ڕۆشنبیریی کوردی، کایەیەکی بێفیکر، دوور لە عەقڵانیەت

سۆران ناسح


20/06/2020


ڕاچڵه‌كین- سۆران ناسح 

ئەو پێگە سادە و ساکارەی بە چەمکی ڕۆشنبیر دراوە لە نێو کورددا، دەکرێ وەک خیانەتێک لێی بڕوانین بەرامبەر چەمکی ڕۆشنبیر. ئاشنایی کورد بە چەمکی ڕۆشنبیر و، گەشەکردنەکەی،  گەشەیەکی ساتەوەختی بووە، مانەوە و، درێژەپێدانی لە بکەرێک یان چەند بکەرێک، گەر ببێ تێناپەڕێ.

بۆیە لێرەوە نەک چەمکی ڕۆشنبیر، بەڵکو ئەو چەمکە یونیڤێرساڵ و گەردونیانەی دێنە دنیایی کوردییەوە، دەمانەوێ لۆکاڵی بکەینەوە. ئیدی هەر لە سیاسەت و دیمۆکراسی و ئازادی .... هتد بە زوویی درک بە ئاوابوونیان دەکەین لە ماناو، ناوەڕۆکە ڕاست و دروستەکەیان دووردەکەونەوە. "جۆن ستیوارت میڵ" نووسەری کتێبی "لەبارەی ئازادییەوە" دەربارەی ئەو ئازادییانەی لە کتێبەکەیدا باسی دەکات دەڵێت"ئەستەمە ئەم ئازادییانە لە هیندستان پیادە بکرێت" بۆیە دەکرێت پێچێک بەم ڕستەیە لێبدەین و، بڵێین ئەستەمە ئەم تیۆر و چەمکانە، وا بە ئاسانی لە ناو کورددا پیادە بکرێت، یان جێگای خۆی بکاتەوە، لە ناوەڕۆک و مەبەستە دروستەکەی خۆی دوور نەکەوێتەوە. 

هۆکارەکەشی، بەشێکی دەکرێت نا ئامادەیی و، گەشە نەکردنی سروشتی و،  نەبوونی مێژوویەک بێت لە بیرکردنەوە، کۆمەڵگەیەک بێت بیری تێدا نەکرابێتەوە،  تیور تێیدا گەشەی نەکردبێ، کە سەرچاوەیەکی سەرەکییە  بۆ تێپەڕین بە دۆخێکی عەقڵانیدا.

هەموو ئەم چەمکانە و خودی چەمکی ڕۆشنبیریش، تەنیا وەکو ناو هاتووە و، ناوەڕۆک و جەوهەرە کەی له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌هێناوه.  بۆیە ئەوەی لە کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا دەیبینین کایەیەک دوور لە فیکر و تیۆر، ئەنجامەکەشی دروستبونی ئەو دۆخە ناعەقڵانییە، هەندێک پێیانوایە، کە لە دۆخێکی وادا زۆرێک نوسین بڵاودەکەنەوە، سەبارەت بە دۆخی سیاسی و، کۆمەڵایەتی، ئیدی دەبێت وەک جۆرێک لە ڕۆشنبیر لێیان بڕوانین. بێ ئەوەی هیچ پاشخانیکی فیکری و مەعریفیان هەبێت یان نوسینەکانیان لە ئەنجامی تێڕوانینی وردو قووڵ و، پشتئەستوور بە تیۆر هاتبێتە بەرهەم و، هەڵوێستێکی جیدی دروست کردبێ. بەڵکو زیاتر جۆرێک بووە لە بازاڕ خۆشکردن و نمایشی ڕووت، هەوڵدان بۆ بەدەستخستنی شوێنێک لەو سەکۆیەی نمایشەکەی تێدا بەڕێوە دەچێت.

ئەو نووسینانەی ئێستا لە دونیای کوردیدا وجودی هەیە، جگە لە نوسینی بێفیکر چیدیکە نیە، خود بینین، وەک ڕۆشنبیرێک بیرچوونەوەی ئەو شوێنە حەقیقییەیە لە ئەنجامی وەهم توشی لێشاوێک هاتووە، دەبێت بە ئاگایان بهێنینەوە پێیان بڵێین "ئێوە ڕۆشنبیر نین، توشی وەهم  بوون و  لێتان تێکچووە" بەشێکی زۆری ئەم دۆخەی لە ئێستادا وجودی هەیە، وەرگرتنی هەموو شتێک وەک جۆرێک لە گاڵتەجاڕی و، کۆمیدیا، یان پێچەوانەکەی، دروستبوونی ڕۆحێکی توندوتیژ، بەرئەنجامی ئەو دۆخە نا عەقڵانی و نافیکرییەیە. هەمان دۆخ لە ڕۆمانی "بابا سارتەر"ی "عەلی بەدر"دا دەبینین "ڕۆشنبیرێک دروشمەکەی هێڵنج دانە" پاڵەوانی ڕۆمانەکە "عەبدلرەحمان" خۆی بە بوونگەرایی دەزانی، بەڵام هیچ لە بوونگەرایی تێنەگەیشتوو. بوونگەرایی، بە هیڵنجدان تێگەیشتووە. كاتێك وێنەکەی "سارتەر" دەبینێ هێڵنجی دێت، پیاسە دەکات هێڵنجی دێت، جگەرە دەکێشێ ، سێکس دەکات ، دەخوات و، دەخواتەوە هێڵنجی دێت، بە هەموو شتێک هێڵنجی دێت. هێڵنجدان وەک نەریتێک تەشەنە دەکات و دەبێتە ئاکاری  ڕۆشنبیران. "عەلی بەدر" لە ڕۆمانەکەیدا وێنەی جۆرێک لە ڕۆشنبیرمان نیشان دەدات، ڕۆشنبیرێک تەواوی ژیانی دوای ئارەزووە شەهوانییەکانی کەوتووە. بەیانیان لە قاوەخانەکان و، ئێواران لە ڕیزی دواوەی سینەماکان، شەوانیش مەستی ڕابواردنی تیاترۆخانەکان و باڕەکان. "عەبدلرەحمان" فەیلەسوفەکەی "ئەلسدریە" دوایی ئەوەی بۆ خوێندنی دکتۆرا، لە فەلسەفەی بوونگەرایی  ڕوو لە فەرەنسا دەکات، پاش چەند ساڵێک شکست دێنێت و، ناتوانێت بڕوانامەکە وەربگرێ، لە جیاتی ئەوە ژنێکی جوان و قەشەنگ لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە. "عەبدلرەحمان" تاقانە نیە، کە ناتوانێ بڕوانامە وەربگرێ بەڵکو بەشێکی زۆری ئەو خۆرهەڵاتیانەی ڕوو لە ڕۆژئاوا دەکەن، بەمەبەستی هێنانی بڕوانامەی زانستی دواجار بێ بڕوانامە و بە شکستەوە دەگەڕێنەوە. زانستەکە بۆ خەڵکە زانست خوازەکە جێدەهێڵن لەجیاتی ئەوە لەگەڵ ژنێکی جواندا دەگەڕێنەوە، "خۆ ئەگەر زانستیش نەهێننەوە ئەوە بە زاوایەتی لەگەڵ خەڵکە زاناکان تێکەڵ دەبن" كه‌سێتی "عەبدلرەحمان" ڕۆحی بەشێکی زۆری ڕۆشنبیری کوردە. 

ڕۆشنبیرێک بەدوای تەواویی ئارەزووکانی کەوتووە، کایەیەک سەروسەودای لەگەڵ نەبێت فیکر و تیۆرە، ژیانیەتی لە ناو وەهمە بەردەوامەکانی. تەنها شتێک ئیلتزامی پێوە نەکات خۆ پاریزییە و، نەبوونی کاریگەریی ڕەخنەگرانەیە، قسەکەرێکی هەمیشەییە و، هیچ دەرفەتێک لەدەست نادات بۆ قسە کردن.

 سۆبێکتی ڕۆشنبیر لە دونیای کوردیدا، زۆرترین قسە دەکات لە کێبڕکێدایە لە قسەکردن لەگەڵ ڕکابەرەکانی، بەڵام  تا ئێستا سەرەتایترین و، سادەترین پرسیارێک، ڕووبەڕووی خۆی ناکاتەوە سەبارەت بەو هەموو پێشگریمانە هەڵانەی به‌رامبه‌ر واقیعی کۆمەڵایەتی و، ئه‌و بیرکردنەوەی هەیەتی. بۆیە، ڕوانینمان لەم ساتەوەختەدا دەبێت ئەو ڕوانینە بێت، "ڕۆسۆ" ئاماژەی بۆ دەکات سەبارەت بەم جۆرە لە ڕۆشنبیر، "ڕۆسۆ" لای وایە "ڕوانینی ئەو وەرزێرە سادەی لە ژێر داربەڕوویەکی پیردا دانیشتووە و، بیر لە ژیان و، سروشت و، چۆنیەتی هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەکاتەوە زۆر قووڵترە، لە ڕوانینی ئەو ڕۆشنبیرە ئوتوکراوە  ناسک خەیاڵە فیزن و پێچە شاریانە"

ڕۆشنبیری کورد و فەزای مەجازی
ئەو گێژاوەی ئێستا لە دونیای کوردیدا دەگوزەرێ، دەکرێ ناچاریی بێت بۆ ڕۆشنبیر، ڕۆڵی چاودێرێک بگێڕێت و، نەبێتە بەشێک لەم بێماناییەی ئێستا دونیایی ئێمەی پڕکردووە. ڕۆشنبیر لە دۆخێکی وه‌هادا، یان بێدەنگی هەڵدەبژێرێت یان، بەجۆرێک دێتە دەنگ و، بەگوڕ ئەو شتە دەڵێت پێویستە و، نەگوتراوه‌ و نەبیستراوە، پشتئەستوور بەلێکۆڵینەوە و لە ئەنجامی پرسیار و بیرکردنەوەدا هاتبێتە بەرهەم. ئەو شتە ناڵێت كه‌ بەسەدان دەیڵێنەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا دەیبینین،  لاوازیی ڕۆشنبیری کوردە لە فەزای مەجازیدا. لاواز لە ڕووی زانینەوە، سۆبێکتێک دەبینین، زیاد لە ڕادەی ئەو سۆبێکتە دەستەجەمعیە شل و شێواوە دەرگیربووە، کەمترین پەیوەندییەک مابێتی بە کتێبەوەیە، کە مانایەک دەدات بە نوێبوونەوە و ڕۆشنبیر بوونی. 

"بەختیار عەلی" لە دیمانەیەکدا چەمکی "ڕۆشنبیر"مان بەم جۆرە پێدەناسێنێ "پێناسەیەکم هەیە ڕەنگە کەم کەس بگرێتەوە، ڕوناکبیر، ئەو کەسەیە پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ دونیای کتێبدا هەیە، ئەو پەیوەندییە قەت ناپچڕێنێت" ئەوەی لێرەدا دەیبینین تەواو پێچەوانەیە، کتێب تەنها لە ناونیشانەکەیەوە دەخوێنرێتەوە، دەرگیریبوونی تەواوەتییە لەگەڵ فەزای مەجازیدا، بووه‌ته‌ شوێنێک تەواوی بۆچوون و، ڕوانگەکانی خۆیی تێدا هەڕاج دەکات. ئەویش لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی نیگای ئەویتر، بۆیە کاتێک لایکەکانی ڕوو لە کەمی دەکات دەکەوێتە گومان و دوودڵییەوە، پرسیار لە خۆی دەکات: ئەوانی تر چییان لێم دەوێت؟ چیبکەم بۆ ئەوەی ببمە ئارەزووی ئەوانی تر؟ ئەو ڕۆڵە بگێڕم کە ئەویتر ئاسودە دەکات و دەیەوێت، تا لایکەکانم ڕوو لە هەڵکشان بکات. بۆیە لێرەوە لەوە دادەماڵرێت خۆیی بێت دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەوانی تر. دەبێتە سۆبێکتێکی هیستریایی لە گومان و دوودڵیدا دەمێنێتەوە. تاکە خولیایەک هەیبێت ئارەزووی دانپێدانانی ئەویترە، بەخشینی بڕێک شانازییە، یان بوونی ناویەتی لەو لیستە دوور و درێژانەی ڕۆشنبیر كه‌ ساڵانە خەڵات دەکرێت.

لێرەوە لەو بەرپرسیارێتیه‌ دوور دەکەوێتەوە، پێویستە لە ڕۆشنبیر دا هەبێت. سۆبێکتی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە پێویستی بە نیگای ئەویتر نیە، ناچێتە ژیر باری هەلومەرجە وە تا ئەو پرسیارانە لەبیر بکات بەدواوەیەتی، مانەوەیەتی بەشێوەیەک لە پەراوێزیدا، بەشێک نیە لەو گرووپەی له‌ هەوڵی خۆگونجاندندایە لە بارو دۆخی بەردەست. ناکۆکە، نەک لەگەڵ ئەویدی بەلکو لەگەڵ خۆشیدا، یان بەمانەیەکی تر، ناکۆکە لەگەڵ خۆی و پانتاییە ڕەمزییەکەیدا. دەکرێت خودی ئەم ناکۆکییە بێت مانایەک بە خودی خۆی و  پرسیارەکانی بدات، دەکرێت بڵێن ڕۆشنبیر خۆگونجێن نیە، ناتوانێ هاوڕەنگ بێت، هەوڵ نادات لەگەڵ ئەو سۆبێکتە دەستەجەمعیە بگونجێ، بەڵکو دەبێت ئەو سۆبێکتە دەستەجەمعیە لەگەڵ ئەودا بگونجێ.

گەر سادەتری بکەینەوە، مامەڵەی ڕۆشنبیر مامەڵەیەکی کاڵایی نیە، بەڵکو مەعریفییە. بۆیە ناتوانێ لەژێر خواستی جەماوەردا بێت. "ئیدوارد سەعید" لەو کۆمەڵە وتارەی لە بەرنامەی"ریت" لە كه‌ناڵی " bbc "  (له‌ كتێبێكدا كۆكراوه‌ته‌وه‌‌)  دەربارەی نیشانەکانی  ڕۆشنبیر پێشکەشی دەکات ئاماژە بەوە دەکات "ڕۆشنبیر بەو شێوەیەی من لێی تێدەگەم، لە بنەڕەتدا دەرمانی هێورکەرەوە نییە، هەروەها خوڵقێنەری بیروڕای گشتی نیە، ڕۆشنبیر کەسێکە هەموو بوونی لە پێناو هەستێکی بڵند دا تەرخان کردووە. ئەو هەستەی هەرگیز بەوە ڕازی نیە ڕێگە چارەی ساکار و کڵێشەیی ئامادە بکات، یان خود هۆکاری ماستاوچیانە و دڵخۆشکەرانە بۆ گوتار و کرداری تاکە ئاساییەکانی کۆمەڵگا پەسەند بکات"