سەردەمی بێبەھاکردنی ڕەخنە!

کاروان عەلی شامار


30/06/2020

فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ لەیەک لە کتێبەکانیدا بەناوی (رەخنە چییە؟)، زۆر بەوردی باس لە رەخنەو جۆرەکانی دەکا، پێی وایە رەخنە ئامرازە، کەرەستەیە بۆ دوارۆژ یان بۆ حەقیقەتێک کە رەخنە نازانێت چۆن روو دەدات!
وە ئەگەر بەشێوازێکی سادەش شرۆڤەیەکی رەخنە بکەین ئەوا جۆرێکە لە ھەڵسەنگاندن و نرخاندن بەمەبەستی دەرخستن و نیشاندانی لایەنی باش و خراپ. دیارە رەخنەش پابەستە بەزۆر بوارەوەو دەتوانرێت لە زۆر کایەی دیار لەژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری و ئەخلاقی بخرێتە بەردەم نەشتەری رەخنەو رەخنەلێگرتنەوە.
سەردەمانێک صەدام حسێن لەدژی نەیارەکانی و بەتایبەت ئەوانەی رەخنەیان لە رژێمەکەی دەگرت (زمانی دەبڕین)، ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن و سەرکوتکردنی ئازادیخوازان و بەرتەسکردنەوەی مەودایی دیموکراتی! سەدام بەمانا دیکتاتۆر بوو ھەموو ئەو توندوتیژیانەی کە ئەنجامی دەدا، بروای تەواوی پێیان ھەبووەو ھیچی لەژێر ماسکەوە نەکردووە، ھەر بۆیە ناوی وەک دیکتاتۆرێک لە مێژوودا تۆمارکرا! ئەگەر رژێمی بەعس ماوەیەک زمان برینی وەک سزایەکی جەستەی دژ بە کەسانی رەخنەگرو ئازادیخواز ئەنجام دابێ وەلێ بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم ساڵانێکە لە ژێر ناوی دیموکراتی موزەیەفدا سزای جەستەیی و دەرونی ھاونیشتیمانیان و ئازادیخوازان دەدەن و ھیچ بەھایەکیان بۆ رەخنە نەھێشتۆتەوە. ئەگەر لەرابردوو شانازییەکیش ھەبوبێ بەھۆی رەھەندە شۆرشگێرییەکەوە بووە وەلێ لەدوای راپەرین ئەوەش لەباربرا! بەداخەوە وڵاتیان ھێندە بێ ھیوا کراون خۆزگە بە سەردەمی رژێمی صەدامی حسێنی دیکتاتۆر دەخوازن کە ئەمە کارەساتەو لێکەوتەکانی لەئایندەدا دەبینرێ!
لەسەروبەندی پێکھێانی یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێم تا ھەنوکە ھەزاران رەخنەی جۆراو جۆر ئاراستەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم کراون، گەر بەشێک لەو رەخنانە  تەوزیف کرانایەو وەک پێویست سودیان لێ وەرگیرایە، ئەزمونی ھەرێم ئێستا دانسقەو پێشەنگ دەبوو. 
بیست و نۆ سالی رەبەقە ئازادیخوازان ھەرچی ئۆپشنی مەدەنی و دیموکراتی ھەیە تاقیان کردۆتەوە لێ ھیچ ئیعتیبارێکی نەبووە! لەدەرەنجامدا دەرکەوت سەردەمی رەخنەگرتن بەسەرچوەو ئەو میتۆدەی لەھەمبەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەکارھاتوە رۆلێکی ئەوتۆی نەبووەو نابێ، حەق وایە بۆ لەمەودوا بەشێک لەو بەرپرسانەی بەتایبەت ئەوانەی بەشێک نین لە خراپەکارییەکان ھەڵوێستەکانیان یەکخەن و تەنھا لە چوارچێوەی تیۆریدا نەبێ و ئەزمونێکی نوێ تاقی بکەنەوە، ئەگەر دەیانەوێ نەبنە بەشێک لە بێدادی و گەندەڵیەکانی ئەوانی تر، ئەوا پێویستە بۆ تەنھا جارێکیش بێ بەکرداری ھەنگاو بنێن بە ئاراستەی چاکسازی و گۆرانی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابوری و باشکردنی گوزارەنی ھاونیشتیمانیان.