مووچە، یان کۆمەکی قەیران

عارف قوربانی


28/03/2020

ڤایرۆسی کۆرۆنا شانبەشانی مەترسییە تەندروستییەکانی بۆ سەر مرۆڤایەتی، بووەتە هەڕەشە لەسەر ئابووریی وڵاتان. ئەگەر بڵاوبوونەوەی بەو خێراییە و تەشەنەکردنی بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوامبێت، ئەوە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە چیرۆک و هەواڵی تراژیدیای زۆر گەورە و مەترسیدارتر دەبیستین وەکو لەوەی تاوەکو ئێستا لەڕووی تەندروستییەوە دەرکەوتووە.
 
حکومەتەکانی وڵاتانی دونیا درک بەو مەترسییە دەکەن، بۆیە بە ئەندازەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە وڵاتەکانیاندا، خەریکی پلانی ئابوورین تاوەکو لە ئێستاوە خۆیان بۆ لێکەوتە و کاریگەریی ئەو قەیرانە ئابوورییە چاوەڕوانکراوە ئامادەبکەن، بۆئەوەی میللەتەکانیان بە کەمترین زیان لێی دەرچن.
 
لە کوردستان حکومەتی هەرێم لە هەنگاوی یەکەمدا ئەو پلان و بەرنامانەی هەیبوون بۆ رێگری لە خێرا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو بوون. لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرکەوتووان و هەنگاوەکانی چارەسەری، ئەگەر لەپێش زۆربەی وڵاتانەوە نەبێ، شانبەشانی وڵاتە گەشەکردوو و پێشکەوتووەکان ناوی دێت. تاوەکو ئێستا لە رێژەی تووشبووان و ئاستی تەشەنەکردن و چاکبونەوە و رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە، کوردستان لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندایە، ئەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەکو پێوەر دیاریی کردوون.
 
بەڵام هەر ئەمە بەس نییە، چونکە ئەمە بەشێکی مەترسییەکەیە. هەڕەشە گەورەکە لە مانەوە و بەردەوامیی زیاتری ئەم دۆخەیە و کاریگەرییەکانێتی بۆ سەر کەرتی ئابووری. ئایا هەرێمی کوردستان بۆ ئەم دیوەی تری مەترسییەکە چی پێ دەکرێت؟ تواناکانی هەرێم لە چی ئاستێکدایە بۆ داڕشتنی پلانێکی ئابووری کە وەکو چۆن لە جۆری مامەڵکردن لە ساتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، سەرکەوتوو بوو، بتوانێ لە دروستبوونی مەترسییەکانی کێشە ئابوورییەکانیشدا زیانەکانی لەسەر خەڵک کەمبکاتەوە.
 
بەداخەوە شارەزایانی ئەم بوارە، ناوەندە زانستییەکانی وەکو زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە، هیچ جووڵەیەکیان نییە کە یارمەتیدەربێ بۆ بەرچاوڕوونیی بڕیاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە خۆئامادەکردن و دانانی پلانی پێشوەختە بۆ ئەو مەترسییە چاوەڕوانکراوە. هەروەها کارەکتەرە سیاسی و پەرلەمانتار و نوخبەی دەستەبژێری ناو کۆمەڵگە و میدیاکانیش هەموو ئەم پرسە گرنگەیان تەنها لە مووچەدا کورتکردووەتەوە و پێیان وایە بە دەستەبەرکردنی مووچە و دابەشکردنی لەکاتی خۆیدا لەو مەترسییە دورمان دەخاتەوە، کە لە راستیدا لەبەر زۆر هۆکار ئەمە راست نییە.
 
جارێ لانی کەم لەبەر ئەوەی سیستەمی ئێمە بە جۆرێکە هەموو خەڵک مووچەخۆر نییە. بیست لە سەتی کۆمەڵگەی ئێمە مووچە لە کەرتی حکومی وەردەگرێت. لەوەشدا بە نادادپەروەری شۆڕبووەتە خوارەوە، خێزان هەیە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی مووچەخۆرن، لە بەرانبەریشدا سەتان خێزان هەن هیچ مووچەیەکیان نییە. هۆکاری ئەمەش ئاشکرایە کە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە بنەڕەتەوە ژێرخانی ئیداریی ئێمە ژێرخانێکی حیزبی بووە نەک حوکمڕانی. بۆیە دەرفەت تەنها بۆ خێزان و کەسوکاری ئەوانە زیاتر رەخساوە لە کەرتە حکومییەکاندا دامەزرێن کە سەر بە دوو حیزبی دەسەڵاتدار بوون. بۆیە ئەگەر وەکو خێزان و ماڵبات بڕوانینە ئەوانەی مووچەخۆری حکومەتن، بەراورد بە کۆمەڵگە بەگشتی، دەکرێ بڵێین خێزانە مووچەخۆرەکان کەمینەی کۆمەڵگەی کوردی پێکدەهێنن. بۆیە هەر پلانێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی لە دۆخێکی وەکو ئێستا لەسەر بنەمای پێدانی مووچە بنیات بنرێ، ناتوانێ میللەتەکەمان لە برسێتی رزگاربکات.
 
چونکە ئەم پلانە تەنها دەرەقەتی خێزانە مووچەخۆرەکان دێت. ئەی ئەوانەی کە هیچ مووچەیەک وەرناگرن و بژێوییان لەسەر کاری رۆژانە بووە و ئێستا هەموو لە ماڵەوە دەرگاکان بەسەریاندا داخراوە، چی بکەن بە سەرچاوەی داهات بۆ بژێوویی ماڵ و مناڵیان، کە زۆرینەی کۆمەڵگەکەش لەم بەشەیان پێکدێ.
 
حکومەت دەبێ پلانی بۆ هەموو خەڵک هەبێ نەک تەنها بۆ چینی مووچەخۆرەکانی.
 
هەرچەندە ئەوەشمان لەبەرچاوە کە سەرچاوەکانی دەستەبەرکردنی مووچەش سەرچاوەی چەسپاو نین. چی ئەو بەشەی لە بەغداوە دێت بۆ هەرێم و چی ئەوەی لە فرۆشی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆ، کۆدەکرێنەوە. هەموو ئەمانەش پەیوەستن بەیەکترییەوە و بەستراون بەو دۆخە جیهانییەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستیکردووە. تاوەکو زیاتر بەردەوامبێت و ئەو ڕێکارانەی لە جیهان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی گیراونەتەبەر، وەکو خۆیان بمێننەوە، سەرچاوەکانی داهاتی حکومەتەکانیش کەمدەبنەوە. بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی نزیکە کە پێش زۆربەی وڵاتانی دیکە، رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببێتەوە.
 
ئێمە پێشتریش بەهۆی قەیرانی دارایی ساڵی 2014  کێشەی پێدانی مووچەمان هەیە. بەشێک لە مووچە پاشەکەوتکرا، بەشێک هەر نەدراوە و دواکەوتووە. ئێستاش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چوار مانگ لە پاشە و لەکاتی خۆیدا نادرێت. بۆیە ئەگەر لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و رەخساندنی دەرفەتێکی یەکسان بۆ تەواوی کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی سەختی ئابووریی چاوەڕوانکراودا، چەند مووچەیەکی دیکەی مووچەخۆران کەڵەکەبێ لەسەر حکومەت، لەوە باشترە کە بەهۆی بەشێکی کەمی کۆمەڵگەکەوە هەموو میللەتەکە بکەوێتە مەینەتییەوە. دەبێت مووچەخۆرانیش لەوە تێبگەن کە حکومەت تەنها بەرپرس نییە لە ژیانی ماڵ و مناڵی مووچەخۆر، بەڵکو بەرپرسە بەرانبەر بە ژیانی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان.
 
بۆیە پێشنیاز دەکەم ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بوو، خەڵک هەر لە ماڵەوە بوون و نەیانتوانی بچنە سەر کار، ئەوە حکومەت بڕیارێکی ئازایانە بدات، ئەو پارەیەی دێتە بەردەستی بەناوی کۆمەکی قەیران لەڕێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزان بە یەکسانی دابەشیبکات بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا.
 
بۆ نمونە ئەگەر هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن کەسی تێدا بژی، هەریەکە و بڕی سەت هەزاری مانگانەی بداتێ، دەکاتە شەش سەت ملیار. شەش سەت ملیار بداتە هەموو میللەت باشترە لەوەی نۆ سەت ملیار بداتە بیست لە سەتی خەڵک. لەو پارەیە کەمترە کە دەبێ لەڕێی مووچەوە بیداتە کەمینەیەکی کۆمەڵگە. تاوەکو ئەم ئەزمەیە تێدەپەڕێت پەیڕەوی ئەم ڕێکارە بکات. بەمە جیاوازی لە نێوان مووچەخۆر و بێ مووچە نامێنێت.
 
دەبێت حکومەت چاوی ئەو بەشە زۆرەی خەڵک ببینێ کە قوتی ماڵ و مناڵیان لەسەر کاری رۆژانە بوو، ئێستا ئەو بەشەیان هیچ جووڵەیەکی نەماوە و سەرچاوەی داهاتیان یەکسان بووە بە سفر. هەزارانیان کرێنشین بوون، نەخۆشیی درێژخایەن لە ماڵەکانیاندایە، هیچ پاشەکەوتێک لە ماڵەکانیاندا نییە، چونکە داهاتیان ئەوەندە بووە ژیانی رۆژانە بەڕێبکەن.
 
کە بڕیاربێ هەموو هەر لە ماڵەوە بن، پێویستییە خۆراکییەکان و مەسرەفی رۆژانەشمان وەکو یەکی لێدێت. بۆیە پێویستە حکومەتیش بە چاوێکی یەکسان لە هەمووان بڕوانێت و تاوەکو ئەم دۆخە تێدەپەڕێت، ئەوەندەی دێتە بەردەستی بە یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەشی بکات.