یەكپەنجەرە و ئامانجێكی گەورە

مەریوان عەبدوڵا


13/03/2023


سیستمی كلاسیكی مامەڵەی كاغەزی نزیكەی چارەكە سەدەیەكە لە زۆرینەی وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا هیچ ئاسەوارێكی نەماوە و بووەتە بەشێك لە مێژووی پرۆسەی بەڕێوەبردن و كارگێڕی بۆ قۆناغی پێش گەشەسەندنی تەكنەلۆژیا و سیستمی دیجیتاڵی ، مێژووی مامەڵەی كاغەزی سەرباری گرفت و پڕ سەرئێشەیی دەیان سەدە مرۆڤایەتی دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرم كردووە و بۆ سەردەمی خۆی تاكە ئامراز و رێگە بووە بۆ رایكردنی كارو باری رۆژانە و ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییە دیبلۆماسیەكان، لەم ساڵانەی دوایی هاوشێوەی كۆی سیستمە كلاسیكییەكانی دیكە لە زۆرینەی وڵاتانی دونیا سیستمی كاغەزی بارگەو بنەی پێچاوەتەوە و سیستمی پێشكەوتووی دیجیتاڵی شوێنی گرتووەتەوە.

هەرچەندە بۆ دونیای  پێشكەوتوو گەشەسەندووی ئەمڕۆی بواری تەكەنەلۆژیا سیستمی دیجیتاڵی یان ئەلكترۆنی كارێكی نوێ نییە بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان لەنێو ئەم هەموو گرفت و قەیرانەدا و چەقبەستووی بەڕێوەبردن بەدڵنیاییەوە هەنگاوێكی نوێ و جێ بایەخە , ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەم رۆژانەدا جارێكی دیكە سیستمی "یەكپەنجەرەیی" بە ئەلكترۆنیكردنی كارو باری فەرمانگەكان چەند هەنگاوێكی دیكەی ناوە و وا دەردەكەوێت زۆر نەبات لە ساڵانی ئایندەدا هەرێم ببێتە خاوەنی سیستمێكی پێشكەوتووی دیجیتاڵی, كە ئەمە تاڕادەیەكی زۆر گرنگییەكی گەورەی هەیە بۆ كارئاسانی رایكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و تاداشینی بەشێك لەو قەیران و بەهەدەردان و رۆتینە زۆرەی كە هێز و تینی لە دامەزراوە حكومییەكان بڕیووە . 

لەنێو ئەم قەیران و گرفتە كەڵەكەبوانەی كە ساڵانێكە سیستمی بەڕێوەبەردنی وڵات تێی كەوتووە لە دایكبوونی سیستمێكی هاوچەرخ هەناسەو تەوژمێكی نوێیە بۆ خستنەسەر رێی پرۆسەی چاكسازی لە سیستمی بەڕێوەبردن و كارگێڕی دامەزراوەكاندا ,ئەوەی روونە سیستمی یەكپەنجەرە سەرەتاكەی بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر و بۆ بیرۆكەو هەوڵێكی  زۆر و بێ ووچانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە و كۆڵی نەدا تا ئەوەی پرۆژەكەی خستە سەر پێ و لە چەند فەرمانگەیەك جێبەجێی كرد ، ئەم كارەی جێگری سەرۆكی حكومەت لە زۆر رووەوە و لەبەر دەیان هۆكار هەنگاوێكی یەكجار گرنگ و پێویستە بۆ هەرێمی كوردستان و بەتەواوی جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە، لەو روانگەیەوەی ساڵانێكە دامەزراوە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان گیرۆدەی سیستمێكی دواكەوتووی بەڕێوەبردنە كە ئەویش سیستمی كۆنی كاغەزییە كە جگە لە وڵاتانی دواكەوتوو لە هیچ وڵاتێكی گەشەسەندو باوی نەماوە،  ساڵانێكی زۆرە فەرمانگەو دامەزراوەكانی هەرێم بەهۆی ئەم سیستمە كلاسیكیەوە رووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوەو ئاستەنگی گەورە لەبەردەم مامەڵەو ئیش و كاری رۆژەنەی خەڵك دروست بووە ، ئەمە جگە لەوەی هەزاران دەرگای بەرووی گەندەڵی و رۆتین و كاری ناڕەواو بەرتیل كردووەتەوە, لەوانەش خراپتر خنكاندنی توانا مرۆییەكانی نێو فەرمانگەكانە تا ئاستی پەكخستنی توانای كارامەیی و نەهێشتنی دەرفەتی گەشەسەندن و پێشكەوتن و پەل هاویشتن. 

ئێستا كە بەهەوڵی جێگری سەرۆكی حكومەت هەنگاوی گەورەو بنیاتنەر نراوە بۆ جێبەجێكردنی سیستمی بە ئەلكترۆنیكردنی دامەزراوە حكومییەكان ، ئەم پرۆژەیە بۆ هەرێمی كوردستان دەرفەتێكی گەورەیە بە ئاراستەی كۆتایی هێنان بە سیستمی كۆنی كاغەزیی و كەمكردنەوەی رۆتین و گەندەڵی و پێشكەشكردنی كارئاسانی بۆ هاوڵاتیان و گەڕانەوەی كاتێكی زۆری بە فیڕۆچوو , پاڵ ئەوەشدا بەخاكسپاردنی دەیان گرفت و سەرئێشە كە هاوڵاتیان ساڵانێكە لەكاتی رایكردنی مامەڵەكانیان گیرۆدەی بوون ، بۆ لەمەودوا دەتوانن لەرێگەی سیستمی یەكپەنجەرەیی لە ماوەیەكی كەمداو بەبێ راكەڕاك و ژوراو ژورو سەرئێشەو بێنەو بەردەو ماندوبونێكی زۆرو لەسەرو هەموشیانەوە بەبێ دەست ماچ كردن و پاڕانەوە مامەڵەكانیان تەواو دەبێت و دەدرێتەوە دەستیان بێ ئەوەی چەندین جار مامەڵەكانیان وونبێت و دوای ماندوبونێكی زۆر دیسانەوە لە سەرەتاوە ناچاربن دەست پێ بكەنەوە! ئەمانە بەشێكی بچوكن لەو گرفت و ئاستەنگە زۆرەی كە رۆژانە هاوڵاتیانی كورد لە فەرمانگەكان دووچاریان دەبێت , بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێستا دۆخەكە جیاوازە لەو فەرمانگانەی كە سیستمی یەكپەنجەرەییان تێدا جێبەجێ كراوە  و ئەو كەسانەی كە رێیان دەكەوێتە ئەو فەرمانگانە مەگەر ئێستا بزانن لە رابردوودا چیان بەسەرداهاتووە كاتێك رێیان كەوتووەتە فەرمانگەكان .

بۆ ئێستا هەرچەندە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستمی یەكپەنجەرە لە چەند فەرمانگەیەكی كەم لە پارێزگای سلێمانی چووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە و وەك هەنگاوی یەكەم و سەرەتا پرۆسەكە سەركەوتنی بەدەست هێناوە , پاش ئەم هەنگاوە ستراتیژییە كاتی ئەوە هاتووە پرۆسەكە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت و بۆ ئەمەش ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە شان بداتە بەر ئەم بەرپرسیارێتیەو بودجەی پێویستی بۆ دابین بكات و بیكاتە یەكێكە لە پێشینەی كارەكانی داهاتووی بۆ ئەوەی سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی سیستمی یەكپەنجەرە سودمەندبن , بەدڵنیاییەوە پرۆژەكەش لەنێو ئەم ژینگە شێواوەی كە زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراستی تێدایە بۆ هەرێمی كوردستان دەبێتە شانازییەكی گەورەو هەروەك هەنگاوێك كورد لە بەرەوپێشچوونەكانی دونیا نزیك دەكاتەوە . 

ئەوەی روونە سیستمی یەكپەنجەرە ئامانجێكی گەورەو بیركردنەوەو تێڕوانینێكی فراوانی لە پشتەوەیە كە ئەویش ئەوەیە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی سیستمێكی ئەلكترۆنی پێشكەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی مامەڵە و كاروبارەكانی حكومەت لەسەرجەم فەرمانگەكاندا, ئەگەر بە بیر و تێڕوانینێكی گەورەی نیشتمانی بنیاتنەرانە كار لەسەر ئەم پرۆژەیە بكرێت بەدڵنیاییەوە ئەنجامێكی گەورەی دەبێت و رەنگە زۆر نەبات هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی نزیكی داهاتوودا بەیەكجاری ماڵئاوایی لە سیستمی كۆنی كاغەزی بكات و وەك وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا ببێت بە بەشێك لەمێژوو , ئەگەر ئەمە كرا گومانی تێدا نیە شانازییە گەورەكە بەر قوباد تاڵەبانی دەكەوێت چونكە ئەو تەنیا لێپرسراوی باڵایە كە بەكردەیی هەنگاوی بۆ پرۆژەكە ناوە و لە بیرۆكەوە كردییە راستیەكی بەرجەستەكراو, ئەگەر ئەوەش نەكراو پڕۆژەكە لەم چوارچێوە سنوردارەی ئێستادا مایەوە بەدڵنیاییەوە چیرۆكە تەواو نەكراوەكانی نێو فەرمانگەكانی هەرێمی كوردستان بە قەبارەیەكی گەورەترەوە بەردەوام دەبێت .