پشووی هاوین دەرفەتێك بۆ گۆڕانكاری، نەك تەنها بۆ خەوتن

رێباز مامۆستا زانا


2 کاتژمێر پێش ئێستا

زۆرێك لە قوتابی و خوێندكاران، خێزانەكان، پشووی هاوین وەك مۆڵەتێك لە ژیاندا دەبینن، شەو تا درەنگان بەخەبەرن و رۆژیش تا نیوەڕۆ لە خەودان.

بەڵام ئایا دەزانی ئەم شێوازە نەك هەر كاتەكەت دەكوژێت، بەڵكو تەندروستیی جەستە و مێشكیشت تێكدەدات؟

بۆ ئەوەی ئەم هاوینەت جیاواز بێ، ئەم چەند هەنگاوە تاقیی بكەنەوە:

١- رێكخستنەوەی خەو:
هەوڵبدەن بەیانیان زوو هەڵسن، گەورەترین دەسكەوت لە بەرەكەت و كاتی بەیانیاندایە.

٢- فێربوونی كارامەیی نوێ:
مەرج نییە خوێندنی قوتابخانە بێت، هەوڵبدە منداڵەكەت فێری زمانێكی نوێ بێ، یان هەرنا شارەزاییەكی لێ پەیدا بكا، یاخود خولی كۆمپیوتەر، وە هەر پیشەیەك كە حەزی لێیەتی.

٣- خوێندنەوەی كتێب:
رۆژانە (٢٠) خولەك خوێندنەوەی كتێبێكی سوودبەخش (دوور لە پڕۆگرامی خوێندنگە) دڵنیابن كە منداڵەكانتان لە رووی ئاستی رۆشنبیرییەوە زۆر گۆڕانكاری بەسەردادێ.

٤- وەرزش و چالاكیی جەستەیی:
هاوین كاتێكی باشە بۆ مەلەوانی، رۆیشتن، یان هەر وەرزشێكی تر كە سوودی بۆ تەندروستی هەبێ.

٥- پەیوەندیی كۆمەڵایەتی:
لە بری تەلەفۆن، سۆشیاڵ میدیا، كات لەگەڵ خێزان و هاوڕێكانتان بە گفتوگۆی بەسوود بەسەربەرن.

لە كۆتاییدا: پشوو بۆ ئەوەیە وزە كۆبكەیتەوە نەك تەمبەڵی بەرهەمبهێنیت، كاتەكانت مەكوژە، چونكە كات تەنها ژمارە نییە، بەڵكو تەمەنی تۆیە.

بۆیە كات بۆ منداڵ وەك خشت و چیمەنتۆ وایە بۆ دروستكردنی بینا.