مستەفا كازمی و هێلكەو رۆنی گەرمیان

عارف قوربانی


09/04/2020

پێش ئەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بگەنە بڕیاری لابردنی سەدام حوسێن لە رێگەی هێزی سەربازییەوە، ئەوكات لە بەشێك لە ناوەندە نێوودەوڵەتییەكان بۆ رێگری لە هەڵگیرساندنی جەنگ گفتوگۆیەك هەبوو بۆ لابردنی سەدام بەبێ بەكارهێنانی هێز، بەڵكو بە رێگەی یاسایی و پەلكێشكردنی بۆ دادگای نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی لە عێراق ئەنجامیدابوون.
 
تیمێكی ئەمریكی و بەریتانی بەهاوئاهەنگی بەشێك لە هێز و كەسایەتی سیاسی عێراقی، ئامادەكاری كرد بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەی تاوانەكانی سەدام، ئەو بەڵگە و دیكۆمێنتانەی لە راپەڕینی ساڵی 1991 دەستكەوتبوون، هەروەها تۆماركردنی شایەتیدانی ئەوانەی قوربانی تاوانەكان بوون. من ئەوكات بەوهۆیەوە مستەفا كازمیم ناسی، ئەو كەسەی ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆككۆماری عێراقەوە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ لە عێراق.
 
مستەفا كازمی ئەوكات لە لەندەن دەژیا، لەگەڵ كەسایەتی دیاری عێراق نووسەر و لێكۆلینڤان كەنعان مەكییە كە لە ئەمریكاوە سەرپەرشتی پڕۆژەی دامەزراوەی یادەوەری عێراقی دەكرد، لەلایەن ناوەندە ئەمریكی و بەریتانی و هێزە ئۆپۆزیسیۆنە عێراقی و كوردستانییەكانەوە لەگەڵیان كەوتبوونە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بەهاوئاهەنگی ئەوان و دامەزراوە هاوشێوەكانیان ئەو ئەركە گرنگە لە ئەستۆ بگرن. كازمی سەرپەرشتی ئەو بەشەی وەستۆگرت كە دواتر فراوانكرا بۆ مێژووی زارەكی لە دامەزراوەی یادەوەری عێراقی، ئیفادەی قوربانییەكان. ئێمەش بەهۆی ئەوەی لەو بوارەدا كارمان دەكرد و ئەرشیفێكی دەوڵەمەندمان هەبوو، شەرەفی ئەوەمان پێبڕا هاوكار و یارمەتیدەریان بین لە دۆزینەوەو دەستنیشانكردنی قوربانییەكان و كۆكردنەوەی زانیاری و تۆماركردنیان.
 
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا و بەهۆی راسپاردنی وەك سەرۆكوەزیران باسیبكەم، پەرۆشی و دڵسۆزی مستەفا كازمی بوو بۆ كارەكەی، كە بەهۆی ئەوەی ئەوكات تەنیا بەشێكی كوردستان ناوچەی ئازادكراوبوون لە عێراق، زۆرترین سەرنجیان لەسەر كوردستان بوو، لە كۆی ئەو تاوانانەی ئەنجامدرابوونیش یاخود لەكۆی ئەو مەینەتیانەی بەسەر گەلی كورددا هاتبوو، لەبەرئەوەی ئێمە پێشتر زەخیرەیەكی گەورەمان لەسەر ئەنفال كۆكردبووەوە، بۆیە ئەوانیش زۆرترین سەرنجیان كەوتە سەر ئەنفال. ئەوەی ئەوكاتە و ئەوان لە تۆماركردن و چۆنیەتی بە بەڵگەكردن و ئەرشیفكردنی ئەنفال كردیان، ئێمە خۆمان بۆ ئەنفال نەمانكردووە. بەشی زۆری ئەو چاكەیەش دەگەڕێتەوە بۆ مستەفا كازمی. پێكەوە زۆر لە ماڵەكانی ئەوكاتی ئۆردووگای شۆڕش گەڕاوین و هێلكەوڕۆنی دەستی رزگاربووانی نوگرەسەلمان و زیندانەكانی تۆپزاوا و دووبزمان خواردووە.
 
ئەو كەیسە و ئەو بەڵگە و دیكۆمێنتانە بوون بە پاڵنەرێكی گەورە لە گۆڕینی سەرنجی زۆر لە بڕیاربەدەستان و رای گشتی جیهان بۆ رووخاندنی رژێمی سەدام. چونكە ئەوكارەی ئەوان لە رێگەیەكەوە دەگەیشتە ناوەندەكانی بڕیار و لە رێگەی بەرنامەیەكی دیكۆمێنتاری تەلەڤزیۆنی (بی بی سی)یەوە دەگەیشتە جیهان.
 
دوای رزگاركردنی عێراقیش دامەزراوەی یادەوەری عێراق، بەغدای پایتەختی كردەوە بە مەیدانی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكان و تۆماری زانیاری شایەتحاڵەكان، كە هەر ئەوەشبوون بە كەرەستەی گرنگ بۆ دادگاییكردنی سەدام و سەرانی رژێمەكەی. مستەفا كازمی لەم قۆناخەشدا كۆڵەگەیەكی مەیدانیی دامەزراوەكە بوو. 
 
مستەفا كازمی چەند جارێكی دیكە هاتەوە كوردستان و تێكەڵی ژان و ئازاری ئازارچەشتووان بوو. قەدەر وایكرد دوای ساڵانێكی دیكە پێكەوە لە دەزگای خەندان یەكبگرینەوەو لەوێش ساڵانێك كارمانكرد. ئەو عەرەب بوو، بەڵام رۆحێكی نیشتمنیانە و هەستێكی ئینسانیانەی وای هەبوو هاوشێوەی ئێمە لەگەڵ ئازار و مەینەتی قوربانیانی هەڵەبجە و گەرمیان دەژیا.
 
ئەو ئێستا دەبێتە سەرۆكوەزیران، سەرۆكی وڵاتی عێراق، ئەو دەوڵەتەی تاوانی ئەنفال و هەڵەبجە و كۆمەڵكوژی بارزانییەكان و كوردانی فەیلی و پاكتاوی رەگەزی ئەنجامداوە. عێراق ئێستا كەوتووەتەوە دەستی قوربانییەكانی، بەڵام هێشتا قوربانییەكانی هەڵەبجە و ئەنفال سڵ لە بەغدا دەكەنەوە.
 
مستەفا كازمی كە گوزەری بەناو خوێن و ژانی قوربانیانی كوردستاندا كردووەو رۆژانێك دەیویست هەتوانی برینەكانیان بێ، ئەمڕۆ دەگاتە ترۆپكی دەسەڵات لەو بەغدایەی كوردی جینۆساید كرد. كازمی رۆژانێك دەیویست پرسی جینۆسایدی كورد بكاتە بەڵگەی ئەوەی جیهان بێن و سەدام لە حوكم لابەرن، ئەمڕۆ خۆی دەبێتە حاكمی ئەو عێراقە و كوردیش هێشتا ترسی سەرلەنوێ جینۆسایدكردنەوەی هەیە.
 
بۆیە ئەم وێستگەیە بۆ كازمی زۆر گرنگە، وەك چۆن كەسوكاری قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان بە گرنگییەوە چاوەڕێی قۆناخی حوكمی ئەو دەكەن، چونكە دەزانن ئاشنایە بە ئازارەكانیان، دەیانزانی دەیەوێ سنوورێك بۆ تاوانەكانی سەدام دابنرێت و سزای تاوانكاران بدرێت. ئێستا ئیتر رۆژ دەژمێرن تاوەكو كازمی دەستبەكاربێت، بۆ ئەوەی بزانن هەمان ئەو هەست و سۆزەی رۆژگارە تاریكەكان لە چەمچەماڵ لە سیمای مستەفا كازمی دەیانخوێندەوە، رووناكی ژووری سەرۆكوەزیران هەمان دیمەنیان بۆ دووبارە دەكاتەوە؟ یان ئەویش هاوشێوەی هەندێك لەو دۆستانەی سەردەمی هاوقوربانی بوون، دواتر نابێ بە دژ؟

ئەم وتارە لە سایتی رووداو وەرگیراوە