خەباتی نهێنی نێو كۆڵانەكانی تەعجیل و گەڕەكی عارەبان لە كتێبفرۆشانی شارێكدا

کەلتوور

05/08/2020     ژمارەی بینراو 1245

 
‎ خەباتی نهێنی نێو كوچەو كۆڵانەكانی تەعجیل و گەڕەكی عارەبان لە گێڕانەوەی مێژووی كتێبفرۆشانی شارێكدا

مەسعودی مەلا هەمزە

‎مێژووی هەر شارێكی ئەم كوردستانەی خۆمان بگری پڕیەتی لە هەورازو نشێو و رووداوگەلی سەیرو سەمەرە، كە پێویستە وەك مێژوو تۆماربكرێن و لەنێو لاپەڕەكانی ئەرشیفدا بۆ نەوەكانی داهاتوو هەڵبگیرێن.

‎هەولێر، وەك شارێكی دێرینی كوردستان و پایتەختی ئێستای هەرێمی كوردستان، هەمیشە شارێكی گرنگ بووە، لانكەی رووداوی گەورەی مێژوویی بووەو جۆرەها رووداوی سەیری تیا رووداوە، كە ئەگەر بێتوو ئەمڕۆ نەنووسرێنەوە بۆ داهاتوو دەبنە خەون و لەوانەیە ئەستەم بێ كەس باوەڕ بەمە بكات و لەوانەیە بەشێك لە رووداوە راستەقینەكان وەك ئەفسانە لێی بڕوانرێ.

‎جیاواز لە شارەكانی تری كوردستان، لە سەردەمی حوكمڕانی رژێمی فاشیستی بەعس، هەولێر زۆرترین مۆڵگەی بەعس و دام و دەزگاكانی تیا بوو، بەرەنگاربوونەوەی بەعس لەمشارە هەمیشە جیاوازتر بووە لە شارەكانی ترو هەر هەنگاوێك لەم شارە قوربانیدانی گەورەی ویستووە، هیچ كوچەو كۆڵانێكی ئەم هەولێرە نادۆزیتەوە لە بەرامبەر زوڵم و ستەم و داگیركاری بەعس داستانێكی قارەمانانەی تێدا تۆمار نەكرابێ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا كەمترین بایەخ بەمە دراوەو بەشی زۆری ئەم مێژووە پرشنگدارەی هەولێر تۆمار نەكراوەو بە تێپەڕبوونی كات و كۆچی دوایی كردنی كاراكتەرەكانی نێو رووداوەكان، ئەم داستان و نەبەردییانەش لەناودەچن و نامێنن.
‎یەكێك لە فاكتەرەكانی نووسینەوەی مێژوو، بواری ئەدەبی بەگشتی و رۆمان بە تایبەتیە، بە چاوگێڕانێكی خێرا بە ئەدەبی جیهانی، بۆت دەردەكەوێ بەشی هەرە زۆری رۆمانە گەورەو بەناوبانگەكانی جیهان هی سەردەمی دیاریكراون و لە رووداوە راستەقینەكانی نێو كۆمەڵگا جیاوازەكان وەرگیراون و كراون بە رۆمانی دانسقەی جیهانی، زۆرجار بەم رۆمانانە دەوترێ رۆمانی مێژوویی.


‎ئەگەر بەراوردێك بكەین لەنێوان ئەو هەموو رووداوو كارەساتەی بەسەر گەلەكەمان هاتووەو نووسینەوەیان لەنێو رۆمانەكاندا یاخود تۆماركردنیان وەك مێژوو، دەگەینە ئەو باوەڕەی كە بەڵێ كتێبخانەی كوردی لەم لایەنە زۆر هەژارەو بایەخێكی ئەوتۆ بەم بوارە نەدراوە.

‎ئەوەی لەم وتارە دەمەوێ بیخەمەڕوو و قسەی لەسەر بكەم، رۆمانێكی نوێی "سابیر رەشید" نووسەرو رەخنەگری دیاری ئەدەبی كوردییە، رۆمانی "كتێبفرۆش" كە لە چاپێكی قەشەنگدا لە وڵاتی ئێران چاپكراوە و لایەن خانەی ئاشتی بڵاوكراوەتەوە.

‎ئەم رۆمانە لە چیرۆكی ژیانی ئومێدی كتێبفرۆشەوە دەمانباتەوە بۆ مێژووی كتێبخانەكانی هەولێر و ئەو كتێبفرۆشانەی كە لەژێر دیواری قەڵای هەولێر و بەرامبەر دیواری دادگای هەولێر خەریكی كتێبفرۆشی بوونە.

‎نووسەر لەرێگای كاراكتەری ئومێدەوە هەوڵیداوە چیرۆكی ژیانی كتێبفرۆشانی هەولێرمان بۆ بخاتەڕوو، هەروەك لە رێگەی هەمان كاراكتەرەوە ئەوە دەخاتەڕوو كە چۆن لە سەردەمی بەعسدا چاپكردنی هەموو كتێبێك پێویستی بە رەزامەندی دائیرەی رەقابە هەبووەو بەبێ مۆڵەتی ئەوان هەرگیز نەتوانراوە بە ئاشكرا كتێب چاپ بكرێ.
‎سابیر رەشید لەم رۆمانەدا بە رۆحیەتی شۆڕشگێڕی خەباتی سەردەمی بەعس، بە نەفەسی خەبات و قوربانیدانی نهێنی نێو كوچەو كۆڵانەكانی تەعجیل و گەڕەكی عارەبان، بە ئومێدی ئەوسای خەبات لەنێو بڵاوكراوە نهێنییەكان و دروشمەكانی سەر دیوار، دەیەوێ پێمان بڵێ هەموو سەردەمێكی خەبات قوربانیدانی دەوێ و دەبێ هەموو مرۆڤێك رۆحیەتی شۆڕشگێڕی بەرزی هەبێ.


‎هەر لە رۆمانی "كتێبفرۆش"دا نووسەر ئەوە دەخاتەڕوو سەرباری هەموو سانسۆرەكان چۆن دام و دەزگاكانی بەعس هەوڵیان داوە لەرێگای سیخوڕەكانیان چاودێری وردی بازاڕی كتێبفرۆشان بكەن و لەرێگایەوە رێكخستنی حزبەكان و بڵاوكراوەكانیان بۆ دەربكەوێ و كڕیارەكان و كادیرانی نهێنی حزب دەستگیر بكەن و لەم رێگەیەوە دەستیان بگات بە زانیارییەكانی نێو رێكخستن.

‎هەروەك نووسەر بە ئاشكرا ئەوە دەردەخا كە وەك هەموو بەشەكانی تری ژیان، كتێبفرۆشانی هەولێریش لە سەردەمی بەعس دابەش ببوون بەسەر بەرەی ملكەچبووانی بەعس و بەرەی شۆڕشگێڕ و بەشێكیش لە كتێبفرۆشەكان تەنها خەریكی كەسابەتی خۆیان بوونەو هەقیان بەسەر هیچەوە نەبووە، هەربۆیە نووسەر لە رۆمانەكەدا ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە چۆن لەسەر بڵاوكراوەی نهێنی حزبەكان خەڵك بە زیندانی تا هەتایی سزادراوەو چۆنیش ئومێدی كتێبفرۆش و بەشێك لە هاوڕێكانی رێگای دووریان بڕیوەو كتێبی نهێنی قەدەغەیان هێناوەو بەرگی كتێبەكانیان گۆڕیوە بەو كتێبانەی كە بە شان و باڵی سەدام حسێن و حوكمڕانییەكەی دا هەڵیداوە، كە ئەمە دواجار مەترسی یەكجار گەورەی دروستكردووە بۆ سەر ژیانی كتێبفرۆشەكان و لە ئەگەری ئاشكرابوونی تا سزای لەسێدارەدان رۆیشتووە.

‎لە پاڵ هەموو ئەمانەدا، نووسەر هەوڵیداوەو چیرۆكی خۆشەویستی بۆ كاراكتەرە سەرەكییەكانی رۆمانەكەی دروستكردووەو ئەوە بە خوێنەر دەڵێ كە چۆن كتێبفرۆشەكان لەپاڵ خۆشەویستیان بۆ كتێب و نووسین، عاشق بوونەو كەوتوونەتە داوی خۆشەویستی و تەنانەت جیاواز لە خەڵكی تر ئومێدی كاراكتەری سەرەكی رۆمانەكە، كچێكی یانە شەوانەكان رزگار دەكا لە كاری لەشفرۆشی و ئامادەیە هاوسەرگیری لەگەڵ بكات و لە كارەكەی دووری بخاتەوە، لە كاتێكیشدا دەزانێ كچەكە كێشەی مناڵبوونی هەیەو ناتوانن ببنە خاوەنی منداڵ، سابیر رەشید لێرەوە پێمان دەڵێ كە خۆشەویستی گەورەترە لە هەموو شتێك و مرۆڤ لە پێناو گەیشتن بە خۆشەویستەكەی ئامادەیە دەستبەرداری زۆر شت بێ، تەنانەت ئامادەیە ئایندەشی روون نەبێ و تەنها دەیەوێ بە مەعشوقەكەی بگات، لەوە سەیرتر نووسەر هاتووە بۆشایی نەبوونی منداڵی بە كتێبخانە و كتێب پڕكردۆتەوەو بە خوێنەر دەڵێ خۆشەویستی كتێب خۆشەویستییەكە لە ئاست خۆشەویستی منداڵ و هەمیشە ئاوەدانیە بۆ ماڵ و ئەو شوێنەی تێیدایە.
‎كاراكتەری سەرەكی نێو رۆمانەكەی سابیر رەشید "ئومێد رەشپۆش"ی كتێبفرۆش و نووسەرو شاعیرە، دیارە نووسەر بە مەبەست ئەم نازناوەی بۆ پاڵەوانی سەرەكی رووداوەكەی بەكارهێناوە، ئاشكرایە نازناوی رەشپۆش و پۆشینی جلی رەش لەلایەن گەنجانی كوردەوە لە سەردەمی رژێمی بەعس بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و ناڕازی بوونی گەنجان بووە لەو حوكمەو گەنجان و لاوانی كورد هەوڵیانداوە بە پۆشینی جلوبەرگی رەش خەمباری خۆیان دەرببڕن و وەك رەمزێكی مقاوەمەتیش جلی رەشیان كردۆتە بەریان، ئەم جلە رەشەش زۆرجار بۆتە هۆكار بۆ دەستگیركردن و تەنانەت سزادانیشیان.

‎بە خوێندنەوەی رۆمانی كتێبفرۆش، لەنێو فەزایەكی ماتەم و خەمباریدا بە رۆحێكی شۆڕشگێڕانەی نێو خەباتی نهێنی و ژێرزەمینی، نووسەر سەرجەم رووداوەكانی نێو رۆمانەكەی لە چەند خولەكێكی كۆتایی ژیانی ئومێدی كتێبفرۆشدا دەگێڕێتەوە، لەو كاتەی ئومێد دەیەوێ خۆی بكوژێ و كۆتایی بە ژیان بێنێ، هەموو چركەیەكی نزیك بوونەوە لە مەرگی یادەوەرییەكی بیر دێتەوە، هەر لەو چركەساتەی لە یانە شەوانەكەی بەغدا خاتوون دەناسێ و دواتر ژیانی لە هەولێر و ئەو ساتانەی كە لەلایەن دائیرەی ئەمن دەستگیر دەكرێ و دواتر سزا دەدرێ.

‎یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین چیرۆكەكانی نێو كتێبەكە، چیرۆكی جاسووسەكەی دائیرەی ئەمنە، ئەو پیاوەی وەك كەسێكی رۆشنبیر خۆی بە سەرجەم كتێبفرۆشەكان ناساندووەو متمانەیەكی زۆری لەلایان دروست كردووەو وایكردووە كتێبی قەدەغەو نایابی پێ بدەن، لە كاتێكدا ئەو كەسە لە دائیرەی ئەمنی حزبی بەعس لێپرسراوی راپۆرت نووسین و كۆكردنەوەی زانیاری بووە لەسەر كتێبفرۆشەكانی هەولێر، ئەو كاراكتەرەی نێو رۆمانەكە لە ئەسڵدا عەرەب بووە، كەچی زمانی كوردی زۆر باش زانیوەو بە كوردی خەریكی نووسین و خوێندنەوە بووە، ئەوەی سەیرە لەم كاراكتەرە ئەوەیە كە ئومێدی كتێبفرۆش توانیویەتی ژیانی ئەم سیخوڕەی بەعس بگۆڕێت و دنیابینیەكی جیاوازی لەلا دروست بكا، بە جۆرێك لەو ساتەی كە دائیرەی ئەمن دەینێرن بۆ كوشتنی ئومێد، كابرای سیخوڕ خۆی دەكوژێ و دەفتەری یاداشتنامەكانی دەداتە ئومێدی كتێبفرش، هەر بەم هۆیەشەوە ئومێدی كتێبفرۆش حوكمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێنن.

‎بە كورتی، ئەم رۆمانە دەكرێ وەك بەشێك لە مێژووی هەولێرو گێڕانەوەی چیرۆكی كتێبفرۆشەكانی هەولێر سەیر بكرێ ، بە تایبەت كە هەریەك لەم كتێبفرۆشانە خوێندنگایەك بوونە بۆ پێگەیاندنی كەسانی رۆشنبیر و كۆكردنەوەی رۆشنبیران لە دەوری یەكترو ئاگاداربوون لە گۆڕانكارییەكانی جیهان، هاوكات نووسەر دەیەوێ خوێنەرو نەوەی تازە تێبگەیەنێ كە خوێندنەوەو كتێب بایەخی گەورەیان هەیەو دەتوانن رۆڵی گەورە بگێڕن لە وشیاركردنەوەی كۆمەڵگاو بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆری، وەك ئەو نووسەرەی دەڵێ هەر لاپەڕەیەكی كتێبێك دنیایەكی جیاوازە.

‎ئەوەی لای من مایەی سەرنجە، نووسەر لە سەرەتاوە تا كۆتایی رۆمانەكەی لە فەزایەكی خەم و نائومێدیدا نووسیوە، هەرچەندە چیرۆكەكان جوان بن و رووداوی دڵخۆشكەر رووبدەن، لە كۆتاییدا خوێنەر كێش دەكاتە نێو رووداوگەلی گەورەی خەمهێن و كۆتاییەكی كراوە بە خوێنەر دەداو دوایین بڕیاری مەرگ و ژیانی ئومێدی كتێبفرۆش دەخاتە بەردەم تۆی خوێنەر.

‎ماوەتەوە وێڕای دەستخۆشی لە نووسەری بەتواناو رەخنەگری بواری ئەدەبی سابیر رەشید، هیوابخوازم مێژووی هەولێرو سەرجەم شارەكانی تری كوردستان، ئەو رووداوە گەورەو گرنگانەی روویانداوەو بوونەتە بەشێك لە مێژووی پڕشنگداری گەلەكەمان، وەك ئەدەبی بەرەنگاری بنووسرێنەوەو تۆمار بكرێن، ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە دەمی كاراكتەرەكان دەیبیستین پێویستە تۆمار بكرێن و وەك بەشێك لە مێژووی پڕ سەروەری گەلەكەمان بمێنێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن