جوو، ئاینە یان نەتەوە، ژمارەیان چەندە؟

مەریوان نەقشبەندی


07/09/2022

جوو، ئاینە یان نەتەوە؟ ژمارەیان چەندە و چ كاریگەریەكیان لەسەر جیھان ھەیە؟

بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان، ئاینی جوو وەك گروپێكی نەژادی و ئاینی لەھەزارەی دووەمی پێش میلاد لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەبەشێكی وڵاتی شامی ئەوكات دەركەوتون،كەلەئەدەبیاتی خۆیان پێی دەڵێن خاكی پیرۆز یان خاكی ئیسرائیل.

لەسەدەی دووەمی میلادیەوە جووەكان دەستیان بەبڵاوبونەوە بەناوچە جیاوازەكانی جیھان كردوە، بەشێكی زۆر لەجووەكان و بەتایبەتیش عەلمانیەكانیان پێیان وایە جوو نەتەوە و ئاینیشە لەھەمان كاتدا،بەڵام ئەوجووانەی كەئیلتیزاماتی دینیان ھەیە زۆر گرنگی بەلایەنی نەژادی نادەن و زیاتر تەركیز دەكەنە سەر ئاین و باوەڕدارانی ئاینەكەیان بەھەڵبژێردراوی خوا دەزانن و بەشێكیان كە بە(حرێدیم)ناسراون پابەندیەكی زۆر توندی كلتورو نەریتی ئاینی و بیروباوڕیان ھەیە بەجۆرێك كەنایانەوێ لەگەڵ تەكنەلۆژیا و گۆڕانكاریە زانستیەكانی جیھان مامەڵە بكەن و بەردەوامن لەسەر ژیان و نەریتی كۆنی خۆیان.

بەشێكی زۆر لەجووەكان دەڵێن ھەركەس دەتوانێ ببێتە جوو ئەگەر لەدڵەوە پرەنسیپ و كتێبی تەوراتی قبوڵ بێت و شارەزایی لێوەرگرتبێ،ھەندێكیشیان دەڵێن ھەركەس دایك و باوك یان یەكێكیان جوو بێت دەكرێ بە جوو تۆمار بكرێت،بەڵام زۆربەی حاخامەكان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن كە تەنھا ئەو كەسەی دایكی جوو بێت دەبێتە جوو،زۆر لەحاخامەكان دەڵێن بەپێی شەریعەتی ئاینی و نەریتیان نابێ ئافرەت پلەی ئاینی وەرگرێت و ناتوانێ ببێتە حاخام، بەڵام بەشێكی تر لەجووەكان ئەم بیرۆكەیە رەتدەكەنەوە و دەڵێن ھەر ئافرەتێكی جوو دوای خوێندن و تاقیكردنەوە و تێپەڕاندنی قۆناغەكان دەتوانێ ببێتە حاخام.

جووەكان پێشتر روبەڕوی چەندین ھەڵمەتی پاكتاوكردن بونەتەوە كەرەنگە نازیەكانی ئەڵمانیا زۆرترین تاوانیان بەرامبەر جووەكان ئەنجامدابێت لەئەوروپا و پرۆسەی بەدناوی ھۆلۆكۆست كە نزیكەی ٦ ملیۆن جووی ئەوروپا تێدا بوە قوربانی گەورەترین پرۆسەی كۆمەڵكوژیە لەمێژووی جوەكاندا ،ئێستا ژمارەی باوەڕداران یان نەژادی جووەكان لەجیھاندا نزیكەی ١٥ ملیۆن كەس دەبێت و دەبنە دەیەم گەورە ئاینی جیھان.

جووەكان تەنھا ٢٪‏ی دانیشتوانی جیھان پێكدێنن بەڵام كاریگەری ئابوری و زانستی و تەكنەلۆژیان لەسەر جیھان ئێجگار لەقەبارەی خۆیان گەورەترە،بەجۆرێك كە ٢٠٪‏ی ھەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵ لەجووەكانن،بەپێی ئەو زانیاریانەی كوردانی جوو بڵاوی دەكەنەوە ئێستا ژمارەی كوردە جووەكان لەئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا لەنێوان ٢٠٠ - ٣٠٠ھەزار كەس دەبن،و لەزۆربەی شارو شارۆچكەكانی ھەرێمدا گەرەكێك یان شوێنێك بەناوی جووەكان ھەیە و شوێنەوارەكانیان ھێشتا ماوەتەوە،گەورەترین گروپی جووەكان لەرۆژھەڵاتێ ناوەڕاست دوای ئیسرائیل لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەژین،لەوڵاتانی عەرەبیشدا تەنھا وڵاتی مەغریب ئاماژەی بەبونی زیاتر لە ٢٥٠٠ جوو لەوڵاتەكەیدا كردوە،لەدوای دروستبونی دەوڵەتی عیراقیشەوە كەسایەتیەكی جوو(ساسۆن حەسقیل) وەزیری دارایی عیراق بوە كەبەبونیادنەری ئابوری عیراق دادەنرێت.