بۆچی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئێمە گرنگە؟

بڵێسە جەبار فەرمان


24/12/2022

كورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، یان كورد گەلی بێ وڵات. ئەمە یەكێكە لەو پێناسانەی كە بۆ كورد دەكرێت. ھەرجارێك ئەم پێناسەیە دەخوێنمەوە یا دەبیستم پەست دەبم و جۆرێك لە شەرم دامدەگرێت. 

پەست بوون لە دوژمنەكانمان و ئەوانەی بوونە ھۆكاری دابەش بوونمان نا، بەڵكو لە خۆمان. 

كورد، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ھۆكاری سەرەكی دەردەسەریەكانی دەزانێت، بەڵام لە بری دروست كردنی لۆبی و دیبلۆماسیەت و سیاسەتكردن لەسەر بنەمای دەوڵەتداری لە دژیان، پەنا دەبات بۆ شاخەكان و دژ بە وڵاتانی داگیركەری كوردستان دەجەنگێت.

وێنەی كورد لە زھنی جیھان و خۆمانیشدا وێنەی پێشمەرگەیەكە بە بڕنەوەوە لە چیا سەركەشەكانی كوردستان لە سەنگەردا.

دەوترێت لە سیاسەتدا دۆستایەتی و دوژمنایەتی تا سەر نیە. بائێمەش بە لیستی دۆست و دوژمنەكانمان دا بچینەوەو لەسەر بنەمای دەستكەوت بۆ نەتەوەكەمان سیاسەتمان داڕێژین.

پرسی كورد چەن ناوخۆیی و پەیوەندی بەدەوروبەرەوە ھەیە، لەوە زیاتریش پەیوەندی بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلمیەوە ھەیە.

دۆزی كورد لە مەتبەخی سیاسی جیھان دا بڕیاری لەسەر دەدرێت. كەواتە مەحفەلی نێودەوڵەتی ھەمیشە یەكلاكەرەوەیە.

كورد دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بە لیستی دۆست و دوژمنەكانی دا بڕواتەوەو دۆستایەتی و دوژمنایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بكات.
دەوترێت كورد ھەمیشە خیانەتی لێ دەكرێت و ھەرزان فرۆش دەكرێت. ئایا ھۆكاری ئەم بەكارھێنانەی كوردو دواتر پشتتێكردنی بێ شەھامەتی ئەو وڵاتانەیە یا ساویلكەیی كوردە؟

دەرس لە مێژوو وەرگرتن و پێداچونە بە سیاسەت و ستراتیجیەتەكان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ بۆ ئایندە دەبێت لە دەستپێكی شێوازی كاركردنمان بێت.
شەرمە لەمە زیاتر گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات بین.

لە ئێستا بە دواوە دەبێت سنورە دروست كراوەكانی نێوان بەشەكانی كوردستان نەھێڵرێت و كارو سیاسەتی ھاوبەش لەنێواندا دابڕێژرێت. 

بەرخورد كردنمان لەگەڵ ھەموو بەشەكانی نیشتمان لە روانگەی نەتەوەییەوە بێت.
پشتیوانی سیاسی یەكتر، پشتیوانی كالتوری و ئابوری یەكتر، لەجیاتی دەستتێوەردان لە كاروباری یەكتر، كە داگیركەر سودی لێ دەبینێت. باشترینە. با ئەو سنورە دروست كراوەی غەدری وڵاتان و مێژوو بە پشتیوانی لەیەكتر كاڵ بكرێتەوە.

كورد سەرباری مەترسیەكان لەسەری بەھۆی بوونی حوكمڕانیەكی نیمچەیی لە ھەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەتوانێت ھێزی دیبلۆماسی بەكاربھێنێت. لە رێگەی كەناڵی جیاجیاوە كە دەتوانرێت كار بكەنە سەر بیروڕای ناوەندی بڕیار بەدەستی جیھانی. ھەروەھا تێگەیاندنیان لەسەر كرۆكی كێشەی مێژوویی ناوچەكە ئەو كێشەیەی كە بڕیاری نێودەوڵەتی خۆی دروستی كردوە. دواجار ئەركی ئەوانە چارەی بكەن و ئەركی كورد خۆشیەتی تێگەیشتنی چارەسەریان بۆ دروست بكات.

رۆژئاوای كوردستان بۆ ھەرێمی كوردستان گرنگیەكی ستراتیجی ھەیە، ھەرێمی كوردستانیش بایەخی زۆر ستراتیجی تری بۆ رۆژئاڤا ھەیە. كوردستانی عیراق شەریكی راستەقینەی سەركەوتنی حوكمڕانی رۆژئاڤایەو بەھێزی پێشمەرگە بەشداری شەڕەكانی دژی تاریكپەرستانی داعش كرد.

نوسینگەی فەرمی كانتۆنەكانیش لە سلێمانی كرایەوەو، ئیعتراف كرا بەو ئەزموونە كوردستانییە لە رۆژئاڤا.

لە ئێستادا بەرەیەكی ھاوبەش وەك بەرەی دژ بە تیرۆر، ئاوەھاش بەرەیەكی كوردستانی ھاوبەش زەرورەتی خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی كوردستانە.

بۆچی رۆژئاڤا بۆ ئێمە گرنگە، چونكە تاقە حوكمڕانیەكە بە خوێنی كوردی ھەر بەشی كوردستان ئازاد كراوەو ھەرێمی كوردستانیش رۆڵی راستەوخۆی ھەبوو لەو سەركەوتنە. لەھەمان كاتدا دوژمنی ھاوبەشمان ھەیەو خاڵی ھاوبەشی خوێن و كەلتورمان ھەیە. پشتیوانی كردنی یەكترو دۆستی نێودەوڵەتی زیاتر كردن تەجروبەكە ئەباتە قۆناغێكی پێشكەوتوو تر.

ھەرێمی كوردستان و رۆژئاڤا لەسەر ھێڵی ھەناردە كردنی نەوت و گازن بە بەندەرەكانی جیھان.

بوونی ئەم ھێڵە گرنگە ھاوپەیمانی نوێ و دۆستی نوێمان بۆ پەیدا دەكات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش.

باش ئیدارەدانی ئەم مەلەفە كورد دەباتە ئاستێكی تر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی.
بێگومان ئەم ھاوكێشەیە لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و بەكرێگیراوەكانیان نیە. بەدڵنییایەوە دیسانەوە لەناو خۆماندا لە ئیدارەدانی ئەو مەلەفە ناكۆكیمان دەبێت و ھەندێ لایەن لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ دژایەتی دەكەن.

ئەمە بێجگە لەوەی ئەو ھێڵە حەریریە كە ساڵانێكی زۆرە لە لایەن چینەوە كاری بۆ دەكرێت بە رۆژئاڤا و ھەرێمی كوردستان دا تێدەپەرێت. ئەم ناوچەیە بەو ھۆیەوە بازرگانی جیھان دەبەستێتەوە.

بەرژەوەندی ھاوبەش و ھێڵی ئاسنین ئسرائیل و سعودیەی پێكەوە خستە بەرەیەكەو و ھاوپەیمانی و پەیماننامەیان لە نێوان خۆیان دا ئەنجام دا.

یەكێك لە پایە گرنگەكانی سیاسەت بریتیە لە ئابوری.

وەك ئاماژەم پێی دا سیاسەتی جیھانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەكان پەیڕەو دەكرێت.

گەر كورد بە لێھاتوویی سیاسەت بكات، دەتوانرێت دەرگای ئەم سیاسەتە لە گۆڕەپانی جیھانیدا بەسەر كورد دا بكرێتەوە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك ھێزێكی كوردستانی كاریگەر بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ئەو ھاوكێشە نوێیانەی سیاسەت و چی لەبەرژەوەندی یەكڕیزی نیشتمانی گەلەكەمان بێت درێغی نەكردووەو نایكەین.

بەتابەتیش بۆ زیندوو كردنەوەی نەریتی پشتیوانی بەشەكانی تری كوردستان.  دیداری یەكێتی بڕیاری پەیڕەو كردنی سیاسەتی پشتیوانی دا. لەھەمان كاتدا دەستێوەردانی رەتكردۆتەوە، یەكێتی وەك ھێزی حوكمڕان لە ھەرێمی كوردستاندا توانیویەتی ئەزمونێكی باش لە راگرتنی باڵانس پێشكەش بەم خەباتە بكات.

لە گوتاری سیاسی باڵای یەكێتیەكەماندا ئەم نەھجە بە روونی ئاماژە پێ دەكرێت نەك ھەر ئەوە لە دیدارو كۆبونەكان لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكان ئاماژە بە پەرۆشی یەكێتی بۆ یەكڕیزی نیشتمانی لە پێناو ئامانجە باڵاكاندا دەكرێت و شاھیدی بۆ دەدەن.

لە ماوەی رابردودا بە نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشدار بوین لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدالەگەڵ پارتەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆبووینەوە 

بەئامادەبوونی ئاسیا عەبدوڵا بەپرسی  پەیەدەو عەبدولكەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندیەكانی كانتۆنەكانی رۆژئاواو سەرۆك و نوێنەری زیاتر لە حەوت پارتی تری رۆژئاوا. ھاوكاری و پشتیوانیەكانی یەكێتی و  سیاسەتی یەكێتی بۆ پرسی رۆژئاوای كوردستان روون كردەوە. لایەنەكانی ئامادەبووی كۆبوونەوە رۆڵی یەكێتیان لە سەرخستنی ئەزموونی رۆژئاوا بەرزنرخاند. بوونی ھەماھەنگی و كاری ھاوبەشی سیاسیان بە پێویست زانی.

ئەم ھەوڵانە دواجار دەڕژێنە جۆگەڵەی بەھێزكردنی بەرەی ناوخۆییمان و پەیداكردنی پشتیوانی بۆ نزیك بوونەوە لە ئامانجە باڵاكانی گەلەكەمان.

بۆ ئەوەی چیتر نەوترێت كورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، ئەو دوو ئەزموونەی حوكمڕانی كوردستان بە ھاوكاری یەكترو ھاوبەشیكردنی زۆرترو كردنەوەی سنوری زۆرتر لەنێوان دا بەھێز بكرێت. ھەم بۆ خۆشگوزەرانی ھاونیشتمانیانی ھەردوو لاو ھەم پتەو كردنی بەرەی دژایەتی كردنی تیرۆر، ئاكامیش لە فۆرمێكی باشتر لە ئێستا ببێتە ناوكی دەستخستنی مافی چارەنووسی كوردستان.