سەردار عەزیز
2 کاتژمێر پێش ئێستا
پاش ڕووداوەكانی ڕۆژئاڤا، شرۆڤەی زۆر دەكرێت دەربارەی ئەوە چی بوو كە ڕوویدا و بۆ روویدا. ئیسرائیل یەكێكە لە وڵاتەكان كە بە جۆری جیاواز قسەی لەسەر دەكرێت.
بە گشتی دوو دید هەیە: یەكەم، ئیسرائیلش كوردی فرۆشت. دووەم، ئیسرائیل بۆیە نەیتوانی هاوكاری كورد بكات چونكە كورد خۆی نەیدەویست.
دیارە هیچ كام لەم دیدانە بەر مەبنای زانیاری و لێكۆڵینەوە نیە، بەڵكو زیاتر لە هەڵوێست و خەون و حەز و خولیاوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەم پرسە گرنگە، چونكە بە هەڵەداچوون باجی گەورەی هەیە وەك بینیمان.
سەرەتا، ئێمە بەڵگەمان هەیە كە ئیسرائیل بەشدار بووە لە كۆبوونەوەكانی پاریس و دەرئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە بە زیانی كورد بووە.
دووەم، پەیوەندی ئیسرائیل بە كوردەوە، لە بەر كورد نیە، بەڵكو لە ئێستادا لە بەر سوریا و توركیایە. ئیسرائیل لە خواستی بۆ باڵادەستی لە ناوچەكە ڕوبەڕوی خواستی توركی دەبێتەوە. بەڵام لە ئێستادا، ئیسرائیل نایەوێت توركیا بە سەر هەموو سوریادا زاڵ بێت بە تایبەتی باشور، چونكە ڕەنگە ببێتە مایەی ئەوەی كە ڕێگریی بكات لە بەكارهێنانی پانتایی و ئاسمانی سوریا كە ئێستا بۆ شەڕی ئیسرائیل لە گەڵ ئێراندا زۆر زەرورە.
سێیەم، زۆر ڕودەدات لایەنێك لایەنێكی تر هاندەدات، هەتا خواستی گەورەی هەبێت، نەك لە بەر ئەوەی بگاتە خواستی گەورە، بەڵكو هەتا زەمینە بسازێنێت بۆ ئەوەی لایەنی هاندەر لە میانەی سازشكردندا دەستكەوتی باشتر بە دەست بهێنێت. ئەمە چوارچێوەی دانیشتنەكانی پاریس بوو.
چوارەم، كورد وەهای دەزانی كە توركیا لە بەر ئیسرائیل پەلاماری نادات. بەڵام لای كەس نهێنی نەبوو كە ئیسرائیل و توركیا بە هیچ جۆرێك ڕوبەڕووی ڕاستەوخۆ نابنەوە. تەنانەت هەردوولا ڕازی بوون كە ڕوسیا لە باشوور بوونی هەبێت وەك دابڕ یان بەفەرێك لە نێوانیاندا.
پێنجەم، ئیسرائیل داكۆكی لە دروز كرد، بەڵام ئامادەنیە پشتیوانی سەربەخۆیی دروز بكات. بەڵام نابێت كەس خۆی بە دروز بەراورد بكات، لە بەر هۆكاری جوگرافی و بونی دروز لە ناو سوپای ئیسرائیل و پێویستی ئیسرائیل بە بونی دابڕ یان بەفەرێك لە نێوان دیمەشق و ئیسرائیلدا.
شەشەم، لە پاش هێرشەكانی ڕۆژئاڤا، لە زیاتر لە ناوەندێكی ئیسرائیلیەوە دەبیستین كە خەتای كورد خۆی بوو، هەندێك دەڵێن خەتای ئیدەلۆژیایە، هەندێك دەڵێن خەتای نەزانی دیپلۆماسییە. بەڵام بۆ من ئەم نوسینانە، دەرخەری ئەوەیە كە ئیسرائیل دەخوازێت نەرەتیڤێیك یان حەكایەتێك دروست بكات كە كورد هەموو خەتایەكی ئیسرائیل لە بیر بكات، تەنها لۆمەی خۆی بكات. ئەمە لە هەمانكاتدا هەوڵە بۆ پۆشینی ڕاستی دۆخەكە.
حەوتەم، دەكرێت ئیسرائیل لە سودی بێت هاوكاری ئەوانیتر بكات. بەڵام یەك شت دەبێت هەمیشە لە بیر بێت. دەوڵەتی ئیسرائیل دەوڵەتێكە بۆ بوون و داكۆكی لە جوو لە دونیادا. ئەمە كرۆكی نەگۆڕاوە، هەموو شتێكی تر گۆڕاوە.
هەشتەم، یەكێك لە هۆكارەكانی خراپ تێگەیشتنی ئێمە، دۆخی ناوەوەی خۆمانە. زۆرجار كورد دۆخی ناوەكی خۆی دەكاتە بنەمای دیدی بۆ دونیا. ئەمە هەڵەیە.