كۆمسیۆن راگەیاندراوێك لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بڵاودەكاتەوە

عێراق

01/08/2020     ژمارەی بینراو 269

راچڵەكین

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەو وادەیە دەردەبڕێت كە مستەفا كازمی دیاریكردووە، لە راگەیاندراوێكیشدا مەرجەكانی بەرشێوەچوونی پرۆسەكە دەخاتەڕوو.

بەگوێرەی ئەو راگەیاندراوەی كە ئەمڕۆ 1-8-2020ن بڵاویكردووەتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، ئامادەین پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە رۆژی 6-6-2021 ئەنجام بدەین كە وادەكەی لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دیاریكراوە.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، بەڕێوەچوونی پرۆسەكە پەیوەستە بەچەند مەرجێكەوە، لەوانە:

1- ئەنجومەنی نوێنەران بەزووترین كات یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبكرێتەوە، بەوپێیەی یاساكە دەبێتە چوارچێوەی پرۆسەی هەڵبژاردن.

2- ئەنجومەنی نوێنەران بە یاسا جێگرەوەی ماددەی 3 لە فەرمانی ژمارە 30 ی ساڵی 2005 دیاری بكات، بۆ تەواوكردنی نیسابی دادگای باڵای فیدراڵی، كە تاكە لایەنی راسپێردراوە لەڕووی یاساییەوە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

3- حكومەت بودجەی تایبەت بە هەڵبژاردن ئامادە بكات و ئەو پێداویستییانەی هەڵبژاردن دابین بكات كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە داواكراوە، بۆئەوەی بتوانرێت هەڵبژاردنەكە لەوادەی دیاریكراودا ئەنجام بدرێت.

4- كۆمسیۆن داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تر دەكات بۆ پێدانی یارمەتی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چاودێریكردنی پرۆسەكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن