چاوەڕوانی بەغدا بن، بێ شێو سەردەنێنەوە

عارف قوربانى


28/08/2023

زۆر جاری دیکە ئەوەم گوتووە، کورد تێگەیشتنێکی هەڵەی بۆ خۆی دروستکردووە لە ناسین و هەڵسەنگاندنی شیعە لە عێراق. بە حوکمی ئەوەی لە سەدەی رابردوو دەسەڵات لە دەستی عەرەبی سوننەدا بوو، ئەو زووڵم و ستەمکارییانەی بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراون، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوننەوە پیادەکراوە، هەروەها لەبەرئەوەی شیعەش تا ئەندازەیەک دەچەوسێندرانەوە و چەند حیزبێکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنیان هەبوو کە لەگەڵ کورد لەیەک سەنگەری دژ بە بەعسدا بوون، ئیدی کورد هەر لەبەرئەوە پێی وابوو شیعە دۆست و پشت و پەنای کورد دەبن. 
 
لەدوای رووخانی سەدام لەسەر بنەمای ئەو وێنا هەڵەیە بۆ شیعە، کورد پشتیوانییەکی لە رادەبەدەری شیعەکانی کرد تا جومگە گرنگەکانی حوکمڕانیی عێراق بکەوێتە دەستی ئەوانەوە. بێ ئەوەی ئەو مەترسییە لەبەرچاو بگرێت کە ئەوان لەڕووی ژمارەوە زۆرینەن و رەنگە سبەی پرسی زۆرینە و کەمینە بکەنە پاساو بۆ فەرامۆشکردنی ئەو سازان و لێکتێگەیشتنانەی عێراقی نوێیان لەسەر بونیاتنرایەوە. 
 
هەروەها کورد چاوپۆشییەکی زۆریکرد لەو تاوانکارییانەی شیعە بەرانبەر بە سوننەی عەرەب گرتیانەبەر، بێئەوەی ئەو پێویستییە لەبەرچاو بگرێت کە بۆ کورد واباش بوو جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان شیعە و سوننە هەبووایە، تا لە ئەنجامی ناکۆکی و ململانێی نێوانیان دەرفەتی یاریکردن بۆ کورد فراوانتر بێت. یان هەست بەو مەترسییە بکات لە حاڵەتی سەرکەوتنی سیاسەتی پاکتاوکردنی سوننە لەلایەن شیعەکانەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو مەیلی پاوانخوازییەی شیعە کوردستانیش بگرێتەوە.
 
هەرچەندە هێشتا بەشێکی زۆری کورد چی لە ئاستی میلـلی و بەتایبەتی لەناو ئەوانەشدا کە خەریکی سیاسەتن، ئەم راستییەیان نەبینیوە یان درک بەوە ناکەن کە کورد وەک نەتەوە و جوگرافیاکەی وەک کوردستان کەوتووەتە ناو ئەو بازنەیەوە کە شیعە چاوی تێبڕیوە و وەک بەشێک لە پێویستیی تەواوکاریی پرۆسەی هیلالی شیعی دەیبینن. هەموو ئەو ناکۆکییانەش لەدوای کشانەوەی ئەمریکاوە لە کۆتایی ساڵی 2011ـەوە لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، بەشێکە لەو ستراتیجەی شیعە لە عێراق، بەڵام لەلایەک بەهۆی خراپ ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و بوونی کێشە و ناکۆکیی زۆر لەنێو هێزە سیاسییەکانی کوردستان، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەوەی ماڵی شیعی ژمارەیەکی زۆر کوردی هەرزانیان کەوتە دەست کە ئەوان بۆ ماکیاجی سیاسەتی شیعە بەکاربەرن و رای گشتیی کوردستان بەجۆرێک ئاراستە بکەن، خەڵک بە ئاسانی درک بە حەقیقەتی حوکمڕانییەی شیعە و مەترسییەکانی لەسەر ئایندەی کوردستان نەکات. 
 
بۆیە هێشتا کارێکی ئاسان نییە بتوانرێت لە کوردستان تێگەیشتنێکی گشتی بۆ حەقیقەتی حوکمڕانی و ناسینی ستراتیجی شیعە دروستبکرێت. سەرباری ئەوەی وا نزیکدەبێتەوە لە 10 ساڵ شیعە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستانی گرتووەتەبەر، بۆ دوو ساڵیش دەچێت خەریکی لێدانە لە ژێرخان و سەرخانی ئابووریی کوردستان. خەریکی داڕشتنی پلانیشە بۆ لەبەریەکهەڵوەشانەوەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکانی حوکمی خۆبەڕێوەبەرێتیی ناوچە کوردییەکان، بەڵام جێی داخە ئەم حەقیقەتانە هەموو نابیندرێن و زۆرن ئەوانەی لە هەموو ئەو ململانێ و ناکۆکییانەی لەنێوان کورد و بەغدا هەیە، کەوتوونەتە ژێر ئەو تەوژمە چەواشەکارییانەی بۆ گۆڕینی سایکۆلۆجیای شەقامی کورد لە برەودایە و هەر پێیان وایە بەغدا لەسەر حەقە و هەمووی خەتای کوردستانە.
 
ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە بەغدا توانیویەتی رێگە لەوە بگرێت کوردستان نەوت هەناردە بکات کە ئەوە یەکێک لە ئامانجە ستراتیجییەکانی حوکمڕانیی شیعە بوو، بەڵام ئامادە نییە نەک بودجە، تەنانەت بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پارە بنێرێت. بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەفدی هەرێمی کوردستان و بەغداوە بڵاودەکرێنەوە، بەغدا هەر جارە و داوای شتێکی زیادە لە هەرێمی کوردستان دەکات. بەپێی لێدوانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسە باڵاکانیشی، هیچ شتێک نەماوە کە بەغدا داوای کردبێت و هەرێمی کوردستان پابەند نەبووبێت، بەڵام بەغدا ئامادە نییە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات. 
 
هەرچەندە ئەم گەمارۆ ئابوورییەی بەغدا کاریگەریی خراپی بۆ سەر ژیانی خەڵکی کوردستان هەبووە، سەتان کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە، خەڵک لە دۆخێکی خراپدان، بەڵام ئەشێ درێژەکێشانی یارمەتیدەربێت لەوەی وردە وردە خەڵکی کوردستان بەئاگابێنەوە لەوەی ئەوە جەوهەری حوکمی شیعە و نیەتی راستەقینەی شیعەکانە کە نایانەوێ کورد نینۆکی هەبێت سەری خۆی پێ بخورێنێت. 
 
هیچ کات لەگەڵ ئەوە نەبوومە کورد سازش بۆ بەغدا بکات، بەڵام لەپێناو دەرخستنی راستییەکان و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستان، هەروەها بۆ راستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی لە ناسینی شیعەدا کورد بۆخۆی دروستیکردووە و بەئاگاهاتنەوەی کورد کە لەبەردەم چی ستراتیجێکی مەترسیداری شیعەدایە، پێشنیازی ئەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم پرۆسەی ئەو شتانەی بەغدا داوای دەکات خێراتر بکات، نەک هەر مەلەفی نەوت و دەروازە سنووریەکان، نەک هەر داهاتە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ، بەڵکو داوا لە بەغدا بکات فەرمانبەری عەرەبی شیعە بنێرن ماڵ بە ماڵ پارەی ئاو و کارەباش کۆبکەنەوە. داوا دەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە بەغدا بکات لیژنەیەکی وەقفی شیعی عێراق رابسپێرن بێنە کوردستان تا پارەی زەکات و سەرفترەش کۆبکەنەوە و بیبەن بۆ بەغدا. 
 
دڵنیابن کوردستان هەموو ئەوانەش بکات، بەغدا ئامادە نییە مانگی ملیارێک دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵک هەمووی لەم راستییە تێناگات، هەرێمی کوردستان دەبێت زوو ئەو رێگایانە بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەم راستییە روونبێتەوە. دوای ئەوە پێویستە بەدوای تەگبیری حاڵی خۆیدا بگەڕێت، چونکە یەقینبن لەوەی خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی نانی بەغدا بن، بێ شێو سەردەنێنەوە.