سوریا بەبێ دەستەبەركردنی مافەكانی كورد سەقامگیریی بەخۆوە نابینێ

سالار مەحمود


5 کاتژمێر پێش ئێستا

رووداوەكانی ئەم دواییەی سوریا دەرئەنجامی سەوداكردنە بە خاكەوە. 

لەناو سوریادا سەوداكردن بەخاكەوە دەكرێت، ئیسرائیل لەباشورەوە بەشێك دەبات و، شەرع لەباكورەوە بەشێك بەدەست دێنێت.

بەم پێودانگە سەودای تریش لە رێگایە، بەڵام ئەم جارە جیاواز تر ئەبێت و لایەنەكانی تریش بەشی خۆیانی لێ ئەپچڕن.

سوریا یان دەبێت حوكمی لامەركەزی قبوڵ بكات، یان ناسەقامگیریی هەمیشەیی چارەنوسیەتی.

دۆخەكە بۆ كورد سەختە، بەڵام پێویستی بە دڵەڕاوكێی زۆر ناكات، شەڕڤان لە رۆژئاوای كوردستان چەسپاون و شەڕ هێشتا لە ناوچەی عەرەب نشینن.

لەسەردەمی هەڕەشەی داعش كاتێك هۆزە عەرەبەكان پێویستیان هەبوو، كورد داكۆكی لێكردن لە ئیرهابی داعش. خۆ بەڕێوەبەریەكی هاوبەشی راگەیاند. بەڵام ئەو سەودا ئیقلیمیەی لە ئارادایە هاوكێشەكەی گۆڕیوە.

كوردی رۆژئاواش پێویستی بە پێداچونەوە هەیەو، بەپێی هاوكێشەی نوێ سیاسەتی خۆی دابڕێژێتەوە. تا ئێستاش كەس لە خۆیان باشتر دۆخەكە ئەزبەر ناكات، بۆیە گونجاوترین چارەسەری هەنوكەیی هەر لای خۆیانە.

كورد لەهەموو لایەكی دونیاوە بە درشتی چاودێری دۆخەكە دەكەن و هاوسۆزیەكی گشتگیرتر هەیە بۆ كوردانی رۆژئاوا،  دۆخی سوریا دابڕاو نیە لە گۆڕانكارییە حەتمیەكانی ناوچەكە، ئەوەی روودەدات سەرەتای وەرچەرخانێكی نوێیەو كوردیش ژمارەیەكی هەژمار بۆكراوە.

جەخت دەكەمەوە لەسەر ئەو راستیەی ئەو فشارانەی لەسەر كورد لە رۆژئاوا هەیە هەڵدەگڕێنرێتەوە بۆ دەرفەتی سەركەوتنی چەسپاوتر.

ئەركی هەموو كوردو كوردستانیەكە لەم پرسەدا پشتیوانی گەلی خۆی بێت و ، پشتیوانی بۆ خۆشی پەیداتر بكات، پشتیوانیكردن لە رۆژئاوای كوردستان یەكسانە بە پشت قایمكردنی ئەزموونی فیدراڵی كوردستانی عیراق.

شەڕ لە سوریای دوای ئەسەد لە سودی گەلانی ماندووی سوریا نییە، بە كوردو عەرەب و پێكهاتەكانی تریشەوە.

رووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی و گروپە توند ئاژۆكان ئەركی كۆمەڵی نێودەوڵەتیە، نەك تەنیا كوردو ئازادیخوازانی سوریا. 

هەموو لایەك نابێ ئەو راستیە فەرامۆش بكەن كە سوریا هێشتا پڕە لە داعشی نیوە بەخەبەر.

راگرتنی شەڕو ئاگربەست دەرفەت دەدات بە پیاچوونەوەی دۆخەكە. رێكەوتن لەشەڕ باشترە.

گرنگە هەموو لایەك بەكورد خۆشمانەوە سود لە مێژوو لەهەمان كاتدا پێشهاتە خێراكان وەربگرن.