شێركۆ بێكەس ئاوێنەی سەردەمێكی ناكۆتا

کەلتوور

04/08/2020     ژمارەی بینراو 1112

ژیان ئەزموونكردنە، چەن گەورەییە لەسەر هێڵە گەورەكانی ژیان و گەردوون مرۆڤ نەخشی هەبێ. ئەو جوانیەی شێركۆ لە ژیانی زۆركەسدا دروستی كردوە درێژخایەنترە لە هەر جوانیەكی ساتەوەختێكی هەستی یا حەماسی یا بەخشندەییەكی كۆمەڵایەتی و كردەیەكی سیاسی، نەخشی جوانبەخشی ئەو ئاوێتەی جوانی عیشق و شیعر بوو.

ساڵی ھەشتاودوو لە ئەوجی تیژیی كەڵپەی بەعسیەكاندا روومانكردە شاخ، لەكوێرە گوندێكی گەرمیاندا گیرساینەوە. قوتابخانەی شارمان بەجێ ھێشت. ھەر زوو بۆ راھاتن و ئاشنا بوون لەگەڵ كەش و ھەوای گوندو ژیان لەناو شۆڕش و پێشمەرگەدا، زۆربەی شەوانی نوتەكی زستان گەر بكەوتایەتە ماڵ لە ژورێكی قوڕینی سەر چیخچنی نزم و بچوك لەبەرچرادا، باوكم كۆی دەكردینەوەو سروودی بەرگری بۆ دەخوێندینەوە. "كازیوە" و "من تینوێتیم بەگڕ ئەشكێ" و تریفەی ھەڵبەست" ی شێركۆ بێكەس  دیوانی بێكەس و قانیع لە وانەكانی زۆرینەی شەوانی سەرەتای ئاشنا بوونمان بوو بە ژیانی سادەو پڕ ترش و شیرینی ئازادی لادێ.. 

ئێمەش بە رۆژ بۆ پێشمەرگەمان دەوتەوە كە بەجەولە رێیان دەكەوتە ئاوایی.. 
رۆژگار ھات و چوو شۆڕش باڵای كردو ئازادی لەگەڵ خۆی ھێنا بۆ شار.. منیش لەزانكۆی سلێمانی بوومە خوێندكارو لەنزیكەوە بەخودی باڵای شیعرو ئاسمانی داھێنانی شیعریی ئاشنا بووم. جار جارە دەچوومە دیداری لە"سەردەم". 

لەگەڵ چەن هاوڕێیەكمدا گۆڤاری "مرۆڤایەتی"مان لەزانكۆ دەردەكرد. هەر كە چاپ دەبوو گۆڤارەكەمان دەبرد بۆ كاك شێركۆو رەئوف بێگەردو ئازاد بەرزنجی. 

مەبەستمان بوو سەرنجیان بزانین و بەشداری بكەن بەنوسین بۆ گۆڤارەكە.

 لەوساوە تا تەمەن باقی بێت لەگەڵ شیعرەكانیدا ژیاوم و دەژیم. 

دوا وێستگەی بینین چەند ساتەوختێكی خەمباریی و شادومانی بوو، رۆژی ٢٣-٦-٢٠١٣ ئیجازەم لە نەسرین خانی خێزانی وەرگرت و توانیم جارێكی تر، بەیاوەری  بەڕێزان عومەر شێخ موس و بەكر فەتاح و ساڵح قەیتولی و شۆڕش قادر چوینە لای لەسوید. ئەم جارە جیاوازتر لەھەموو جارەكان بێ شەپۆلی وشەو جوڵەو بێ دوكەڵ بوو. دیداری ئەو دیداری خەمی نەتەوەو بێكەسیی كورد و ھاواری لەبن نەھاتووی نیشتمان بوو. سەرەتا بێدەنگیەكی قووڵ دایگرتبوو، لێم پرسی ناخوێنیتەوە،  وتی ناتوانم ئەم نەخۆشیە ھیلاكی كردووم..  ئەی نوسین  وتی ئەوەشیان نا.. پاكەتە جگەرەكەی لەبەردەم خۆیدا دانابوو، بەڵام نەیدەكێشا،  دكتۆر لێی قەدەغەكردبوو. وتی ھەر حەز ئەكەم لەبەر چاوانم بێت. 

دەنگوباسی گەرمیان چییە ئەبێ ئێستا گەرمبێ وانییە؟ 

كاتێ ماڵ ئاواییمان لێ كرد زۆر بەحەسرەتێكی قووڵەوە بەو پەڕی ھێزی ناخمەوە، لەبەردەم جانتای سەریدا كە بە كلێتە داپۆشرابوو رۆحم لەبەردەمیدا چەماندەوە، چوون ھەستێك دایگرتم و دەمزانی ئەمە دوا دیدارە. 

هەستم دەكرد چ بۆشاییەكی ئەدەبی لەفەزای نوسین و داهێنان و نوسینەوەی ژیانی كورد دروست دەكات.

توند دەستیم گوشیی و بەدەستی چەپم بەسۆزێكی توندەوە قۆڵی راستیم گرت. ھەرچەندە بەھیواوە پێم وت كاك شێركۆ بەھیوای دیدارێكی باشتر لە ئێستا..  لە یەكەم پەیژەی شوقەكەی ھاتمە خوارەوەو فرمێسكی قەتیس بووم دابارین. یەكەم جار بوو خەم بۆ خودی خۆی بمگرێنێ پێشتر چەندان جار شیعرەكانی گومانم نییە زۆرینەمانی گریاندووە، ئاخر شیعریی شێركۆ ھەر بە راست ژانی نەتەوەو ھاواری كوردو جوانی نیشتمان وزەی ژیانە.. ئەو ھەموومانی كۆكردبووە لە دوتوێی شیعردا ئەو بەسەرھاتی ئازارو برینمانی نوسیبوەوە.. لە گۆڕستانی چراكاندا وێنەی "وڕێڵە" وێنەی دوا ئێوارە شومەكەی ئەنفالی بۆ نەخشاندبووین. كەس وەكو شێركۆ بێكەس نەیتوانیوە تەنیاترین تەنیاییەكانی كوردو میحنەتریین میحنەتەكانی كوردستان بخاتە دووتوێی شیعرەوە..

رۆژی ۲٠۱۹/۷/۳٠ لەگەڵ پۆلێك لەكەسوكاری ئەنفال لەسەحراكانی سەماوە بووین چوینە لای گۆڕی بەكۆمەڵی ئەنفالەكان، لەو سەحرایەوە بەرەو نوگرە سەلمان رۆشتین لە دەشتە لماویە بەرینە خەیاڵم زوو دەچوەوە ناو " گۆڕستانی چراكان دەتوت شێركۆ خۆی لەوێ بووەو ئەو دیوانەی نوسیوەتەوە، دورو دڕدۆنگی و بیمی رێگاكە. 

ژەنگاوی ئەو سەحرا بەرین و تەپوتۆزە ژیان كوژە. 

قافڵەكان  بارگەو پریاسكەی كوردیان لێرە خستوە..

خەڵەفم بیركەوتەوە، خەڵەف: عەسكەرێكە پاسەوانی ئەو زیلەیە كە شۆفێرەكە لێی ئەخوڕێ و لەگەڵیایە.

شێركۆ بێكەس لە خەیاڵی شۆفێری ئەو زیلەوە ئێژێ:_

(( من ناوێرم سەیری ئەم كوردانە بكەم

ئەڵێم نەوەك چاوی “خەڵەف”ی پاسەوان

لە پڕێكا قەترەیەكی بەزەیی خـوا

یان یەك بریسكەی بچووكی

لێبوردنی پێغەمبەرێ

لە ناو چاوانما ببینێ و بەگرتمـبـا! ))

شوفێرەكە، دوای بڕینی ڕێگایەكی دوورودرێژ نوقمی خەیاڵ بووە…

(( خەڵەف كۆكی و، ئەم داچڵەكی و

گەردەلوولی كلك كڵافەی

دووری سەحرا، هەتا ئەهات

لە قافڵەی ڕوو لە عەدەم نزیك ئەكەوتەوەو

لە پڕێكدا لە ناو بەرایی

تەمـاشـای خۆڵاوی‌دا..

قەڵایەك و چەند قولـلەیەك

هەڵتۆقین و

لە ناو ئێوارەی ژەنگاوی و

لە ناو وەڕەی سەگی ڕەش و

لە بەردەمی زەمانێكی مڕومۆچ‌دا

مـاشـێن وەسـتا!.

خەڵەف بە دەنگی بەرز وتی:

“نـوگـرە سـەلمان!”

ــ نوگرە سەلمان!

ئافاتێكی قەڵا قەڵا، دووپشكێكی گەورە گەورەی كۆنكرێتیی.

ئەشكەنجەیەكی درێـژ و

كـڵـپەیەكی بـازنەیی!.

نوگرە سەلمان!

ژەنگی مێژوویەكی كۆن و

قولـلەی زوڵمێكی زۆر دوور و

مەنزڵێكی بیرچوونەوەو

یادگارێكی بێ پەنجەرەو

تاعونێكی خۆمڵاسدەر لە ناو لمدا و

كینە و ڕقێكی سڕمدی!.

نوگرە سەلمان!

قەڵا قەڵای ئازارێكی ڕەشداگەڕاو.

تینویەتییەكی ئەزەلی‌و

پێناسەیەك بۆ ونبوون و بۆ تاریكیی و

شوێنێ بۆ زەمانی غەدر و

جێگایەك بۆ پیاسەی زوڵم و

گاڵتەی تاوان.

نوگرە سەلمان!

 سڵاو لە رووباری شیعریی كوردی سڵاو لەو نەغمە نەمرەی داستانی نەمریی، بەجەستە رۆیشتیی، بەڵام تۆ ھەرگیز لەچاوان ون نابی لە چاوی ئەندێشەو ھەست و سۆز ئاوا نابی.. تا گوند مابێ تۆ ھەر ئەژیت، تا كورد مابێ تۆ ھەر لەباغی نەمرییدا باڵاترینیت، تا ستەم و چەوسانەوەو "كزەی كوردان" مابێ تۆ بانگەوازی ئازایی و ئازادییت.. سڵاو لەدەنگە ھەمیشە سەوزەكەی ژیان سڵاو لە شێكۆ بێكەس.. 

 

سالار مەحمود 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن