نزیکبوونەوە لەخاڵی سفر

محەمەد ناوەندی


24/06/2022


دەبێ نهێنی ئەوە چی بێت لەشۆڕشی گەلی کوردستان ….ئەوانەی شۆڕشیان کردووە بەشی زۆریان پەشیمانن …

ئەوانەی لەسایەو سێبەری شۆڕش گەورەبوون وپێگەیشتوون بەشی زۆری نەفرەتی لێ دەکەن ………
نەوەی ئێستاو تازە پێ گەیشتوو ئەگەر بۆی بڕەخسێ ئارەزووی ڕوخاندنیان هەیە …

هەموو ئەو پرسیارانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەو بەدوادا چونی جدی هەیە و نابێ دەستەڵات ئەوە بەکەم سەیر بکات و سەرەتایەکی ترسناکە ، بەلام  پرسیارە گرنگە ئەوەیە …

ئایا ئەوە دەرهاوێشتەوئەنجامی مامەڵەی هەڵەی حوکمڕانی یە یان پيلانی دەرەکی ودوژمنانی کوردستانە ؟

هەر کامیان هۆکاری سەرەکی بن گرینگ نیە ئەوەی پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت بەو ئاستە گەیشتنە …

ئاستێکی ترسناک و دوورنیە ئەگەر مامەڵەی ژیرانەی بەمەبەستی چارەسەری لەگەڵ نەکرێ ئەنجامی چاوەڕوان نەکراو بەدوای خۆیدا بێنێت ..

لە سي ساڵی ڕابردوو نەتوانراوە تاک بەگیان وهزری نەتەوەیی وخۆشەویستی نیشتمان پەروەردە بکرێ و وەک پڕۆسەی پەروەردەی نیشتمانی کاریشی لەسەر نەکراوە ..

بەپێچەوانەوە کار لەسەر ناشیرین کردن و دێواندنی ڕێبەرو سەرکردەکانی شۆڕش کراوە بەڕادەیەک لەبڕی ڕێزو خۆشەویستی ئێستا بەئاشکرا نەفرەت لەگەورە شۆڕشگێڕەکان دەکرێ ..

ئەو دیاردەیە سەر بەئاقارێکی ترسناک دا دەکێشێ وئەزموونی گەلانی دوورو نزیک ئەوەی سەلماندووە ..

ئەگەر بەشێکی ئەو نەفرەتە ڕەفتاری ناشایەستەی هەندێک لەو شۆڕشگێڕانە بێت لەپاوان کردنی دەستەلات وسەروەت وسامانی گشتی و دەست گرتن بەگەندەڵیەوە ئەوا بەشە گەورەکە بۆ پشت گوێ خستنی پەروەردەو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاو تاکی کورد دەگەڕێتەوە لەڕاپەڕینەوە بەهەند وەرنەگیراوە ..

من زۆر جار ووتوومەو پەشیمان نیم لەوەی ڕاپەڕین وسەرکەوتنی شۆڕشی گەلی کوردستان پلانی تۆکمەو ئامادەکاری چەند ساڵەو ڕێکخستنی کۆمەڵگا ی کوردی تێدانەبوەو بەپێچەوانەوە  دەرەنجامی هەڵەی سیاسی وسەربازی ڕژێمی بەعس وگۆڕانکاری بووە لەسیاسەتی ئەمریکا ، هەربۆیەش بەکرچ وکاڵی وەک مناڵێکی لەبەر چوو لەدایک بوو ، ئەوەمانای وانیە شۆڕش بەتاڵ دەکەینەوە لە قوربانی دان و بەکەم سەیری ئەو تێکۆشەرانە دەکەین خەباتیان کردووە …

دەکرا ئەو دەسکەوتە بە گرنگتر سەیر بکرێ و پلانی نەتەوەیی ونیشتمانی جێگرەوەی خۆسەپاندن و پێ فرۆشتنەوەی خەبات بێ بە هاوڵاتیان ..

مۆرکی خاوەندارێتی وخۆسەپاندن لەبڕی هەنگاونان بەرەو پێشەوە شەڕی براکوژی و ستەمکاری بەرهەم هێنا …

چیتر پێویست بەهەڵدانەوەی لاپەڕەکانی پێشوو ناکات وئێستا ئەوکاتە چارەنوس سازەیە دەبێ دەستەڵاتی کورد لە سفربونەوەی گیانی شۆڕشگێڕی ومتمانە نەمان بەدەستەڵات بسڵەمێتەوەو هەنگاوی کرداری بەرەو چاکسازی ڕاستەقینەو گێڕانەوەی متمانەی هاوڵاتی بنێت ،  بە پێچەوانەوە کەمتەرخەمی وگوێ پێ نەدان و بەهەند وەرنەگرتنی ئامۆژگاری دۆستان و قەبوڵ نەکردنی واقیع لەخەوی غەفڵەت بەئاگامان نەهێنێتەوە نابێ ئەوە بەدوور بزانرێ بەیانیەک بەدروشمی ( بڕۆخێ ) بەئاگا ببنەوە و ئەوکات هەموو شتێک تەواو بووە …

محەمەد ناوەندی