تكایە زمانی دایك تێك مەدەن

مەلا بەختیار


22/02/2023

دوێنێ‌ رۆژی جیهانی زمانی دایك بوو. نوسینێكی بێشومار لەسەر زمانی دایك نوسرا. ویستم ئەمڕۆ رای خۆم دەرببڕم. كە ئەمەی خوارەوەیە..

یەكەم: سۆسیال-میدیا، ئەگەر چاودێری نەكرێ‌، كێشەیەكی گەورەیە بۆ زمان. ئێستا هەموو كەسێك، نوسەریش نەبێ‌، دەبێتە نوسەر! نوسینەكەشیان لەڕووی ناوەرۆك‌و زمانەوانیەوە، بێ‌ سانسۆر بڵاودەكرێتەوە. بۆیە، لەمبارەوە مەترسیەكی گەورە لەسەر زمانی دایك سات بە سات هەیە!!

دووەم: میدیای رەسمی كوردی، هێشتا پێویستیان بە پسپۆڕی زمان هەیە. ساتێك تێناپەڕێ‌، هەڵەی داڕشتن‌و رێزمان لە تەلەفزیۆنەكان‌و چاپەمەنیەكان، نەچەقنە چاو.

سێهەم: كتێبە چاپكراوەكان، زۆریان پڕن لە هەڵەی رێزمان‌و داڕشتنی ناقۆڵا. نوسەری ناودار هەیە، چ لە نوسینی سیاسی‌و چ لە ئەدەبیدا، بەتایبەتی رۆمان، هەڵەی زەق زەق دەكەن. ئەمەیان وەزارەتی رۆشنبیری لێی بەرپرسیارە. چونكە ئەم كتێبانە بە كەمترین فلتەری زمانەوانی ژمارەی سپاردنیان پێدەدرێ‌!!

چوارەم: وەزارەتی رۆشنبیری، بۆ هەڵسەنگاندنی كتێب، پێویستە باشترین زمانەوان دابمەزرێنێ‌. نەك تەنها ئەوانەی بڕوانامەی زمانی كوردییان هەیە. هەندێك لەمانە، وێرانكەری زمانی كوردین. چونكە بڕوانامە هەرگیز ناتوانێ‌ سەلیقەی زمان بداتە خاوەن بڕوانامە.

پێنجەم: تازە، ئاسان نییە حكومەت بتوانێ‌ زمانی یەكگرتووی كوردی لەم ساڵانەدا گەڵاڵە بكات. بەڵام ئەركە، وەزارەتی پەروەردە لە پەروەردەكردنی قوتابیاندا، لەبنەچەوە، ستراتیژی داڕشتنی زمانی یەكگرتوو، لە كۆزارەكانی زمانی كوردیەوە، باشتر بخاتە بەرنامەو بڕیارەكانیەوە.

شەشەم: لە هەموو ئەو خاڵانە كارەساتبارتر، ئەوەیە كە هێشتا لە سێ‌ بەشی كوردستاندا، زمانی كوردی، قەدەغەیە. لە زۆر وڵاتان كە زمانی دایك قەدەغەش نیە، وەكو یونسكۆ رایگەیاندووە، هەزار زمان‌و شێوە زار خەریكە دەفەوتێن. جا وەرە لە سێ‌ بەشی كوردستاندا، زمانی دایك قەدەغە بێت، ئیتر بزانین چ مەترسیەك لەسەر زمانی كوردی هەیە؟!

لەگەڵ رێزم بۆ ئەو خەمخۆرانەی بۆ خزمەتكردنی زمانی دایك زیندان‌و هەڕەشەو ئەشكەنجە، كۆڵیان پێ‌نادات. بۆ ئەوانەش كە وشەی نوێی كوردی دەدۆزنەوەو لە فەوتان رزگاری دەكەن.