ئەوانەی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی-ەوە گەشت دەكەن ئاگادار دەكرێنەوە

کوردستان

01/08/2020     ژمارەی بینراو 311

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەڵێت، پێویستە ئەو كەسانەی دەیانەوێت گەشت بكەن، چوار كاتكۆ پێش وادەی دیاریكراوی خۆیان لەفڕۆكەخانەكە بن.

بەپێی بڕیارێكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراق و وەك رێكارێك بۆ بەرگرتن لە هاتنە ناوەوەو تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ماوەی ٥ مانگ هەموو گەشتە ئاساییەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان داخران، ئەمڕۆ شەممە 1-8-2020 یەكەم گەشت لەفرۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر بۆ دەرەوەی وڵات و بەپێچەوانەوە دەستیان پێكردەوە.

تاهیر عەبدوڵا، ئەمڕۆ شەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد:" فڕۆكەخانەكەمان ئامادەیە بۆ دەسپێكردنەوەی گەشتەكان و خزمەتكردنی هاوڵاتیان، بەڵام پێویستە گەشتیاران پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن و بەر لە ٤٨ كاتكۆ پشكنینی pcr تایبەت بە كۆرۆنا بكەن و ئەنجامەكەی لەگەڵ خۆیاندا بهێنن، ئەگەرنا گەشتەكانیان هەڵدەوەشێنرێتەوە."

لەبارەی ئەو كەسانەش كە لە گەشت دەگەڕێنەوە ووتی: "دەبێت پشكنینیان پێبێت، بەڵام ئەگەر نەیانكردبێت ئەوا كێشە نییە لێرە تیمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی پشكنینیان بۆ دەكات و پێویستە تا كاتی دەرچونی ئەنجامەكەی لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە." 

بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد: "بەر لە چوار رۆژ خاوەنی كۆمپانیا گەشتیارییەكانمان ئاگاداركردووەتە لەو رێوشوێنانەی كە پێویستە گەشتیاران بیگرنەبەر."

بۆ بەرگرتن  لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق، لە ١٧ی ئازاری ئەمساڵ گەشتە ئاسمانییەكان لە سەرجەم فڕۆكەخانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان راگیران، لە ماوەی رابردوودا تەنیا رێگە بە گەشتی فڕۆكەكانی كارگۆ، سەربازی، دیپلۆماسی، گەشتە ناچارییەكانی هاتنەوەی هاووڵاتیان لە دەرەوەی وڵات دراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن