سەرمایەدارەكان و بازاڕی هەرێم

نه‌به‌ز گۆران


26/07/2020

لەوانەیە وا باشبێت لەم پرسیارەوە دەست پێبكەین، ئەگەر بڕیارە جوڵەی بازاڕ بەهۆی موچەی كەرتی گشتییەوە ببوژێتەوە، كەوایە ئەركی سەرمایەدار و بوونی سەرمایەكەی چییە؟ لە ئێستادا بازاڕی هەرێم بە گشتی لە دۆخێكی سڕڕبووندایە، كەرتی گشتی (كەرتی حوكومی) توانای جوڵەكردنی وەستاوە، سەرمایەدارەكانیش بەشێكی زۆریان بەهۆی ترس لە سەرمایەكەیانەوە ناتوانن هیچ جوڵەیەكی راستەقینە بخەنە بازاڕەوە، چاوەڕوانی خەڵكیش چاوەڕوانییەكە لە كەرتی گشتی، چونكە كەرتی تایبەت هێشتا نەیتوانیوە شوێنگرەوەی بێت و تەواوی چاوەكان روو لە كەرتی گشتین.
بە پێی داتای ساڵانی پێشووی ژورە بازرگانییەكانی هەرێم، زیاد لە (3)هەزار ملیۆنێر لە هەرێمی كوردستاندا هەیە! لە كۆمەڵگەیەكی چوار شاریدا ئەم هەموو ملیۆنێرە هەبن، ئەی بۆچی بازاڕ لەو دۆخە كپبوەدایە؟ بۆ زیاتر نیگاكردن لەسەر ئەم دۆخە، لەوانەیە دوو گەڕانەوە بۆ ڕابردوو یارمەتیمانبدەن لەو جیهانە تێبگەین بەشێكی زۆری سەرمایەداری كوردی(هەمووی نا) تێیكەوتوون.
لە ناو فەرهەنگی میللی كورددا پەندێك هەیە دەڵێت: "باو باپیرانمان پارەكانیان لە سەریندا دەشاردەوە." ئەشێت هەمان ئەم تێگەیشتنە میللییە هێشتا هەیمەنەی بەسەر زۆر سەرمایەدارەوە هەبێت و دونیا بینیەكەی لەو ئاستەدابێت، بەبێ‌ ئەوەی تێبگەن فەزای نوێ‌ فەزایەكی جیاوازە، فەزایەكە لەسەردەمی سیستەمی سەرمایەداریدا دەژین، كە سیستەمی سەرمایەداری بوونی هەبێت، كەواتە بانك هەیە، بێمتمانەی بە بانك، بێگومان حوكومەت دروستیكرد، ئێمە ناڵێین: با زۆرینەی سەرمایەدارەكان پارەكانیان لە سەرینەكانیاند بهێننە دەرەوە و بیخەنە بانك، چونكە ڕانتخۆرەكانی ناو حوكومەت و حیزب لەوانەیە ئەوەش ببەن، هەرچۆن لەكاتی قەیرانی دارایدا بانكیان وێرانكرد و بێمەتمانەیان دروستكرد، جارێكی دیكە دووبارەی بكەنەوە، ئەمما سەرمایەدار كاتێك دەتوانێت سەرمایەداربێت، هەلیكار دروستبكات، ببێتە وزەیەك بۆ جوڵەی بازاڕ، ببێتە دینەمۆیەك لە پشتەوە بازار بخاتە گەڕ و دنەی بەرهەمهێنان و دروستكردنی كار بدات. بتوانێت بازاڕ لە دۆخێكەوە بگۆڕێت بۆ دۆخێكی دیكە، توانای هەبێت نەهێڵێت بازاڕ بوەستێت. گەر سەرمایەدار نیتوانی بەم جۆرەبێت، كەوایە دەبێت لەناو دونیای سەرینەكەدا بێت و هێشتا نەهاتبێتە دونیای نوێوە.
بۆ نمونە: هەنگاوێك دەچینە دواوە بۆ سەردەمی (هێڵی ئاوریشم) كۆی ئەو شارانەی لەسەر ئەو هێڵە بوون، بەهۆی بازرگانیكردنەوە بەردەوام لە گەشەكردندابوون، چونكە قافڵە بازرگانییەكان بازاڕەكەیان دەجوڵاند، پاش هاتنی كۆڵۆنیالیزم و دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە، شێوازی سەرمایەداری لە هێڵێكەوە گۆڕا بۆ چەندین پنتی جیاواز و پەرشوبڵاو. بێگومان بەشێك لە سیستەمە فاشی و دیكتاتۆرەكان بە تەواوەتی كەرتی تایپەتیان كاڵكردەوە و لەناو كەرتی گشتیدا ونیانكرد، ئەمما كە سیستەمی سەرمایەداری جارێكی دیكە خۆی هەڵچینییەوە، كەرتی تایپەت بووییەوە بە هێزێكی گەوەری بەرهەمهێنان و هەلیكار و جوڵەی بازاڕ. (ببورن لێرەدا قسە لەسەر ئەو ستەم و دروستكردنی جینایەتییە نییە سیستەمی سەرمایەداری هێناوییەتە ئاراوە، قسە لەسەر هەلیكار و جوڵەی بازاڕ و ئامادەیی كەرتی تایبەتە.)
لەم نیگایەوە دەچینەوە سەر پرسیارە بنەرەتییەكان، ئایا سەرمایەدارانی هەرێم دەتوانن بە ئەركە راستەقینەكەی خۆیان هەڵسن؟ گەر دەتوانن بۆچی لەگەڵ لاوازبوونی كەرتی گشتیدا، ئیدی بازاڕی هەرێم كەوت؟ ئەم لاوازییەی بازاڕ بۆ دەبەسترێت بە هاتنی موچەوە؟ لە جیهانی دەرەوە ئەوەی بازاڕ و هەلیكار دروستدەكات، تەنها كەرتی گشتییە، یان كەرتی تایپەتیش بۆخۆی هەیمەنەی هەیە لە دروستكردنی بازاڕ و هەلیكاردا؟ بەشە زۆرەكەی سەرمایەدارەكانی پاش (ڕاپەڕین) رانتخۆرن، یان سەرمایەداری راستەقینەن؟ گەر سەرمایەداری راستەقینەن چی لە سەرمایەكەیان دەكەن؟ وەك باوباپیرمان لە بالیفدا هەڵدەگرن و داوا لە فەرماندەیەكی حیزبی دەكەن چاویان لێیان بێت و بیان پارێزێت و، فەرماندە چەكدارە حیزبییەكەش لەبری چاو لێبوونی سەرانەی خۆیان لێوەردەگرێت؟
ئەمانە و كۆمەڵێك پرسیاری دیكە دێنە بەردەم سەرمایەدارەكان، بازاڕی هەرێم تەواو بەرەو ئاستی خوارەوە دەڕوات، لە هەر دووكاندارێك و كاسپێك دەپرسیت دادو ناڵەیەتی بەهۆی نەبوونی بازاڕەوە، كەرتی گشتی(حوكومەت) لە دۆخێكدایە شایەنی باسكردن نییە و تەنانەت توانای بەرێوبردنی وەزارەتەكانی خۆشی قورس دەكەوێتەوە لەسەری. دەبێت زۆرینە، واتە: چینی هەژار، چینی ناوەند دانیشت تا موچەبێت و كەمێك جوڵەی كاتی بكەوێتە بازاڕەكەوە، سەرمایەدارەكان زۆرینەیان لە گۆشەیەك خۆیان مت كردوە و سەریان خستوەتە سەر بالیفەكەی خۆیان، هەركەس لە شوێنی خۆیەوە نیگەرانە لە دۆخەكە، گەر بەمجۆرەبێت كێ‌ بازار بجوڵێنێت؟ (لەوانەیە گرنگیش بێت باسی ئەوە بكەین، بەشێكی زۆری سەرمایەدارەكان دەترسن، چونكە رانتخۆرەكانی ناو حیزب و حوكومەت دەستیانخستوەتە ناو قوڕگی بازارەكەوە، لێ‌ ئەمە بیانوێك نییە تا سەرمایەدارەكان خۆیان لەو دۆخە پەراوێزبخەن.)
لە هەموو حاڵەتێكدا سەرمایەدارانێك لە گۆشەكەی خۆیانەوە ناتوانن هیچ فەزایەكی بەرهەمهێنان و هەلیكار دروستبكەن، كەوایە سەرمایەدار نیین، رانتخۆرن. دۆخەكە وای لێهاتووە جەسارەتی دەوێت بە سەرمایەدارێك بڵێیت: مەترسە وەرە بازاڕ دروستبكە، چونكە لەوانەیە سەد لۆژێكی ئابووری بخاتە بەردەمت تا وات لێبكات پەشیمانت بكاتەوە لە داخوازییەكەت، بەڵام بە هەموو دیوێكدا هەرێمێكی چوار شاری بەو هەموو سەرمایەدارەوە هیچ مانای نییە ئەوە بازاڕەكەی بێت، گەر بازاڕ لە دەست سەرمایەدار نەمابێت و خرابێتە ئەستۆی دابەشكردنی موچەوە، كەوایە كۆمیدیاییە باس لە بوونی سەرمایەدار بكرێت، سەرمایەدارانێك نەتوانن بازاڕ دروستبكەن، لەم جیهانە نوێیەدا هێندەی قافڵەیەكی كۆنی سەردەمی (هێلی ئاوریشم)یان پێنەكرێت، ئیدی بۆچی ناویان سەرمایەداربێت؟ كاتێك ئەو بازاڕە بەو جۆرە كپ بووە دەبینن، دەبێت هیچ پرسیارێك لەخۆیان بكەن؟ ئایا گومان دەخەنە سەر دونیای بیركردنەوەی سەرمایەدار بوونی خۆیان؟
نەبەز گۆران
پەراوێزەكان:
_ لەسەر داتای زیاد لە(3) هەزار بوونی سەرمایەدار سودم لە بڵاوكراوەیەكی پێشووی ژوری بازرگانی بینیوە
_بۆ روانین لەسەر ئەركی سەرمایەدار لەئێستای بازاری هەرێم، سودم لە گفتوگۆی دۆستێكی سەرمایەدار بینیوە.