەی گەورەی (زۆرترین ژمارەی كورسی ) ناوێكیان پێشكەشی سەرۆك كۆمار نەكردو ماوەی١٥ رۆژەكەش تەواو بوو، چی روو دەدات؟ دەستور باسی ئەم كێشەیەی نەكردوە.

ئاشكرایە ١١ ی نیسان- ی ئەمساڵ ،سەرۆك كۆمار هەڵبژێردراو رێكەوتی٢٦ ی ئەم مانگە كە دەكاتە رۆژی یەكشەمەی داهاتوو، كاتژمێر دوانزەی شەو ، وادەی ١٥ رۆژەكە تەواو ئەبێ ، ئەی چی بكرێ؟ لە راستیدا جگە لە رێگای گەرانەوە بۆ دادگای فیدراڵی، هیچ رێگایەكی تر بونی نیە، سەرۆك كۆمار دەتوانێ، داوای لێكدانەوەو راڤەی دەستوریی بكات( تەفسیری دەستور) داوا لە دادگای فیدراڵی بكات ناوەرۆكی مانای مادەی ٧٦ ی بۆ بكەن، ئایا كوتلەی دووەم رابسپێردرێ؟ یان وەكو برگەكانی سێیەم و پێنچەمی مادەی ٧٦ ، دەسەڵاتی سەرۆك كۆمارە، خۆی كەسێكی تر بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رابسپێرێ؟ لە راستیدا ئەگەر پەیڕەوی پێوەری هاوتاكردن و پێوانەكردن بكەین، هەر دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار خۆیەتی ،هەتاوەكو ناوێكی تر دیاری بكات. بەڵام ئەم لێكدانەوەیە ئەبێ دادگا بیكات هەتاوكو كاری پێ بكرێ و نرخی دەستوریی هەبێت.

 بە كورتی و كوردیی سەرۆك كۆمار پێویستی بە دوو داوای تەفسیری لە دادگای فیدراڵی هەیە بیكات، یەكێكیان وەكو باسمانكرد پاش ١٥ رۆژەكە چی بكات؟ ئەوەی دووەمیان لە برگەكانی سێیەم و پێنچەم، كەسێكی تر كێیە ، كە سەرۆك كۆمار رای ئەسپێرێ بۆ پێكهێنانی حكومەت؟