بەرگریی بەکۆمەڵ یان خودپارێزی بۆ کۆرۆنا؟!

دکتۆر شێرکۆ نریمان سبحان-دکتۆرا لە بەرگری لەش دژی میکرۆب


05/06/2020



بەرگریی بەکۆمەڵ واتە کاتێک کە پەتایەک بڵاودەبێتەوە لە ناو وڵاتێک، ئەو وڵاتە دەستی بۆ شل بکات هەتا میکرۆبی پەتایەکە بە ئارەزووی خۆی لە نێو کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە.بە تێپەڕبوونی کات، کۆمەڵێک خەڵک لەبەر هەر هۆکارێک بێت، بەرگەی پەتایەکە بگرن و بەرگری لەشیان دژی میکرۆبەکە بەهێز ببێت،ئیتر تووشی پەتایەکە نەبن.
ووڵاتێک کە بیەوێت پەتایەک کۆنترۆڵ بکات، دەتوانێت ئەم هەڵبژاردانە پیادە بکات:
١- پێکوتە (ڤاکسین)
٢- دەرمانی دژە میکرۆب
٣- کارانتین و قەدەغەی هاتووچۆ
٤- بەرگری بەکۆمەڵ
٥- خودپارێزی 
- پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنای سارس-٢، دەبێت وا دابنێین کە ڤاکسین تا یەک ساڵێکی تر ناگاتە کوردستان، ئەگەر ٢٠ ساڵی تریش نەبێت! ئایدز ٥٠ ساڵ زیاتر دەبێت، کۆرۆنا سارسی-١ وا بۆ ١٧ ساڵ دەچێت تا ئێستا ڤاکسینیان بۆ نەدۆزراوەتەوە. کۆرۆنای مریشک ڤاکسینیش بۆ دۆزراوەتەوە، کەچی ئێستاش پزیشکە ڤێتێرنەرییەکان و کێڵگە پەلەوەرییەکان دەناڵێنن پێوەی. 
- دەرمانی دژەمیکرۆبیش کاتی زۆر پێدەچێت تا گشت قۆناغەکانی دەبڕێت و ڕێکخراوی دەرمان و خواردنی جیهانی پەسەندی دەکات. ئەوەی هەیە ئەوانەن کە پێشتر بۆ ڤایرۆس و میکرۆبەکانی تر دروستکراون. ئەمانەش پێویستیان بە توێژینەوەی بەرفراوان هەیە کە بسەلمێنرێت لە دژی کۆرۆنا کاردەکات.
دەبێت ئەوەشمان بیرنەچێت کە ڤایرۆس بە دژەڤایرۆس بنەبڕ نابێت، بەڵکو گەشەی دەوەستێت یاخود وەرگری خانەکانی لێ دەگرێت.
- کەرەنتین و قەدەغەی هاتووچۆ ڕەنگە بۆ وڵاتێکی وەکو چین بگونجێت کە ئابوورییەکی بەهێز و خەڵکێکی بە ئیرادە پەروەردەکراویان هەیە و دەتوانێت بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ ژیان بوەستێنێت،بەڵام بۆ وڵاتێکی ئابووری لەرزۆک، بۆ خەڵکێکی بێ ئیرادە پەروەردەکراو ئەمە نەک هەر گونجاو نیە، ڕەنگە ئەگەر بە وەنەوشەکەی یان ئەڵتیماکەی پۆزێک بەناو شاردا لێ نەدات بتەقێت! ئیتر خۆ بۆ ئەو مردن هەر مردنە! چی بە کۆرۆنا بێت یان کۆرۆلا.!
- بەرگری بەکۆمەڵ، ئەمە پێناچێت بۆ کوردستان هەر گونجاو بێت، چونکە سیستەمی تەندروستی زۆر لاوازە و بەرگەی مانگێک ناگرێت. بە پیادەکردنی ئەمەش ڕەنگە ڕێژەی مردن زۆر لەوە زیاتر بێت کە لە هەر وڵاتێکی تردا تا ئێستا هەبووە. وڵاتێکی وەکو بریتانیا یان برازیل سەرەتا دەستیان بۆ ڤایرۆسەکە شلکرد،بەڵام کارەساتی بۆیان خولقاند. 
- باشترین بژاردە بۆ کوردستان خودپارێزیە.خودپارێزی بریتیە لە پارێزگاریکردنی تاکەکەس بە ڕێگەگرتن لە بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە بە هەر شێوازێک بێت. با ئەو شێوازە زۆر قورس و ناکۆمەڵایەتیش بێت.
 گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم ئەم بژاردەیە بریتیە لە کەلتوور. بە بێ کولتوور شکاندن مەحاڵە خۆدپارێزی سەر بگرێت. خودپارێزی لە کوردستاندا، بە تایبەت لە شارە بچووکەکاندا زۆر ئاسانە، بە مەرجێک کەلتوور شکێن بێت!
 کاکە ماچ نادەم بەزۆرە؟! کاکە تەوقە ناکەم بە تۆپزیە؟! کاکە لێت نزیک نابمەوە ئارەزووی خۆم نیە؟! تووڕە ئەبێت لێم؟! با جەژنی قوربان بێت ئاشتت دەکەمەوە!! ئەمە قورسە، بەڵام دەست شتن بە سابوون و دەست نەدان لە دەمووچاو خۆڕاهاتنی دەوێت.
 مەعقوڵە لە هیچ شتێکدا لە ئیتالیا نەچیت، بتەوێت تەنها لە کۆرۆنایا لە ئیسپانیاش بچیت؟! ئاخر مۆزەخانەی نێودەوڵەتیت؟ گەشتیاریی نێودەوڵەتیت؟ زانکۆی نێودەوڵەتیت؟ بۆچی ڕۆما و مەدرید موڵکی خۆیانە؟ بەر لەوەی موڵکی هەموو جیهان نەبێت کە لە هەموو کوچێکی دنیا خەڵک بۆی ئەڕوات! مردوو نەمرێ تا ئێوارە دوو تەیارە ئەنیشێتەوە و دووانیش ئەفڕێت! هەڵبەت ئەمە ڕەخنە نیە لە حکومەت، بەڵکو دەبێت سوپاسی بکەین کە شەمەندەفەری بۆمان دروست نەکرد! ،کە گواستنەوەی هاتووچۆی باشی بۆ ڕێکنەخست!! ئەگینا ئێستا وەکو ئیتالیا دەبوو بە سەرچاوەی گواستنەوەی کۆرۆنا!!!
جا بۆ ماچپارێزی (خودپارێزی)، خۆ ئەو نە حیساب بۆ ماسک دەکات، نە بۆ کلینکسەکەی سەر لووتت، بەڵکو تامەزرۆی ماچکردنی گۆشەی نێوان لێو و ڕوومەتە. شەرت بێت ئیتر سێ وەختە سیر بخۆم، بۆ ئەوەی وات لێ بێت تا سێ پشتت لە هەر کۆڵانێکەوە بمبینن، نەوێرن لەدوورەوەش تەماشام بکەن! 
بەڕاستی خاڵێکی تر زۆر گرنگە لەکاتی دوورپارێزی یاخوود خۆلەنزیک پارێزی،ئەوەیە کە لە شوێنی داخراودا دەبێت زیاتر تووندتر پیادەی بکەیت وەک لە شوێنێکی کراوەدا. چونکە ڕەنگە ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر لە شوێنی داخراو و فێنک و شێداردا بمێنێتەوە، وەک لە دەشتێکی کراوەدا. 
دەرەنجام خودپارێزی نە پارەی تێ دەچێت نە ووزەیەکی زۆر. ڕەنگە بە خۆلەماچپارێزی بە ڕێژەی ٧٥٪، بە خۆلەتەوقەپارێزی بە ڕێژەی٥٠٪، بە خۆلەنزیکپارێزی (نەک دوورەپەرێزی) بەڕێژەی ٥٠٪، بە خۆلەدەست و دەموچاو پارێزی و بە سابوون دەستشۆردن ڕێژەی ٧٥٪، بە خودپارێزی بەڕێژەی سەدا سەد خۆت بپارێزیت لە کۆڤید-١٩.